تێڕوانینی کلاسیکی بۆ گەنج لای حزب

11:13 - 2022-12-07
بێستون عەلی
322 خوێندراوەتەوە

هەندێک حزبی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دوا مۆدێلی حزبیی جیهانییە، ئەو شێواز و هەیکەلەی بەشێک لە حزبە سیاسییەکان لەسەری دەڕۆن، تەقلیدین و خۆری گەشە و فراوانبوونیان بەرەو ئاوابوون دەچێت، ئەو پەیڕەوکردن و ریتمە حزبییە کاری کردۆتە سەر بۆچوونی هاووڵاتیان و هیچ ئومێدێکیان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان نەهێشتۆتەوە، چونکە کۆمەڵگەی گەشەسەندووی زیندوو، پێویستی بە رێکخراو و حزبی نوێ و گونجاو بە کۆمەڵگە هەیە. 
بەشێک لە بێئومێدیی خەڵک بەتایبەتی گەنجان، لەو ستایلی حزبایەتییە تەقلیدییە کاریگەریی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش دانابوو، زۆر جار حزب هەیە کە نە کوالێتی و نە کارەکتەرەکانی و نە پڕۆژە سیاسییەکەی گرنگن، بەڵام نمایشی مەکینەی راگەیاندن و سوود وەرگرتن لە خاڵی لاوازی خەڵک بەتایبەتی گەنجان، وایکردوە بەشێک لە دەنگی حزبەکانی تر بەرێت، هەرچەندە لەدەستدانی ئەو دەنگانە کاتییە، بەڵام گرنگە حزبی سیاسی خۆی لەگەڵ سەردەم و بۆچوونی زۆرینەی کۆمەڵگە بگونجێنێت، زەمینە خۆش بکات بۆ خزمەتی کۆمەڵگە و فراوانبوونی بەرنامە سیاسییەکانی و گۆرانکاریی تێدا بکات و ببێتە حزبی سەردەم و گەنجانی کۆمەڵگە بە ئاراستەی خزمەتی گشتی بەرێت.
یەکێتی وەک حزبێکی گرنگ و خاراو بە رەخنەی خەڵک و مانەوەی و سەرکەوتنی، پێویستە لەم کارەشدا پێشەنگیی خۆی بپارێزێت، چونکە سەرۆک و زۆرێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی گەنجن، پێویستە بە سوودوەرگرتن لە تێکۆشەرە دێرین و بە ئەزموونەکان، گەنجانیش جیاوازتر و دوورتر لە چوارچێوەی رێکخراوی تەقلیدی لە کۆمەڵگەدا بەکاربهێنێت و بتوانن ئەو گەنجانە وەک مادەیەکی خاو، کارەکتەری سیاسی و گرنگیان لێ دروستبکرێت.
ئەوەی هاوکار و کاریگەرە لە سەرکەوتنی ئەم پرسەدا، پشتیوانی و هەماهەنگی خەڵک و هەندێک لە لایەنەکانە کە نزیکن لە دید و بۆچوونی یەکێتییەوە، چونکە ئەمڕۆ گەنج هێزی گەیاندنی کۆمەڵگەیە بۆ کەناری ئارامی و پێشکەوتن. 

گەنجان بۆ بەدیهاتنی خواستەکانیان، هیوایان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە

وتارەکانی نوسەر