دیوە شاراوەکەی جەنگ و ململانێکان

10:10 - 2023-12-05
بێستون عەلی
175 خوێندراوەتەوە

بێستون عەلی 


لەهەموو ململانێیەکی سیاسی و سەربازیدا، دوو دیوو هەیە، ئەو دیوەی بە ئاشکرا قسە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، یاخود ئەو دیوەی کە پلانەکانی تێدا جێبەجێ دەکرێت.
ئەگەر شرۆڤە بۆ دوو شەڕی تازە و  هەنووکەیی بکەین، دەکرێت شەڕی ئۆکرانیا و روسیا ، یاخود ئیسرائیل و حەماس وەک نموونەی زیندوو وەربگرین کە ئۆکرانیا و غەزە بوونەتە قوربانیی ململانێی نێوان دوو زلهێزی جیهانی و دوو دژبەر و نەیاری یەکتری کە روسیا و ئەمریکان. 
ئەو دوو زلهێزە جیهانیە لەکوێ بزانن هێزیان لەکورتیدایە، تەنگەژەیەک دروست دەکەن و پارسەنگی هێزی پێ راست دەکەنەوە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی لەژێر هەژموونی ئەو دوو زلهێزەدان.
ئەمریکا و روسیا، لە جەنگدا جگە لە بەدیهێنانی بەرژەوەندییە سیاسی و سەربازییەکانیان، دەستکەوت و بازاڕێک بۆ کۆمپانیاکانیان دەکەنەوە و بە دەیان ملیار دۆلار لە بەدەستهێنان و فرۆشتنی چەک و جبەخانەکان بەدەستدەهێنن و ئەو وڵاتانەش کە دەکەونە بازنەی جەنگەکەوە، دووچاری قەرزێکی زۆر دەبنەوە، ناچار تا بەدیهاتنی ئامانجەکانیان ئەو زلهێزانە وەک کۆنترۆڵ دەیانکەنە گۆڕستانی بەرژەوەندییەکانیان!
ئەگەر ئەم بابەتە مەترسی هەبێت بۆسەر بەرژەوەندیی کورد لەناوچەکەدا، ئەوا بێگومان هەڵەین، چونکە ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی ستراتیژین و  بۆ کورد نایانگۆڕێت، بەڵام بۆ ئەوەی کورد هەمیشە پێگەکەی لە دەستنەدات، دەکرێت ئاستی بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت لەگەڵ ئەمریکا، هێڵێکی ناوەند هەڵبژێرێت نە دوور بێت، نە ئەوەندە نزیک کە کۆنترۆڵ بکەوێتە دەستی هێزە بیانییەکان. 
نابێت بیرمانبچێت هەریەک لە ئێران و تورکیا و روسیا لە گۆڕەپانەکەدا رۆڵیان هەیە، بۆ کورد زۆر ترسناکە لەم جەمسەر و ناوەندە نێودەوڵەتییانەدا بە تەنها لایەک هەڵبژێرێت، چونکە شەڕ دوو دیوی هەیە، دیوێک دەبینرێت و دیوێکی نهێنی و شاراوەیە و مەترسیدارە و ناوەڕۆکی ئامانجی شەڕەکەی تیا دانراوە.
بۆ ئەوەی کورد کاریگەر بێت، پێویستە زۆر بە جدی هانی دەنگدەرانی ناوچە جێناکۆکەکان بدات و ئەو کاریگەرییە بسەلمێنێت کە کورد تا ئێستاش کاریگەرترین هێزە، بێدەسەڵاتکردنی لە قازانجی هیچکام لە بلۆکەکانی ململانێکان نییە، لەگەڵ ئەوە حیکمەتی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ئەو ستراتیژە قوربانی و کات و وردبینی و لەخۆبوردنی دەوێت، کێش ئەو بەرێوەبردنە دەخاتە سەر رێرەوی خۆی؟ 
جەنگەکان لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی نییە، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچە و وڵاتانەی جەنگەکە لەسەر خاکەکەیان بەڕێوەدەچێت.

لە جەنگدا، سیاسییەکان کورسی لەدەست دەدەن، خەڵکیش ماڵ و گیانیان

وتارەکانی نوسەر