کەرکوک و ئایندە

10:38 - 2023-11-22
بێستون عەلی
199 خوێندراوەتەوە

شاری کەرکوکی کوردستانی و شاری پێکەوەژیان، خاوەنی کۆمەڵێک رەهەندی جیاو کەلتور و پێکهاتەی هەمەچەشنە، کە جگە لە کورد، عەرەبی رەسەن و عەرەبی هاوردە و تورکمان و کلدۆ ئاشووری تێدا نیشتەجێیە و تێکەڵن و خەڵکێکی شارستانین، ساڵانێکە رێز لەیەکتریی دەگرن و بەجۆرێک لەجۆرەکان چەند خێزانێک خوێنیان تێکەڵبووە، بۆ نموونە کورد و تورکمان، کورد وعەرەب و عەرەب و تورکمان، هەموو ئەو پێکهاتە و هاوخوێنییە شارەکەی جوانتر کردووە، هەرگیز ئەو تێکەڵبوونە کوردستانیبوونی کەرکوکی کاڵ نەکردۆتەوە و جوانتری کردووە، بەڵام ئەوەی لە چەند ساڵی رابردووی حوکمڕانیی بەعس دۆخی کەرکوکی شێواندووە کە ئێستاش کۆمەڵێکی کەمی هێز و کەسایەتی سیاسی عەرەب و تورکمان کە هاوشێوەی بەعسییەکان بیردەکەنەوە و دەیانەوێت بەهەر نرخێک بێت دۆخی شارەکە و خەڵکەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و ئەجێندای دەرەکی بشێوێنن و زۆرجار شارەکە و خەڵکەکەی بەکاردەهێنن بۆ نانەوەی نائارامی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ململانێی مەزهەبی. ئەمەش وایکردووە شاری کەرکوک وەک شارێکی ناسەقامگیر نیشان بدەن بە مەرامی سیاسی. ‎
پارێزگاری بەوەکالەت
هەنووکە پارێزگاری سەپێنراوی شارەکە بەوەکالەتە کە عەرەبێکی سوننەیە و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەوڵ دەدات بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە لەڕێی نایەکسانی و نادادپەروەری لە خزمەتکردنی ناوچە جیاجیاکان و فەرامۆشکردنی گەڕەک و ناوچە کوردییەکان ی سەربە پارێزگاکەیە کە هەرچی پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەیە بۆ گەڕەکە عەرەبنشینەکان و حەویجە و ریاز جێبەجێ دەکرێت و بەدەیان دۆنم زەویی کورد داگیردەکرێت و گەڕەکی نوێ و  شوقەی تێدا دروست دەکرێت، کە دراونەتە عەرەب کە هەندێکیان هاوردەی نوێن.
ئێستاش کەرکوک لەبەردەم پڕۆسەیەکی چارەنووسسازدایە، بۆیە پێویستە کەرکوکییەکان بەدەنگدان کۆتایی بە خۆسەپێنی و حوکمی سەربازی بهێنن و کورد ئیدارەیەکی مەدەنی و دادپەروەر وەربگرێتەوە، بۆئەوەی بەشێوەی یەکسان مافی پێکهاتەکان بدرێت و جیاوازی نەکرێت لەنێوان نەتەوە و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی پارێزگاکەدا، بەتایبەتی کە ئێستا «لیستی ١٤٢ی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە» لەپێشەنگی لیستەکانە و ئومێدی زۆری کورد و دەنگدەر و نەتەوە رەسەنەکانی کەرکوکە و پێویستە هەمووان دەنگ بەو لیستە بدەن و زۆرترین دەنگی کەرکوک بەدەستبهێنێت.
ئیرادەی خەڵکی کەرکوک و دەنگدان بەلیستی ١٤٢، تاکە هەڵبژاردەیە و تاکە ئومێدە تا کەرکوک و خەڵکەکەی لە دەست نەزعەی شۆڤێنیستی رزگاری ببێت و ئایندەی شارەکە لەلایەن رۆڵە بەئەمەک و هەڵبژێردراوەکانی کەرکوکەوە دیاری  بکرێت و خزمەتگوزاری و پێکەوەژیانی ئایندەی کەرکوک زامن بکەن.
ئێستا «لیستی ١٤٢ی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە» لە پێشەنگی لیستەکانە و ئومێدی زۆری دەنگدەر و کوردی کەرکوکە و پێویستە هەموان دەنگ بەو لیستە بدەن.

وتارەکانی نوسەر