کورد لە ناو گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا

10:41 - 2023-10-26
بێستون عەلی
312 خوێندراوەتەوە

بێستون عەلی 

 

گۆڕانکارییە خێراکان، رووداو و پێشهاتەکان پێشبینی نەکراون، جیهان بۆخۆی لە هەژانێکی نادیاردایە، دونیابینی سیاسییەکانی جیهان چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکان دەکەن.
پێشتر جەنگی ساردی نێوان روسیا و ئەمریکا هەبوو، دواتر درێژەی کێشا بۆ جەنگی جەمسەربەندی و دابەشبوونی جیهان بۆ سێ ئاستی پۆلێنکراو، ئەم جیاوازی و ململانێیە لە جەنگی ئۆکرانیا و روسیاوە زیاتر دەرکەوت و هاوپەیمانیی جەمسەربەندیی خۆرئاوا و ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانیی و جەمسەربەندیی روسیا و ئێران و چین کەوتنە دژایەتی یەکتر، تا وایلێهات ئۆکرانیا بکرێتە قوربانیی خواستە سیاسییەکانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپا، لەلایەکی تریش غەززە بخزێنرێتە خزمەت ململانێی روسیا و هاو ئامانجەکانی، وەک چاودێران دەڵێن چۆن ئەمریکا روسیای بە ئۆکرانیا گرفتار کردوە، روسیاش ئیسرائیلی تووشی کێشەکردوە و حەماسی خستۆتە ناو ململانێی نێودەوڵەتییەوە.
لە راستیدا ئۆکرانیا و حەماس شەڕی بە وەکالەتی جەمسەر و زلهێزەکان دەکەن.
لە نێوان هەردوو جەمسەربەندی ئەمریکا و روسیادا، کۆمەڵێک وڵات لە ناوچەکە و جیهان کاریان تەنها گەڕانە بەدوای بەرژەوەندییە سیاسییەکانیاندا، لێرەدا خەڵکی مەدەنی باجەکەی دەدەن، چونکە جەنگەکە بەجۆرێک فراوانە خەڵکی مەدەنی تەنها ئاگریان پێ هەڵدەگیرسێنرێت، وڵاتەکانیان تەختی زەوی دەکرێت و خەڵکەکەی دەکوژرێت و دواتر سەرکردەی جەنگەکان کە روسیا و ئەمریکان لەسەر بەرژەوەندییەکان رێدەکەون و بەکۆمەڵێک هاوکاری رەمزی قەناعەت بەلایەنی جەنگەکان دەهێنن.
لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست غەزە باجی ئەمریکا دەدات بۆ بەرژەوەندیی روسیا و خۆرئاوای کوردسانیش  باجی نزیکبوون و دۆستایەتییان لەگەڵ ئەمریکا دەدەن. 
ئەو جەنگانە لە رواڵەتدا بچووکن، بەڵام کاریگەریی زۆر خراپ و خێرایان هەیە و جیهانیان خستۆتە ژانگرتنێکی سیاسی و بەدڵنیاییەوە بۆ ئێمەی کوردیش کاریگەریی دەبێت .
ئەوەی زۆر گرنگە پێویستە کورد خۆی لەو ململانێیە دوور بگرێت، نەبێتە خاڵی چاوتێبڕین و نەچێتە خانە و بەرەی هیچ جەمسەرێکی جیهانییەوە، هەرچەندە  ناڕاستەوخۆ لەسەر جەمسەری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی حساب دەکرێین، بەڵام دەبێ بێدەنگی هەڵبژێرین و دوورە پەرێز بین و سەرقاڵی رێکخستنەوەی ناوماڵی خۆمان بین، هەوڵبدەین ئەو درز و کەلەبەرانەی هەیە لە نێوان خودی حزبەکان، یاخود ئەو بۆشاییەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند هەیە پڕبکرێتەوە. 
گرنگە چاودێری دۆخەکە بین، چونکە ئێمەی کورد بەو دۆخە نالەبارەی ئێستا تیایداین بەرگەی گورزێکی سەربازی و سیاسی ئەو وڵاتە زلهێزانە ناگرین، کورد پێویستیی بە تەبایی و ئاشتی ناوماڵی کورد هەیە، ناکرێت بکەوێتە ناو جەمسەربەندییەوە.
بە رای چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی، ئەو جەنگە لێرەدا ناوەستێت و بەرژەوەندیی کۆمەڵێک وڵات دەخاتە مەترسییەوە و ئەگەر هەیە ئەو ژانگرتنە ببێتە هۆی گۆڕانی نەخشە رێگای جەمسەرە گەورەکانی جیهان.

 

ئەگەر ژیریی لە مامەڵە سیاسییەکاندا بەکاربهاتایە، شاری غەزە  وێران نەدەبوو

وتارەکانی نوسەر