وردتر

بەهای دۆلار ساڵی 2023 دا

11:05 - 2022-12-27
لەشکر حەمە ساڵح
294 خوێندراوەتەوە

ئەم چەند رۆژە بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دیناری عیراقی بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمار كردووە. پێشبینی دەكرێت؛ ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە درێژە بكێشێت، دوور نییە بەهای دینار پاشەكشەی زیاتر بكات لە بەرامبەر بەهای دۆلاردا و ئاستی پێوانەیی و مێژوویی تۆمار بكات. بەرپرسان و شارەزایانی ئەو بوارە، هۆكاری سەرەكی بارودۆخەكە دەگەڕێننەوە بۆ بارودۆخی سیاسی، بەدیاریكراوی فشاری ئەمریكا و ململانێكانی لەگەڵ ئێراندا.
ساڵانێكی زۆرە عیراق بۆتە یەكێكە لە مەیدانە گرنگەكانی ململانێی ئەمریكا و ئێران، بۆیە گەڕاندنەوەی ئەو بارودۆخەی بەسەر دیناری عیراقیدا هاتووە بۆ ئەو ململانێیە، تا رادەیەكی زۆر بەشێك لە هەقیقەتی تێدایە. بە تایبەتی ئەگەر ئەوە رەچاو بكەین كە هەر لەم ماوەیەدا بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، ئەویش گۆڕانكاریی گەورە و كاریگەری بەسەردا هاتووە. هەروەك چۆن پێشتر بەهای دۆلار بەرامبەر لیرەی توركی و لیرەی سووری بەرزبوونەوەی مێژوویی و بەرچاوی تۆمار كردووە.
راستە ئەم گرفتە ئابووری و داراییەی سەریهەڵداوە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێویی خەڵك دەبێت لە عیراق و كوردستان و ئێران، لێ هۆكارە سەرەكییەكە سیاسییە نەك شتێكی تر، پێناچێت سەبەبكارانی بارودۆخەكەش بەلایانەوە گرنگ بێت خەڵكەكە چی بەسەردێت؛ زەرەری بەردەكەوێت و جووڵەی ئابووری پەكیدەكەوێت، چونكە لە بنەڕەتدا ململانێ و ركابەریی واشنتۆن و تاران لەوە دەرچووە ململانێیەكی سنووردار بێت، بەڵكو گشتگیر و سەرتاسەرییە، نەك ئابووری و دارایی، بگرە داخڵی زۆربەی بوار و وردەكارییەكانی ژیان بووە، هەر ناوچەیەكی دیاریكراویش ناگرێتەوە بەڵكو پەل و پۆی بۆ هەموو شوێنێك درێژ بۆتەوە. بۆیە رەنگە كاتێك عیراق هۆكار و سەبەبكاری بارودۆخەكە نییە و پزیسكی ئاگرەكەی بەركەوتووە، لێدوان و شیكردنەوەی بەرپرسانی عیراق لە بارەی پاشەكشەی بەهای دینار بەشێك لە هەقیقەتی لە ئامێزی خۆیدا حەشارداوە بەتایبەتی لەو رووەوە كە پێیانوایە ئەم بارودۆخە درێژە ناكێشێت.
رەنگە بەرپرسان و كەسانی پەیوەندیداری عیراقی درك بەمەترسی و هەقیقەتی هەڕەشەكان بكەن و ئەوەش دەزانن كە بەشێكی كەمیان بۆ بڵاوكردنەوە و باسكردنن و زیاتر لەو دیووی میدیاوە مشتومڕیان لەبارەوە دەكرێت، بەڵام ئەوەی كە بۆ باسكردنە ئەوەیە كە ئەم بارودۆخە درێژە ناكێشێت، بە تایبەتی لەم كاتەدا كە حكومەتێكی تازە لە عیراقدا دەستبەكاربووە و گوڕ و تینێكی زیاتری هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بە تایبەتی كێشەی گرنگ و هەستیاری وەك بەهای دینار بەدۆلار كە پەیوەندیی بە دوو مەسەلەی گرنگەوە هەیە كە ئەوانیش بریتین لە بژێوی خەڵك و ئارامی سەقامگیریی ناوخۆیی لەگەڵ گەڕاندنەوەی داهاتی نەوتی فرۆشراو لە بازاڕەكانی جیهان كە ئەویش هەر بە دۆلارە و لە ژێر هەژموونی دۆلار و كاریگەری و كارتێكەرەكەیدایە.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە بەشێكی زۆری چاودێران پێیان وابوو حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی رووبەڕووی فشار و كێشەی جۆراوجۆر دەبێتەوە لە پێش هەمووشیانەوە لەو لایەنانەوە كە داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەن، بابەتێكی مەترسیداری وەك پاشەكشەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، بەو ئاستە پێوانەییەش!

وتارەکانی نوسەر