خەباتی ژنان لە سویسرا

11:07 - 2022-12-27
ئاری مەحمود قەرەداغی
420 خوێندراوەتەوە

هەرچەندە لە هەندێک وڵاتی جیهان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، مافی دەنگدانی ژنانیان ناساند و بەپێی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤیش، مافی دەنگدانیش لە ساڵی 1948ەوە مافێکی گشتگیری مرۆڤە. بەڵام لە سویسرا پیاوان بۆ دەیان ساڵ ئەم مافەیان لە ژنان سەندەوە.  هەتاوەکو ساڵی 1971 مافی دەنگدان بە ژنانی سویسرا نەدراوە. لەمەشدا ژنانی سویسرا خاوەنی مێژوویەکی درێژن لە خەبات بۆ وەرگرتنی مافەکانیان. هەرچەندە تا ئەمڕۆش ئەو جیاوازییە لە نێوان ژنان و پیاوان هەر ماوە، بەتایبەتی لە رووی موچە و هەلی کارەوە. 
مێژووی خەباتی ژنان
بزووتنەوەی ژنانی سویسری  مێژوویەکی کۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستەکانی سەدەی 19. لە ساڵی 1868 ماری گۆگ پووچۆلین لە جنێڤەوە کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی ژنانی دامەزراند، کە یەکەم رێکخراوی نێودەوڵەتی ژنان بوو، زیاد لە پێویستیش رادیکاڵ بوو. لە ساڵی 1886دا لە گەشتێکی وتاردان بەناو سویسرادا، نووسەر مێتا ڤۆن سالیس، چەندینجار مامەڵەی نایەکسانی لەگەڵ ژناندا ئیدانە کرد. لە ساڵی 1896 یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی ژنان لە جنێڤ بەڕێوە چوو. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانیش، مافی دەنگدان بوو بۆ ژنان.
جەنگی جیهانی یەکەم، لە ناو  گەلانی دیکەی ئەوروپادا،  سەلماندی کە ژن  بزوێنەرێکی سەرەکییە،  بۆیە لە هەندێک دەوڵەتدا، ژنان مافی دەنگدانیان وەرگرت. بەڵام ژنانی سویسری لە لەمەدا دواکەوتن.  هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی سیاسی لەسەر ئاستی کانتۆنەکان شکستی هێنا. تەنانەت دوای جەنگی جیهانی دووەمیش، سەرەتا ئەو پرسە چانسی نەبوو لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نیشتمانی.
کاتێک لە گوندێکی کانتۆنی ڤالایس، لە ئۆنتەرباخ، هەڵبژاردنێکی ناڕەزایەتی هەبوو کە توانی ببێتە  مایەی گرنگی پێدانی میدیای نێودەوڵەتی. لێرەدا یەکەم ژنانی سویسری دەنگەکانیان خستە ناو سندوقی دەنگدانەوە، دواتر بە نادروست راگەیەندرا.
بەڵام مەسەلەکە هێواش هێواش گۆڕانکاری بەسەردا هات. لە هەندێک گوند، مافی دەنگدانی ژنانیان ناساند، دواتر کانتۆنەکانی ڤۆد و جنێڤ. هەروەها لە شەستەکانی سەدەی رابردووشدا، نەوەیەک لە چالاکوانانی ژن چوونە ناو ئەڵقەی سیاسییەوە، کە چیتر ئەوەندە پشتیان بە تۆڕ و لۆبیکردنی پیاوانی باش نەبەست، بەڵکو پشتیان بە یاخیبوون بەستبوو.
نەیارانی مافی ژنان
بەدڵنیاییەوە بنەڕەتی ئەو تێڕوانینە خراپەی دژ بە مافی ژنان بەربڵاو بوو، کە ژن بۆ شتێکی تر لەدایک بووە جگە لە سیاسەت. نەیاران لە شەقامەکاندا  پۆستەریان هەڵدەواسی، کە منداڵانی پشتگوێخراو لە نەخۆشخانە کەوتوونەتە خوارەوە یان لەبەردەم دەرگا داخراوەکاندا وەستاون و دەگریان، شیردەرەکانی منداڵ کە تووشی مێش و مێشوولە و ژنە  لاواز و بێزارکەرەکان بوون.  لەو سەردەمەدا رۆڵی ژنی سویسری خزمەتکردنی ماڵ و منداڵ و هاوسەرەکەی بووە. بەڵام بەم بۆچوونانە، پیاوانی سویسری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تەنیا بوون، چونکە لە هەموو وڵاتانی جیهان، ژنان مافی دەنگدانیان وەرگرتبوو.
وەرگرتنی مافی ژنان
ساڵانە لە زیوریخ، لەو رۆژەی دەنگدانەکە لەدەست دەچوو، کۆمەڵەی ژنان مەشخەڵیان بەکاردەهێنا بۆئەوەی مافە رەتکراوەکانیان بیربخەنەوە، ژنانی گەنجتر دەچوونە دانیشتن و رێگەکانی هاتوچۆیان دەگرت. بەڵام لە ساڵی 1969 ژنان بە نەوەکانیانەوە رێپێوانیان کرد بۆ ناو پایتەختی فیدراڵی و داوای مافی هاوبەشی چارەنووسیان کرد.
ساڵێک پێشتر ئەنجوومەنی فیدراڵی ویستبووی رێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئیمزا بکات، هەرچەندە بە بڕگەیەک کە مافە سیاسییەکانی ژنانی بەدەر دەکرد. لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکان، بڕیاریدا جارێکی دیکە ئەم پرسە، گەل دەنگی لەسەر بداتەوە، ئەمجارەیان، لە ساڵی 1971، 3/2 پیاوەکان دەنگیان دا بە مافی دەنگدان بۆ ژنانی سویسرا.
جیاوازییەکان لەرووی کار و موچەوە
لە دوای ساڵی 1971 کە ژنان مافی دەنگدانیان وەرگرت لە مادەی دەستووری تایبەت بە مافی یەکساندا، هاتووە، «ژن و پیاو مافی یەکسان و موچەیان هەیە بۆ کارێکی بەهای یەکسان». هەروەها یاسای دەرفەتە یەکسانەکان  بە روونی هەر جۆرە جیاکارییەک لە پەیوەندییەکانی کارکردندا قەدەغە دەکات، بە تایبەت سەبارەت بە موچە  بەهۆی رەگەزەوە.
بەڵام ئامارە رەسمییەکان واقیعێکی زۆر جیاواز نیشان دەدەن. (نوێترین زانیاری بەردەست)،مامناوەندی موچەی گشتی لە سویسرا 6011 فرەنکی سویسری بووە لە مانگێکدا بۆ ژنان و 6830 فرەنکی سویسری بۆ پیاوان، کە جیاوازی 12 % بووە.
جیاوازییەکە لەوە زیاتر بوو ئەگەر تەنها سەیری کەرتی تایبەت بکەیت، لەوێ ژنان بە رێژەی 14.6 % کەمتر لە هاوکارە نێرەکانیان داهاتیان هەیە. تەنها بەشێک لەم بۆشاییە دەتوانرا بە هۆکاری بابەتیی وەک جیاوازی ئاستی خوێندن، ساڵانی خزمەتکردن یان رۆڵی کۆمپانیاکە روون بکرێتەوە.
لە رووی سەعاتەکانی کارکردنەوە، کەلێنێکی گەورەی تایبەت بە رەگەز هەیە. بە پێچەوانەی پیاوان، زۆربەی ژنانی دامەزرا و بە شێوەیەکی نیوەکاتی کار دەکەن. زۆرجار ئەمەش بەو مانایەیە کە ژنان ئاستی موچەیان کەمترە.
هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی ژنان بۆ  کاری نیوەکاتی، دەگەڕێتەوە بۆ بەخێوکردنی  منداڵەکانیان، دواتر بەرپرسیارێتی خێزانی دیکە. لە بەرامبەردا پیاوانی نیوەکاتی دەیانەوێت شاگردی، یان خوێندن بکەن، یان بە سادەیی ئارەزووی کاری تەواو کاتیان نییە. ئەم جیاوازییە لە دابەشکردنی نایەکسانی کاری ناوماڵدا دەردەکەوێت کە تا ئێستاش بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ژنانەوە لە سویسرا دەکرێت.
کەمی موچە و کاری نیوەکاتی و مۆڵەتی دایک و باوک، بەردەوامە لە بێبەشکردنی ژنان دوای خانەنشین بوون. تێکڕای خانەنشینی مانگانەی ژنان لە بیمەی پیریی و لە سەرووی هەمووشیانەوە لە خانەنشینی پیشەیی، کەمترە لە چاو پیاوان.
جیاوازی لە دامەزراوە حکومی و سیاسییەکاندا
جیاوازی رەگەزی نەک تەنها لە کار و خێزاندا هەیە. هەروەها ژن و پیاو لە دامەزراوە سیاسییەکاندا نوێنەرایەتی نایەکسانیان هەیە. بۆ نموونە لە حەوت وەزیرەکەی سویسرا، لە 43 % ژنن و 57 % پیاون.  لە 200 ئەندامەکانی ئەنجومەنی نیشتیمانی سویسرا  لە 32 % ژنن و لە 68 % پیاون. لە 46 ئەندامەکەی ئەنجومەنی کانتۆنەکانی سویسرا لە 15 % ژنن و لە 85 % پیاون. لە حکومەتی کانتۆنەکانی سویسرا لە 25 % ژن و لە 75 % پیاون. لە پەرلەمانی کانتۆنەکانی سویسرا لە 29 % ژن و 71 % ی پیاون. لە ئەنجومەنی سەرۆکایەتی شارەوانییەکان لە 27 % ژن و لە 73 %پیاون. لە ئەندامانی پەرلەمانی شارەکان لە 32 % ژن و   لە68 % پیاون.
سەرچاوەکان:
www.tagesanzeiger.ch/1
www.nzz.ch/2

 

وتارەکانی نوسەر