دەفتەرەكانم

کۆمێنت

12:16 - 2022-04-05
شیرین. ک
564 خوێندراوەتەوە

(1)
ئەو كاتەی خوێندنەوە بوو بە خولیام و باڵاترین چێژی پێبەخشیم، تێگەیشتم هیچ شتێكی دی ناتوانێت وەكو خوێندنەوە بەخۆیەوە بمبەستێتەوە و لە دەوروبەر دامببڕێت، جووتێك باڵم پێببەخشێ و بەرەو دنیایەكم ببات لە دەرەوەی ئەم دنیایەی تیایدا دەژیم، هەر ئەوسا دەفتەر و قەڵەمێكیشم لای خۆمەوە دانا بۆ نووسینی سەرنج و تێبینییەكانم لەبارەی ئەو كتێبەی دەمخوێندەوە هەر وەكو چۆن لە سەردەمی ئینتەرنێت و سۆسیال میدیادا من و تۆی خوێنەر زۆرجار كە پۆستێك دەخوێنینەوە كۆمێنتێك دەنووسین لەبارەی پۆستەكەوە كە رەنگە پۆزەتیڤ بێت یان نێگەتیڤ، درێژ بێت یان كورت، ئەو كاتەش جگەلە راوبۆچوونی خۆم لەبارەی كتێبەكەوە هەندێك دێڕ و پەرەگراف كە پێیان سەرسام دەبووم  تۆمارم دەكردن، نووسینەكانی ئەو دەفتەرانەم كورتن هەندێجاریش پچڕپچڕن، رەنگە بۆ خوێنەری ئەو دەفتەرانە ناحاڵی بن، هەندێكجار بە زمانی عەرەبی تێبینییەكانم نووسیوە، زۆربەشی بە كوردی.

دەفتەرەكان هەندێكیان گەورە و سەد لاپەڕەیی و زیاترن، هەندێكیشیان بیست سی لاپەڕە دەبن، زۆربەی نووسینەكان بە قەڵەم جاف نووسراون، دەفتەری وام هەیە تۆماری خوێندنەوەی یەك ساڵی تیایە، دەفتەری واش هەیە تۆماری هەشت نۆساڵی تیایە، ساڵ بە ساڵ لەگەڵ بەردەوامیم لە خوێندنەوەدا ئەو دەفتەرانە زیادیان كردووە، بەڕاستی ئێستا نازانم چەند دەفتەری وام هەیە، لەبەرئەوەی  ئەمەندەم ماڵ گواستۆتەوە، ئەمەندە كتێب و دەفتەر و فایل و وەرەقەم خستۆتە فەردە و كارتۆنەوە كە خۆشم نازانم، رەنگە هەندێكیان بزر بووبن، ئێستا ساڵێك زیاترە ماڵم گواستۆتەوە كە هیوادارم دواجارم بێت، هێشتا زۆربەی دەفتەر و كاغەز و شتی تایبەتی خۆم لە كارتۆندان، جارێ شەش دەفتەرم لەبەر دەستایە، بۆیە مەرج نییە ئەو نووسینانەم بەزنجیرە بە پێی ساڵ بڵاوبكەمەوە، ئەمانە كۆمەڵە نووسینێكن رەنگە نەزانم ناونیشانیان بۆ دانێم، ساڵانێكە ئەم شتە لە خەیاڵمایە و دەمەوێ بیكەمە گۆشەیەك، بەڵام تاقەت و توانا و میزاجم نەبووە ئەو كارە بكەم، هیوادارم بتوانم بەردەوام بم.

کۆمێنت، گۆشەیەکی نوێی هەفتانەیە.

وتارەکانی نوسەر