لێگەڕێ با تێپەڕێ، لێگەڕێ با کار بکات

10:20 - 2022-12-29
فەیسەڵ عەلی
436 خوێندراوەتەوە

پەرەسەندنێکی سەرنجڕاکێشی پەیوەندیی بازرگانیی نێودەوڵەتیی ئەم ساڵانەی دووایی، گەڕانەوەی سیاسەتی پارێزگاریی بازرگانییە، دوای دوو سەدە و نیو لەو پرنسیپەی کە سیستمی سەرمایەداری پەیڕەوی لێدەکرد، بەتایبەتیش ئازادیی بازار بەپێی پرنسیپی (لێگەڕێ با تێپەڕێ، لێگەڕێ با کار بکات)،  پرنسیپە بنچینەییەکەی سیستمی سەرمایەداریی لیبڕالی کە پەیڕەوی لێدەکرا و بانگەشەی زۆریشی بۆ دەکرا، بەتایبەتیش دوای دووەمین جەنگی جیهان و لە میانی جەنگی ساردیشدا، دوای ئەوەی دەوڵەتانی بلۆکی خۆرهەڵات رەسم و کۆتوبەندی بازرگانییان بۆ پاراستنی بەرهەمەکانیان سەپاند. پەرەسەندنەکانی ئەم دوواییە، تەرازووی هێزە ئابوورییەکانی گۆڕی و ناچاری کردن چاو بەو ئاراستە بازرگانییەدا بخشێننەوە، بەتایبەتیش دوای جەنگی روسیا و ئۆکراین، کە کاریگەریی زۆر گەورەی کردە سەر گەیاندنی کاڵا (بەتایبەتیش) وزە بە بازاڕەکان.
پشتیوانیی گەشەی پیشەسازیی
بەر لە قسەکردن لەسەر ئاسۆی ئەو ئاراستەیە و دەرهاویشتەکانی، وا پێویست دەکات ئاماژە بۆ دوو لایەنی گرنگ بکرێت، یەکەمیان، پرنسیپی (لێگەڕێ با تێپەڕێ، لێگەڕێ با کار بکات)، ئەم قسەیە لەگەڵ دەستپێکی ئابووریی ئامێر و گۆڕانی کۆمەڵگەی خۆرئاوا بەرەو پیشەسازی وترا، کە پیشەسازیی ئەوکات پێویستیی زۆری بە کەرەستەی خاو بوو، ئەو کەرەستانەش بە زۆری لە دەوڵەتانی دواکەوتوودا هەبوون، پرۆسەی گواستنەوەی ئەو کەرەستانە ئازادیی کردنەوەی بازاڕەکانی دەخواست تا بە تێچوونێکی زۆر هەرزان هاوردە بکرێن و لێوەی پشتیوانیی گەشەی پیشەسازیی نوێی خۆرئاوا بکرێت.

بانگەشەی کرانەوە بە  رووی بازاڕدا
دووەمیان، لە پرنسیپەکەی فۆکۆمایا-وە دەستی پێکرد، کە دەڵێ: «کۆتایی مێژوو لە سەرکەوتنی خۆرئاوا لە جەنگی سارددا دەستەبەر بوو»، ئەوەش وای لە هێزە کاراکانی ئابووری کرد بانگەشەی کرانەوەی بازاڕەکان و ئازادکردنی بکەن، لایەنی سەرکەوتوو رێساکانی گەمەی نوێ دیاری دەکات، لەبەرئەوە لە ساڵی ١٩٩٥دا تەواوکردنی رێکەوتنی (گات) و گۆڕینی بۆ رێکخراوی بازرگانیی نێودەوڵەتی راگەیاند، کە ئەرکەکەی نەهێشتن یان سوککردنی کۆت و بەندە بازرگانییەکانی بۆ نزمترین ئاست بۆ دیاری کرا.
بەڵام رووداوە یەک لە دوای یەکەکان بەرئەنجامە خێراکەی فۆکۆمایای بەدرۆخستەوە، لەگەڵ ئەو کەوتنە گەورەیەی بلۆکی خۆرهەڵاتدا، هێشتا جیهان لەناو گێژاوی جەنگ و ململانێی قورسدایە، ئەم جەنگ و ململانێیانەش  مەترسیدارترن لەوانەی کە لە نێوان هەردوو بلۆکی خۆرئاوا و خۆرهەڵات لە میانی جەنگی سارددا روویاندا، بە بەڵگەی ئەوەی کێبڕكێی توندی ئابووریی گەڕانەوە بۆ پارێزگاریی بازرگانی سەپاند، وەک هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی لە تەرازوویی هێزە ئابوورییەکاندا هاتوونەتە ئاراوە.

زیادکردنی گومرگ لەسەر یەکتر
مەترسیی پارێزگاریی بازرگانی لەوەدایە، کە لە چوارچێوەی یەک سیستمدا دەسوڕێتەوە، بەجۆرێک دەبینی رواڵتەکانی لەسەر چەند ئاستێک دەردەکەون، لە نێوان ئەمریکا و چین، کە دوو دەوڵەتی گەورەی ئابوورین، خۆرئاوا هەوڵدەدات گومرگ لەسەر هاوردەی شمەک لە چینەوە بەرز بکاتەوە و کۆتوبەندیش بۆ سەر هەناردەی خۆی بۆ ئەو دەوڵەتە زیاد بکات، بە تایبەت بۆ سەر ئەو کاڵایانە بۆ پیشەسازیی نوێ زۆر هەستیارن. 
لەم دواییانەدا ئەمریکا کۆتوبەندی خستەسەر هەناردەی 36 دامەزراوەی چین، چینیش لای خۆیەوە ئەنجامدانی ریفۆرمی دارایی و نەختینە رەت دەکاتەوە، کە خۆرئاوا گوشاری خستۆتەسەر بۆ ئەوەی ئەنجامی بدات و بەهای دراوی چینی پێ بەرز بکاتەوە، کە بەدوایدا بەرزبوونەوەی نرخی هەناردەکراوی چین دێت.

ململانێی نابەرامبەر
بەڵام لەناو چوارچێوەی جیهانی خۆرئاوادا رێوشوێنەکانی پارێزگاریی بازرگانی شێوازی جیاواز و ناڕاستەوخۆی لەخۆ گرتووە، یەکێتیی ئەوروپا بە توندی ناڕەزایی لە دژی ئەمریکا دەربڕی سەبارەت بە پشتیوانیکردنی کەرتی پیشەسازیی، کە بەناوی پاراستنی کەشوهەواوە پشتیوانی لە ئۆتۆمبیلی کارەبایی دەکات، ئەمەش توانای کێبڕکێی بەرامبەر بە بەرهەمە ئەوروپاییەکان کە پشتیوانی ناکرێن، زیاتر کردووە، نموونەی ئەم ململانێیە بەسەر کێبڕکێی نێوان  هەردوو کۆمپانیای بۆینگ و ئێرباس-دا پراکتیزە دەبێت. ئاژانسی بلۆمبێرگ باس لەوە دەکات، کە ئیمانوێل ماکرۆن-ی سەرۆکی فرەنسا، داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە، کە بگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی وەڵامێکی بەهێزی ئەو پشتیوانییە سەوزەی ئەمریکا بدەنەوە، بەوەی ئەوە تایبتمەندییەکی نادادپەروەرانە بۆ پیشەسازیی ئەمریکای باکوور دەڕەخسێنێت. هەر یەک لە ژاپۆن و کۆریای باشووریش دەنگیان خستە پاڵ یەکێتیی ئەوروپا، ئەوەش گرژی لە نێوانیاندا دروست کرد.

سکاڵایەکی زۆر کەڵەکە بووە
پارێزگاریی بازرگانی، نەوت و بەرهەمە سەرەتاییەکانی تریشی گرتەوە، بە کاڵای خواردنیشەوە، ئەمەش دوو پرسی گرنگ دەگەیەنێت، یەکەمیان، دەستبەرداربوونی یەکێک لە گرنگترین پرنسیپەکانی ئازادیی بازرگانییە کە باوکی ئابووریی سەرمایەداری ئادەم سمس دایڕشتبوو. دووەمیشیان، پشتگوێ خستنی رێکخراوی بازرگانیی نێودەوڵەتییە کە سکاڵایەکی زۆری لا کەڵەکە بووە کە دەوڵەتانی ئەندامی رێکخراوەکە لە دژی یەکتر لەسەر سەرپێچییە یاساییەکان بەرزیان کردۆتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە، کە بازارگانیی نێودەوڵەتی دووچاری تەنگژەیەکی راستەقینە بۆتەوە کە دەرهاویشتەی گەورە و کاریگەریی لەسەر بزاوتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهانی لە ساڵانی داهاتوودا لێدەکەوێتەوە.


کۆبوونەوەیەکی نێوان چین و ئەمریکا

وتارەکانی نوسەر