هەژاریی وزە، کۆسپی گەورەی بەردەم جیهان

10:50 - 2024-02-08
فەیسەڵ عەلی
179 خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی

قسەی زۆر لەمەڕ هەژاریی وزە دەکرێت، بەتایبەتی لە کاتی بەستنی کۆنگرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە بایەخ بە گەشەپێدانی بەردەوام و گۆڕانی کەشوهەوا و پرسەکانی پەیوەندییدار بە گەشەپێدانەوە دەدات، ئەو دەوڵەتانەی دامەزراوەی مەنزومەی جێگیری کارەبا یان تۆڕی نوێی رێگەوبانی نییە، بەراورد بەو دەوڵەتانەی لە قۆناغی بونیاتانی ئەو دامەزراوانەدان، بڕی کەمتری وزە بەکاردەهێنن، بەڵام دەوڵەتە پێشکەوتوو و دەوڵەمەندەکان، بە تایبەتیش ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپای خۆرئاوا، بەشی شێری بەرکەوتەی دەرهاویشتەی ئەو غازانەن کە هۆکاری گۆڕینی کەشوهەوان.

وڵاتە پێشکەوتووەکان بەرپرسن
لە واقیعدا، 23 دەوڵەتی پێشکەوتوو بەرپرسی دەرهاویشتنی نیوەی کۆی گشتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنن لە جیهاندا، بەڵام هەندێک توێژینەوەی دیکە ئەو دەوڵەتانە بە هۆکاری %80ی دەرهاویشتە غازییەکان و پیسبوونی ژینگە دادەنێن. پەیوەندیی نێوان وزە و هەژاری لەو راستییەوە دەردەکەوێت، کە هەژارانی دەوڵەتانی تازە گەشەسەندوو، بەشی گەورەی دانیشتوانی جیهان پێکدێنن، کە بە نزیکەی 2.7 ملیار کەس بۆ ئامادەکردنی خۆراک پشت بە وزەی تەقلیدی دەبەستن، لەبەرئەوە ساڵانە چەندین ملیۆن کەس بەهۆی پیسبوونی هەوای ناوماڵەوە دەمرن، لە کاتێکدا زۆرینەی زۆری ئەو ژمارەیە، واتە 1.4 ملیار کەس تۆڕی کارەبایان نییە. ئامانجی یەکەم لە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام کۆتایی هێنانە بە هەژاری و هەموو ئەو دیاردانەی پێوەی پەیوەستن تا ساڵی 2030، هەروەها ئامانجی زامنکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتییانەی هەژاران و زیادکردنی توانای گەیاندنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان و پشتیوانیکردنی ئەوانەن کە بەهۆی ئەو رووداوانەی بە کەشوهەوا و رووداوە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و کارەساتە ژینگەییەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە.

پێناسەی هەژاریی وزە
کەمتوانایی لە گەیشتن بە سەرچاوە نوێیەکانی وزەی نوێ، ژیانی هەژاران رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە، نەبوونی کارەبا واتە نەبوونی شوێنی لەبار و گونجاو بۆ حەوانەوە و پاراستنی خۆراک و پاککردنەوەی جلوبەرگ و رووناککردنەوە. 
کاتێک پێناسەی هەژاریی وزە دەکرێت: دەبینین فەراهەم نەکردنی کارەبایە، یان پشت بەستنە بە وزەی باوی وەک سوتاندنی تەپاڵە و خەڵوز بە رێگەی سەرەتایی و ناتەندروست. بەرزبوونەوەی نرخی وزە و خراپی وزەی ماڵان و دابەزینی ئاستی داهات و زیادبوونی ئاستی هەژاریی سووتەمەنی، وێڕای زیادبوونی خواست لەسەر وزە و سووتەمەنی بۆ ساردکردنەوە و گەرم کردنی ناوماڵ. 

دوو میتۆد بۆ چارەسەر
بە پێی ئەوەی لە ئەدەبیاتی دەوڵەتە ساردەکاندا هاتووە، هەژاریی وزە، زیاتر لە خەرجکردنی  %10ی داهاتی پێویست دەبێت، بۆ کڕینی هەموو جۆرەکانی وزە و سووتەمەنی بەکارهێنراو بۆ دابینکردنی سیستمێکی باشی گەرمیی، واتە خەرجی لەسەر هەموو جۆرەکانی وزەی ناوماڵ %20 لە داهاتی گەرەکە، ئەمەش واتە خێزانەکان بە کردەوە بە دەست هەژاریی توندی وزەوە دەناڵێنن.
ئەو بیانوانەی پشتگیری گۆڕینی دادپەروەرانەی وزە دەکەن، بەشێکی گفتوگۆکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پاڵنەری دامەزراندنی ئابوورییەکی بێلایەنی کاربۆنە، ئێستا دوو میتۆد لە ئەخلاق و دادپەروەری بۆ چوارچێوەدانان بۆ گۆڕینی دادپەروەرانەی وزە هەیە. میتۆدی یەکەمیان بە چاودێریی ناوخۆیی پڕۆسەی گۆڕینی وزە وەسف دەکرێت، لەگەڵ پێشبینی کردن و هەڵسەنگاندن و چارەسەرکردنی ئەو زیانانەی دەرئەنجامی ئەو پڕۆسە گوێزراوەیە دەکەوێتەوە. میتۆدی دووەمیشیان بایەخدانە بە کاریگەرییە نزیکەکانی پڕۆسەی گۆڕینی وزە، بە جەختکردنە لەسەر دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە دوورمەوداکان، کە ئەو گۆڕانە لەگەڵ خۆی دەهینێت و بەراوردکردنیەتی بەو هەلومەرجەی پێش پڕۆسەی گۆڕانی وزە هەبووە. 

پەرچەکرداری تەندروست
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، ئایا گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەکنەلۆجییەکان کە سیستمی گۆڕینی وزە دەیخوڵقێنێت، کار بۆ فەراهەمکردنی کۆمەڵگە و ئابوورییەکی دادپەروەرانەتر دەکات، یان لەبری ئەوە کار بۆ پتەوکردنی یان دووبارە فەراهەمکردنەوەی نایەکسانی دەکات؟
لێرەوە هەڵسەنگاندن بۆ هەژاریی وزە دەکرێت و پەیوەندیی لەگەڵ پێکهاتەکانی سیستمی وزە و هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکە پێچەوانە دەکرێتەوە، دەشێ پەرچەکرداری ئاڵۆز لە نێوان نەبوونی ئاسایشی وزە و نەبوونی ئاسایشی ئابووری هەبێت، کە بە تێپەڕبوونی کات زیادبوونی هەژاریی و ئاڵۆزبوونی ئەو پرسەی لێبکەوێتەوە. گۆڕانکاریی دادپەروەرانەی بواری وزە، دەبێ کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتانە و دووبارە دیزاینکردنەوەیان بکات، بە جۆرێک پەرچەکرداری تەندروست بەرهەم بهێنێت، پێویستە کۆتایی بە پەیوەندیی لەگەڵ هەژاریی وزە بهێنێت و دەرئەنجامی دوور مەودای دادپەروەری زیاتر بەدیبهێنێت.

وتارەکانی نوسەر