کوبە، لە خێزانێکی دێرینی عیراق و خانەوادەیەکی ئەدەبدۆست و بازرگانی بەغدایە، سەر بە خێڵی رەبیعەن، لە سەدەکانی رابردووەوە خانەوادەکەی رۆڵیان لە هاندانی بزاوتی زانستی و ئەدبیدا هەبووە.
ئیبراهیم عەتوف محەمەد جەعفەر لە ساڵی 1919 لە نەجەف لە دایک بووە، لە ساڵی 1940 - 1941 کۆلیجی مافی بە پلەی نایاب تەواو کردووە، پاشان بۆ درێژەدان بە خوێندن چۆتە میسر، لە ساڵی 1946 بڕوانامەی دبلۆمی باڵای لە ئابووریی سیاسی و دوای ئەویش لە ساڵی 1947 دبلۆمی باڵای لە یاسای گشتی لە زانکۆی قاهیرە بەدەستهێناوە، دواتر بۆ خوێندن رووی لە فەرەنسا کردووە، لە ساڵی 1948 بڕوانامەی دبلۆمی باڵای لە یاسای گشتی لە کۆلیجی مافی زانکۆی پاریس و لە ساڵی 1951 دبلۆمی باڵای لە ئابووریی سیاسی لە زانکۆی مۆنبیلییە بەدەستهێناوە.
لە ساڵی 1947 بەدواوە، کوبە بووەتە یەکێک لە لایەنگرە بەهێزەکانی سۆشیالیستی زانستی و ئابووریی مارکسی و پەیڕەوی میتۆدی مادیی دیالیکتی کردووە، لە هەڵسەنگاندنی خوێندنگە هزرییەکان، بە بەرهەمە فکرییەکانی عەربییشەوە بە تایبەتیش بەرهەمەکانی ئیبن خەلدون. لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە شیوعییەکان نزیک بوو، تا لە یەکەمین حکومەتی دوای شۆڕشی 1958 وەک وەزیری بازرگانی دامەزرا. لە ساڵی 1959 بە وەکالەت کرایە وەزیری چاکسازی و نەوت، لە 16 شوباتی 1960 لە پۆستی وەزیریی بەخشرا. لەو ماوەیەدا رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە شکاندنی ئەو دابڕانەی عیراق لەگەڵ دەوڵەتە سۆشیالیستییەکانی ئەوکات، بەتایبەتیش یەکێتیی سۆڤیەت و ئەڵمانیای خۆرهەڵات و چین.
بە سەرپەرشتی کوبە رێکەوتننامەی عیراق – سۆڤیەت لە ساڵی 1959 ئیمزا کرا، ئەمەش بووە بەردی بناغەی پەرەسەندنەکانی عیراق و رەوتی پیشەسازیی عیراقی گۆڕی لە وردە پیشەسازییەوە بۆ نەوەیەکی تەواوکاری پیشەسازیی گەورە و قورس و مامناوەند و سوک، عیراق بووە خاوەن پڕۆژەی پیشەسازیی ستراتیجی، وەک کارگەکانی ئەسکەندەرییە بۆ مەکینە و کارگەی بەرهەمە کارەباییەکان و شوشە.
کوبە رۆڵی بەرچاوی لە دەرچواندنی یاسای مادە 80 هەبوو، هەروەها لە داڕشتن و دەرچوواندنی یەکەمین یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی کە بە ژمارە 30 دەرچوو.
لە ساڵی 1963 دوای ئەوەی کودەتا بەسەر قاسمدا کرا، بە 10 ساڵ زیندانی حوکمدرا، بەڵام دواتر عەبدولسەلام عارف لێخۆشبوونی بۆ دەرکرد و لە ساڵی 1965 ئازاد کرد، لە سەرەتای ساڵی خوێندنی 1968 گەڕایەوە بۆ ناو زانکۆ و دەستی بە وانەگوتنەوە کردەوە. تا لە ساڵی 1977 خانەنشین بوو.
کوبە لە دوای خۆی، خەرمانێکی گەورەی لە کتێب و توێژینەوەی ئابووری بەجێهێشت، وێڕای وەرگێڕانی چەندین کتێب لە زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی و ئیسپانییەوە، کە هەندێکیانی بەناوی خوازراوەوە بڵاوکردۆتەوە
لە گۆڤاری (الثقافة الجدیدة) کاری کردووە، ئەو گۆڤارە ببووە زمانحاڵی رۆشنبیرانی عیراق، دوای دەرچوونی تەنها سێ ژمارەی ئەو گۆڤارە، حکومەتی فازل ئەلجەمالی گۆڤارەکەی داخست.
لە ساڵی 1954 ئیبراهیم کوبە لەسەروو لیستی فەسڵکراوەکانی مامۆستایانی زانکۆ و قوتابخانە و خوێندکارەکانەوە بوو، کاتێک دژی ئامادەکارییەکانی پەیمانی بەغدا وەستانەوە.
کوبە لە پێشەنگەکانی بزاوتی پشتیوانانی ئاشتی عیراق بوو، کە لە سەرەتای پەنجاکان دامەزرا، یەکەمین کۆنگرەی نیشتمانی خۆی لە رۆژانی 22 – 23 / 7/ 1954 لە بەغداد رێکخست، هەروەها یەکێک بوو لە چالاکوانانی بەرەی یەکێتیی نیشتمانی لە ساڵی 1957، شەرەفی نووسینی یەکەمین بەیاننامەی بەرەی پێ بەخشرا.
کوبە لە دوای خۆی، خەرمانێکی گەورەی لە کتێب و توێژینەوەی ئابووری بەجێهێشت، وێڕای وەرگێڕانی چەندین کتێب لە زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی و ئیسپانییەوە، کە هەندێکیانی بەناوی خوازراوەوە بڵاوکردۆتەوە. لەوانە: ئاڕاستەی نوێی نەتەوەیی 1941، گیانی سەردەم 1945، پەرەسەندنی سیستمی ئابووری 1953، چەمکە بنچینەییەکانی ئابووریی زانستی 1953، تیۆریی بازرگانیی نێودەوڵەتی 1953، قەیرانی هزری ئابووری 1953، قەیرانی فەلسەفەی بۆرجوازی 1953، مانای ئازادی 1954، توێکاریی مەکارسی 1954، مەزهەبی سۆڤیەتی لە یاسای نێودەوڵەتی 1956، نەوت و قەیرانی جیهانی 1956، دەرەبەگایەتی لە عیراق 1957، داڕمانی تیۆریی داڕێژراوی سەرمایەداری 1960، مارکسیزم و جەنگی ئیمپریالی 1960، پراگماتی و فەلسەفەی زانستی 1960، وانە لەمەڕ مێژووی ئابووری 1967، وانە لەمەڕ مێژووی ئابووری و هزری ئابووری 1970، سەرمایەداریی وەک سیستم 1973، کێشەی دیالیکتیک لە سەرمایەی مارکس 1979.
کوبە، دەیان توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارەکانی (الاقتصاد و الاقتصادي و الثقافة الجدیدة و الحقوقي و مجلة الگمرگ و دراسات عربیة، ئابووری و زانستی سیاسی و گۆڤاری زانکۆی موستنەسریە، المثقف العربي) بڵاوکردۆتەوە.
لە 26 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2004 کۆچی دوایی کرد.
ئیبراهیم کوبە