ولیام ستانلی جیڤۆنسWilliam Stanley Jevons فەیلەسوف و ئابووریناسی بەریتانی، لە ئەیلولی 1835 لە لیڤەرپول لە دایک بووە. بە هاوبەشی لەگەڵ هەر یەک لە لیۆن ڤالراسی نەمساوی و کارل مینگەری سویسری، تیۆریی
(بەها – کەڵک) یان داناوە، کە دەڵێ بەهای هەر کاڵایەک بەندە بەو کەڵکەی بەکاربەر لەو کاڵایەی بەکاریدەبات دەستی دەکەوێت. جیڤۆنس رۆڵی دیاری لە پەرەپێدانی ئەو تیۆرییەدا هەبووە کە چەمکی کەڵکی رادەدار(کەڵکی دوا یەکەی کاڵای) داخل کردووە، بۆ ئەوەی ببێتە (تیۆریی کەڵکی رادەدار). لە کتێبی (تیۆری ئابووریی سیاسی) 1871، تیۆری کەڵکی رادەدار یان کەڵکی دوا کاڵای بەکاربراوی بەکاربەر، بەهای کاڵا دیاری دەکات. جیڤۆنس دەست و پەنجەی بە پەرەپێدانی زانستی ئابوورییەوە دیارە، بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی سەردەمێکی نوێی مێژووی بیری ئابووری دادەنرێت.
جیڤۆنس لە ساڵی 1851 خوێندنی زانکۆیی دەست پێکرد، بەڵام بەهۆی رەوشی دارایی خێزانەکەیەوە، لە ساڵی 1854 بە ناچاری وازی لە خوێندنی زانستی سروشتیی لە قوتابخانەی زانکۆی لەندەن هێنا، لە خانەی سکەی پارە لە سیدنی ئوسترالیا تا ساڵ 1859، وەک شرۆڤەکاری دارایی دەستی بە کارکردن کرد، پاشان گەڕایەوە ئینگلتەرا و بایەخی بە خوێندنی ئابووری و زانستە کۆمەڵایەتییەکان دا. لە ساڵی 1866 لە کۆلێژی ئۆین لە مانچستەر وەک مامۆستای ئابووریی سیاسی دامەزرا، پاشان لە ساڵی 1870 چووە کۆلێژی زانکۆیی.
ئەم بیرۆکەیەی جیڤۆنس ناوی «پارادۆکسی جیڤۆنس»ی لێنرا، بەهۆی ئەم بەرهەمەیەوە، جیڤۆنس بە یەکەمین شارەزای ئابووری دادەنرێت کە پەرەی بە تێڕوانینی ئایکۆلۆجیایی لە ئابووریدا داوە
بەرهەمەکانی جیڤۆنس لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێن، تیۆریی لۆجیک و زانستی ئابووری. لە بواری لۆجیک چەند بەرهەمێکی هەیە لەوانە: لۆجیکی پەتی 1864، جێگرتنەوە لە نێوان لێکچووەکان 1869، وانە سەرەتاییەکانی لۆجیک 1870، پڕەنسیپەکانی زانست 1874.
لە بواری زانستی ئابوورییدا، بەرهەمەکانی بەسەر دوو بواردا بەش دەبن، ئابووریی پراکتیکی و تیۆریی ئابووری. لە بواری یەکەمیاندا، کتێبی (داشکانی گەورەی بەهای زێڕ) 1863، کە تێیدا پێوانەی گۆڕانکاریەکانی نرخی زێڕی کرد، بەهۆیە بەشدارییەکی گەورەی لە تیۆری ژمارە پێوانەییەکاندا کرد.
لە ساڵی 1865 کتێبێکی لەمەڕ (پرسی خەڵوز) نووسی، کە حکومەتی ئینگیلتەرای هاندا، لیژنەیەکی حکومی بۆ توێژینەوە لەسەر یەدەگی خەڵوز لە وڵاتەکەی پێک بهێنێت. لەو کتێبەیدا حکومەتی ئینگیلتەرای لە بەکاربردنی لەسەرەخۆی خەڵوز ئاگادار کردەوە، بەوەی زیادکردنی لە کارامەیی بەکارهێنانی وزە بەکاربردنی زیاتری لێدەکەوێتەوە نەک کەمتری بکات، ئەم بیرۆکەیەی جیڤۆنس ناوی «پارادۆکسی جیڤۆنس»ی لێنرا، بەهۆی ئەم بەرهەمەیەوە، جیڤۆنس بە یەکەمین شارەزای ئابووری دادەنرێت کە پەرەی بە تێڕوانینی ئایکۆلۆجیایی لە ئابووریدا داوە.
هەروەها لە ساڵی 1875 کتێبی (پارە و میکانیزمی گۆڕینەوەی) و لە ساڵی 1884 کتێبی (توێژینەوە لەمەڕ پارەی دارایی) نووسی، کە لە دوای مردنی بڵاوکرایەوە. جیڤۆنس بەشداری زۆر گەورەی لە بواری تیۆری ئابووری هەبووە، وێڕای ئەو رۆڵە گەورەیەی لە دانانی تیۆری کەڵکی رادەداردا هەیبووە. لە ساڵی 1878 کتێبە بەناوبانگەکەی (پڕەنسیپەکانی ئابووریی سیاسی) نووسی، تێیدا تێڕوانینە گشتییەکانی خۆی بۆ تیۆری ئابووری لە بوارەکانی پارە و بەها و بەشینەوە خستەڕوو. ئارڤینگ فیشەر لە وەسفی ئەم کتێبەی جیڤۆنسدا دەڵێ: سەرەتای هێنانی شێوازی ماتماتیکە بۆ ناو زانستی ئابووری، ئەم کتێبەی وایکرد زانستی ئابووری بایەخ بە بڕە ئابوورییەکان وەک پرسێکی پێویستی ئابووری بدات.
جیڤۆنس لە ساڵی 1882 کۆچی دوایی کردووە.
ولیام ستانلی جیڤۆنس