وردتر

دیسانەوە هەڕەشەكانی كۆریای باكوور

10:43 - 2023-01-03
لەشکر حەمە ساڵح
276 خوێندراوەتەوە

لە ماوەی كەمتر لە 24 سەعاتدا، كۆریای باكوور دووەم مووشەكی بالیستی كورتمەودای لە دەریای ژاپۆن تاقیكردەوە و پاشان كیم جون ئونی سەرۆكی ئەو وڵاتە فەرمانێكی بەپەلەی ئاراستەی وەزارەتی بەرگری و لایەنە پەیوەندیدارەكانی وڵاتەكەی كرد كە بۆمبی ئەتۆمی زیاتر دروست بكەن تا توانای ئەتۆمی و سەربازی بەرزبكەنەوە بۆئەوەی بەرەنگاری هەر هێرش و پەلامارێكی وڵاتانی نەیار ببنەوە.
ئەم پێشهاتە لە كاتێكدایە كە خەڵكی جیهان لە ساڵی 2023 دا هیوادار و ئاواتەخوازی ئارامی و سەقامگیریی زیاتر و رزگاربوونن لە لێكەوتەكانی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا كە مانگی داهاتوو تەمەنی دەبێتە ساڵێكی تەواو، بۆیە چاودێران و ناوەندەكانی توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژی دوودڵی و نیگەرانی خۆیان دەخەنەڕوو لە ئەگەری سەرهەڵدانی گرژی و ناكۆكیی زیاتر، بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ئاسیا و بەدیاریكراوی لە كۆریای باكوورەوە كە بە جۆرێك لە جۆرەكان چین-یش وەك زلهێزێكی جیهانی تێوەدەگلێنێت. 
لە راستیدا ساڵانێكی زۆرە كۆریای باكوور خۆی لە بەردەم شەپۆلی هێرش و گوشارە جۆراوجۆرەكانی وڵاتانی خۆرئاوا، بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا راگرتووە و بەرگریی لە بۆچوون و سیاسەتەكانی كردووە و وەك وڵاتێكی خاوەن هەژموون و هێز و چەك خۆی بەسەر سیاسەتی ناوچەیی و نەخشەی هێز و هەڕەشەكانی جیهاندا سەپاندووە، كە تا رادەیەكی زۆر خەڵكەكەی باجی ئەو سەركێشی و نەیارییەی داوە و دەدات.
ئێستاش كە بڕیاردراوە توانای ئەتۆمی و سەربازیی كۆریای باكوور بەرزبكرێتەوە تا لێوەشاوەیی زیاتریان هەبێت بەرامبەر هێرشی نەیار و دوژمنەكانیان، پێناچێت هەروا بەئاسانی بەسەر وڵاتانی هەرێمایەتی و جیهان بەگشتیدا تێپەڕێت، بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە لە هەموان زیاتر خۆی بەخاوەن و پەیوەندیدار بە دۆسێی كۆریای باكوور دەزانێت و بەرنامە ئەتۆمییەكەی بە هەڕەشەیەكی گەورە و مەترسیدار دەزانێت بۆ سەر خۆی و وڵاتە هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا.
پێشتر چەند جارێك كۆریای باكوور مووشەكی جۆراوجۆری تاقیدەكردەوە و نمایشی هێز و تواناكانی دەكرد، بەچەكی ئەتۆمیشەوە، بەڵام لە دوای كۆبوونەوەی كیم جۆن ئونی سەرۆكی كۆریای باكوور لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، جۆرێك لە خاوبوونەوە لە هەڕەشە سەربازی و میدیاییەكانی كۆریادا بەرچاو كەوت، ئێستاش كە پیونگ یانگ دەستیكردۆتەوە بە تاقیكردنەوەی مووشەكی و دەركردنی فەرمان بۆ بەرزكردنەوەی توانای سەربازی و ئەتۆمی، پێناچێت كاردانەوەكان سنووردار بن، بەتایبەتی ئەگەر لە ماوەی پێوانەیی داهاتوودا هەنگاوی كرداری دەستپێبكات بۆ ئەوەی فەرمانەكانی سەرۆكەكەی كۆریای باكوور بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
چاودێران و ناوەندەكانی توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژی جیهان نیگەرانی خۆیان ناشارنەوە لەسەر پەرەسەندنەكانی دۆسێی كۆریای باكوور و دوودڵن لەوەی جیهان بەرگەی قەیران و گرژییەكی تر بگرێت، بەتایبەتی لەو كاتەدا كە هێشتا قەیرانێكی تری نزیك لە كۆریای باكوور، بەدیاریكراوی لەسەر چارەنووسی تایوان، بەتەواوەتی دانەمركاوەتەوە؛ بەڵكو هێشتا كاردانەوە و پێشهاتی جۆراوجۆر بەخۆیەوە دەبینێت.
گۆڤاری لۆپس-ی فەرەنسی لە هەڵسەنگاندنی ساڵی 2023 دا ئاماژەی بەچەند دۆسێ و قەیرانێك داوە كە دۆسێكانی پەرەپێدانی ئەتۆمی لە كۆریای باكوور و هێرشی لە ناكاوی چین بۆ كۆنترۆڵكردنی تایوان بەدوور نازانێت.

وتارەکانی نوسەر