بازاڕ پەیوەستە بە پڕکردنەوەو دابینکردنی پێداویستییەکان و ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە، واتە بازاڕ زەمینە دەڕەخسێنێت بۆ لەخۆگرتنی پێداویستییەکان و خستنەڕوو فرۆشتن و ساغکردنەوەو کڕینی کەلوپەلەکان، فرۆشتنی کاڵاو کەلوپەل و کەرەستە و ئامێرەکانیش پێویستی بە شوێنێکی لەبارو گونجاوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی نموونەیی و رێک و پێک بخڕێنە روو، لەگەڵ ئەوەشدا کاڵاکانیش پێویستیان بەڕێکخستن و دابەشکردنە، واتە دەبێت پۆلین بکرێن و جیا بکرێنەوە بۆ چۆنێتی خستنەڕوو فرۆشتن.
یەکەم: بازاری داخراو و نیمچە داخراو
بازاری داخراو بەگشتی سۆپەرمارکێت و مۆڵە گەورەکان دەگرێتەوە، بازاڕی نیمچە داخراویش ئەو بازاڕانەیە کە لە دەوروبەری شاردا زەوییەکی فراوان و گەورەی بۆ تەرخان دەکرێت و چوار دەوری دەکرێتە پەرژین و پرسگە و پاسەوانن و پێشوازیی بۆ دادەنرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتی لەوێوە داخڵی بازاڕەکە ببێت و بلیتی چوونە ژوورەوەو پارکینی ئۆتۆمبێلی بۆ ببڕێت، هەروەها ئەو جۆرە بازاڕە لەبەر فراوانی شوێنەکە چەندین مۆڵی بچووک و فرۆشگەی تایبەت و جیاواز و جۆراو جۆر لەخۆدەگرێت.
دووەم: بازاڕی کراوە
مەبەست لەبازاڕی کراوە ئەو بازاڕانە دەگرێتەوە کە دەکەوێتە ناوەڕاست و سەنتەری شارەوە، فراوانی ئەم بازاڕانەش بەپێی قەبارە و رێژەی دانیشتوانە، واتە دروستکردنی بازاڕەکان بە فراوانی و قەبارەی شارو شارۆچکەو شارەدێ و گوندەکانەوە دەبێت.
ئەم جۆرە بازاڕانە دەبێت تایبەتمەندیی و گرنگیی تەواوی پێبدرێت و نموونەیی بن، بەشێوەیەک
1- بە هیچ شێوەیەک نابێت ئۆتۆمبێل بەناو ئەم بازاڕانەدا هاتوچۆ بکات جگە لە ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانی کە بۆ مەبەستی پاککردنەوەو کۆکردنەوەو دوورکەوتنەوەی خۆڵ و خاشاکە، بۆ نموونە لە شاری سلێمانی لەشەقامی مەولەوی، جادەی ئۆرزی، شەقامی سابونکەران، لای مزگەوتی گەورەوە، شەقامی پیرەمێرد تا سەرووی نەخۆشخانەی (عەلی کەمال) گونجاو نییەو نابێت رێگە بدرێت ئۆتۆمبێل تیایاندا هاتوچۆ بکات، بۆ ئەوەی سلێمانی بازاڕێکی مۆدێرن و هاوچەرخی هەبێت.
2- نابێت رێگە بدرێت فرۆشگەکان کەپرو سایە دروست بکەن، چونکە دیمەنی بازاڕ دەشێوێنێت.
3- بۆ رێگری لە زیادەڕۆیی و فراوانبوونی نابێت شۆستە لە شەقامی ئەم جۆرە بازاڕانەدا دروست بکرێت.
4- شەقامی ئەم بازاڕانە دەبێت لە کەرەستەی کاشی و بیهارتۆنی تۆکمە و پتەوو دروست بکرێت، نەک قیرو کۆنکرێتی چیمەنتۆ.
5- بۆ رووناکی و بەخشینی سیمایەکی جوان لە ناوەڕاستی شەقامی ئەم بازاڕانەدا دەبێت لەمەودای چەند مەترێک رووناکی بۆدابنرێت، هەروەها دانانی کورسی بەشێوەیەکی جوان بۆ دانیشتن و پشوودان.
6- چاندنی جۆرێک نەمام لەشاقامی ئەم بازاڕانەدا کە لق و پۆی بڵاو نین و تەنیا بۆ جوانین.
7- دروستکردنی گەراجی نموونەیی لە نزیک سەنتەری بازاڕ بۆئەوەی هاووڵاتیان بتوانن ئۆتۆمبێلەکانیان پارکینگ بکەن.
8- بۆ گواستنەوەی خەڵک دەبێت هێڵی پاس و تاکسی و تراموا لەم بازاڕانەوە نزیک بن.
ئەم بازاڕانە دەبێت لەڕووی پاکوخاوێنییەوە نموونە بن، واتە نابێت هیچ خۆڵ و خاشاکێک لەبەرچاو بێت، دەبێت بکرێنە زەرفی گەورەوە، تا ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانی دێن بۆ هەڵگرتنی، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت چاودێری هەبێت بۆ سزادانی هەر کەسێک کە پابەند نەبوو بە پاکوخاوێنییەوە.
9- بۆ رێگرتن لەپشێوی دەبێت بەردەوام پۆلیس لەم بازاڕانەدا هەبێت.
10- بۆ رێگرتن لەبەرزکردنەوەی نرخ، دەبێت چاودێری ورد هەبێت لەسەر فرۆشیارەکان.
11- بۆ هاتوچۆکردنی خاوەن پێداویستییەکان لە بازاڕەکاندا لەو شوێنانەی پێویستن دەبێ رەمپایان بۆ دروستبکرێت، هەروەها دانانی کاشی پلاستیک لەشەقامەکان بۆ هاتوچۆی نابینایان.
12- دانانی سەلەی خۆل بەشێوەیەکی جوان لەوشوێنانەی پێویستن بۆ تێکردنی خۆڵ و خاشاک.
بازاڕی گەورەی رەشت
لەسەنتەری بازاڕی شارو شارۆچکەو شارەدێی هەموووڵاتێکی پێشکەوتوودا گۆرەپانێکی فراوان تەرخان دەکرێت بۆ مەبەستی کۆبوونەوەی خەڵک، بۆ وێنەگرتن و پشوودان و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر، لە جەژن و بۆنەکاندا، چوار دەوری ئەم گۆڕەپانە دەکرێتە جۆرێک بینا کە شێوەیەکی دێرینی هەیە ئیتر بیناکە فەرمانگەی حکومی بێت، بازرگانی بێت، گرنگ ئەوەیە بەو شێوە دروست بکرێت کە دیمەنێکی جوان و دڵڕفێن دەبەخشێت، هەروەها لەو بازاڕانەدا پەیکەری جۆراو جۆر دروست دەکرێت، بۆ نموونە پەیکەری کەسێک دروستکراوە سەرقاڵە بەوێنە گرتن، دروستکردنی پەیکەری ئامێری رادیۆ، پیانۆ، یان پەیکەری چەتر، سەبەتە، یان دروستکردنی پەیکەری خانمێک گۆزەی لەسەر شان بێت ..هتد.
لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەی بازنەیی کورسی دروستکراوە بۆ دانیشتن، هەروەها بۆ جوانکردنی گۆڕەپانەکە بەشێوەیەکی بازنەیی حەوزی ئاو دروست دەکرێت.
زۆر بازاڕی وڵاتانی پێشکەوتووم بینیوە، دوا بازاڕ کە بینیم و سەرنجی زۆر راکێشام لە شاری رەشتی باکووری ئێران بوو، زۆر فراوان بوو، تا کاتژمێر 10ی شەو جمەی دەهات لەقەرەباڵەغی و هاتوچۆکردنی خەڵک، لە کڕینی پێداویستییەکان، لە گەڕان و پیاسەکردن، نان خواردن لە خوادنگەو فاست فوودەکان ..هتد.
تایبەتمەندیی شوێنی ئەم بازاڕە لە شاری سلێمانییەوە زۆر نزیک بوو، بەڵام ئەو بازاڕە بەو پێوەر و تایبەتمەندییانە دروستکراوە کە لە سەرەوە باسمانکردوون، بۆیە دەکرێت لە سەنتەری شاری سلێمانی بۆ دروستکردن و رەخساندنی گۆڕەپانێکی وا بەردەرکی سەرا، بەردەمی ئەو بیناییەی کەپێشتر شوێنی وەزارەتی ناوخۆ بوو، بەردەمی سینامەکە، بکرێت بە گۆڕەپانێکی لەو جۆرە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تێدا قەدەغە بکرێت،
دیزانێکی جوانی بۆ بکرێت لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی تر کە باسمان کردوون بەدڵنیاییەوە سەنتەری بازاڕی شاری سڵێمانی دەبێتە بازاڕێکی نموونەیی و هاوچەرخ.
ئەگەر کردنەوەی بازاڕ بکرێتە سیستم و یاسایی ئەوە دەبێت لەهەفتەیەکدا دوو رۆژ پشوو بن و نەکرێنەوە، بۆ ئەوەی بوار بدرێت رۆژانی هەینی و شەممە لەشوێنێکی گەورەو فراوان بەشێوەیەکی جوان ئەو فرۆشیارانەی دەیانەوێت نمایشی کەلوپەل و خواردەمەنی و کالاکانیان بکەن و بەهەرزانتر بە خەڵکی بفرۆشن، چونکە باج و کرێیان لەسەر نییە، بەو شوێنانەش دەوترێت هەفتەبازاڕ.