لە رۆژئاڤاوە

بڕیاری 2254 و چارەسەری سیاسی لە سوریا

10:12 - 2023-01-04
فەتحوڵڵا حوسێنی
433 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هاریكاریی و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئەمریكا لە سوریا لە جەنگی دژ بە داعش، رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ-یش لەسەر زاری فەرماندەیەكی سەربازیی ئەمریكاوە، چڕكردنەوەی هێرشە ئاسمانییەكان و پرۆسە سەربازییەكانی دژبە داعشی تەئكیدكردەوە،  دوای ئەوەی بوردومانی رۆژانەی ئاسمانی و زەمینیی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا هێزەكانی سوریای دیموكراتی ناچاركرد كە ناتوانن بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە جەنگی دژ بە تیرۆر و داعش، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە هێرشەكانی توركیادا بۆ سەر رۆژئاوا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هیچ هەڵوێستێكی روونی رانەگەیاند.
پێنتاگۆن لەوبارەیەوە رایگەیاند: هێرشەكانی دژبە تیرۆر و  داعشیان زۆر و چڕ كردۆتەوە، لەو رووەشەوە 12 هێرشیان بە هەلیكۆپتەر كردووە و چەند چالاكییەكی زەمینیشیان بۆ لەناوبردنی گەورە تیرۆریستان و دەستگیركردنیان لە سوریا بەڕێوەبردووە. لە هەمان كاتدا سوپای ئەمریكا تەئكیدی لەوەش كردەوە، كە مەترسیی رێكخراوی داعش لە سوریا و ناوچەكە زیادی كردووە و تیرۆریستانی داعش تائێستاش هەڕەشەن بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و جیهانیش.

ئەگەر توركیا بەردەوام بێـت لە هێرشی ئاسمانی
هەرچەندە هاریكاریی و هەماهەنگی نێوان هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سوریا دەستیپێكردۆتەوە، بەهۆی كەمبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیاوە بۆ سەر رۆژئاوا، بەڵام خەڵوسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا سوورە لەسەر دەستپێكردنەوەی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر رۆژئاوا و ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەری كورد. 
بەپێی قسەكانی ئاكار، توركیا دانوستان لەگەڵ روسیادا دەكات بۆ رێگەدان پێی تا ئاسمانی باكووری سوریا بە كاربهێنێت لە پڕۆسەیەكی سەربازیی خێرادا، بەڵام روسیا هەرزوو وەڵامی ئەو لێدوانەی دایەوە و رایگەیاند: بابەتی لەو جۆرە قابیلی دانوستاندن نییە و كریملنیش روونیكردەوە: روسیا بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات ئاسمانی سوریا لەلایەن فڕۆكە سەربازییەكانی توركیاوە بەكاربهێنرێت بۆ بۆردومانی خاكی سوریا، ئاماژەی بەوەشكردووە كە هەموو كارێكی سەربازیی نوێی توركیا لە سوریا رەتكراوەیە و مۆسكۆ دانوستانی لەبارەوە ناكات.

پێداگریی لەسەر هێرشکردن
سوربوونی توركیا لەسەر پرۆسەیەكی سەربازیی نوێ لەو ناوچەیەی كە سەقامگیرترین ناوچەی ئەو وڵاتەیە، مەبەست لێی گۆڕینی باڵانسی هێز و هەروەها دیموگرافیاشە لەناو سوریادا، دوای ئەوەی خودی توركیا رووبەڕووی بارودۆخێكی ئابووریی قورس بۆوە و رەنگە رووبەڕووی بارودۆخێكی سیاسیی قورسیش بێتەوە لەماوەی داهاتوودا، رۆژ لەدوای رۆژیش ئەنقەرە كارتەكانی لە ناوچەكە لەدەستدەدات، بەتایبەتیش كە سەركەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، لەدەستی پارتی گەلانی دیموكرات (هەدەپە)دایە، چونكە ئێستا چەندین هاوپەیمانیی و حزب لەناو توركیادا ركابەریی ئاكەپە دەكەن بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەكانی  پەرلەمان ‌و سەرۆكایەتیی داهاتووی ئەو وڵاتەدا.

پلانی ئەردۆغان و بەربەستەکانی بەردەمی
پلانەكانی ئەردۆغانیش رەنگە دواتر بەسەر خۆیدا بشكێتەوە، بەهۆی ئەو پارە زۆرەی كە لە بودجەی توركیا بە هەدەری داوە لە شەڕی ناوخۆی سوریا و لە پێناوی چەند گروپێكی چەكداری توندڕەودا كە كار بۆ ئەجێندای ئەنقەرە دەكەن، لە كاتێكدا هیچ پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتییان نییە بەهۆی كارو كردەوە خراپەكانیان لەناو خاكی سوریادا. ئەوەش وایكردووە توركیا و گروپە سیاسییەكانی شكست بهێنن لە گەیشتن بە خەونی گۆڕینی نەخشەی سوریا و لەناوبردنی قەوارەی رۆژئاڤای كوردستان.

رۆژئاوای كوردستان  لە ژێر هەڕەشەدایە
لەنێو ئەو هاوكێشانەدا هێشتا رۆژئاوای كوردستان لە مەترسییەكی گەورەدایە، بەڵام دووبارە كاركردنەوەی هەسەدە و ئەمریكا پێكەوە، رەنگە رێگە بۆ كاركردن بە پێشنیازەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان و بڕیاری ژمارە 2254 خۆش بكات، كە لەچەند بەندێك پێكدێت و لە كۆنگرەی جنێڤ-دا خرایەڕوو، دواتریش بەیاننامەكانی ڤییەنای تایبەت بە سوریا پاڵپشتییان لێكرد، بەوپێیەی بناغەیەكی باشە بۆ گەیشتن بە پڕۆسەی گواستنەوەی سیاسی لەناو سوریادا و  نەهێشتنی شەڕ لەو وڵاتەدا، هەروەها رێگە بۆ گەلانی سوریاش خۆش دەكات كە ئایندەی وڵاتەكەیان دیاری بكەن.

هاوپەیمانیی هەسەدە و ئەمریکا، هاوپەیمانییەکی نەنووسراو، بەڵام کاریگەر لە رێگریی لەبەردەم لەشکرکێشیی تورکیادا

وتارەکانی نوسەر