له‌سایه‌ی زیادبوونی شوێنەوارەکانی جه‌نگی درێژخایه‌نی سوریادا، گێرد بیدرسۆنی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له سوریا، رایگه‌یاند كه لیژنه‌ی ده‌ستووری سوریا جارێكی تر دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌ستپێده‌كاته‌وه دوای ماوه‌یه‌ك له راوه‌ستان. كۆبوونه‌كانی ئه‌مجاره‌ش به ره‌زامه‌ندیی ئه‌مریكا ده‌بێت، چونكه واشنتۆن دركی به مه‌ترسیی به‌رده‌وامی جه‌نگی تایفی له‌و وڵاته كردووه، كه زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی هه‌رێمییه نه‌ك لایه‌نێكی تر، جه‌نگێك كه خزمه‌تی به دۆزی سوریا و كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته نه‌كردووه، به‌ڵكو بووه‌ته به‌ڵایه‌ك بۆ هه‌موو خەڵکی سوریا.
ئاسه‌واره خراپه‌كانی جه‌نگ
بیدرسۆن و ئه‌مریكا و روسیاش د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن، شوێنەوارەکانی جه‌نگی درێژخایه‌نی ئه‌و وڵاته، بارودۆخی سوریای له هه‌موو روویه‌كه‌وه ئاڵۆزتر كردووه، له سایه‌ی نه‌بوونی رێكه‌وتنێك یان نەبوونی هاریكاریی له ناوخۆیی ئه‌و وڵاته له‌نێوان هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كاندا (كورد و حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی)، بۆ به‌رقراربوونی سه‌قامگیری و ئاشتی له‌ناو ئه‌و وڵاته‌دا، به‌هۆی وابه‌سته‌بوونی زۆرینه‌ی لایه‌ن و گروپه چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنەوە به ئه‌جێندای هه‌رێمی وێرانكه‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش له‌رابردو و ئێستاشدا ئه‌مریكای به پله‌ی یه‌كه‌م نیگه‌ران كردووه و روسیاشی به پله‌ی دووه‌م نیگه‌ران كردووه، وه‌كو دوو زلهێزی جیهانی له‌سه‌ر خاكی سوریا.
سوپای ئه‌مریكا له ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی فورات و سوپای روسیاش له ناوچه‌كانی خۆرئاوای فورات، ئه‌وه‌ش وایكردووه ئه‌و دوو زلهێزه نه‌توانن به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی كۆتایی جه‌نگی دژ به تیرۆر له سوریا رابگه‌یه‌نن.
بانگەشه بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور
داواكردن و بانگشه بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی دڵخواز بۆ هه‌موو خەڵکی سوریا، دوای راگه‌یاندنی (گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی) دێت له ناوچه‌كانی باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا، به‌مه‌رجێك ده‌ستووری داهاتوو، ده‌ستوورێكی گشتی بێت بۆ هه‌موو سوریا، كه تێیدا ناوچه‌كانی باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا تایبه‌تمه‌ندیی ته‌واوی خۆی تێدا هه‌بێت، به‌تایبه‌تی كه لایه‌نی ئه‌مریكی بۆ یه‌كه‌مجار ره‌زامه‌ندیی ده‌ربڕیوه له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌ڕی نوێی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی ده‌ستووری له‌و وڵاته، دوای ئه‌وه‌ی ته‌نها روسیا و توركیا ره‌زامه‌ندبوون له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی ده‌ستوور.
پێكهاته‌ی لیژنه‌ی ده‌ستووری
لیژنه‌ی ده‌ستووریش له دوو كۆمه‌ڵه پێكدێت، كۆمه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره و كۆمه‌ڵه‌یه‌كی بچووك، كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م له 50 كه‌سایه‌تی ناو حكومه‌تی سوریا و 50 كه‌سایه‌تی ناو ئۆپۆزسیۆن و 50 كه‌سایه‌تی كه نوێنه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی سوریان پێكدێت.
كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م و بچو‌وكیش له 15 نوێنه‌ری حكومه‌تی سوریا و 15 نوێنه‌ری لیژنه‌ی دانوستانه‌كانی سوریا و 15 كه‌سایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی سوریا پێكدێت، كه به «یه‌ك له‌سه‌ر سێی نێوه‌ند» ده‌ناسێنرێن.
پێشتریش گێر بیدرسۆنی نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ سوریا، چاوی به سه‌رۆكی لیژنه‌ی حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن كه‌وتبوو له‌نێو لیژنه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها چاوی به وه‌فدی نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش له‌نێو هه‌مان لیژنه‌دا كه‌وتبوو.
چوار بنه‌ما له‌خۆده‌گرێت
ئه‌و ده‌ستووره‌ی بڕیاره بۆ سوریا بنووسرێته‌وه، چوار بنه‌مای سه‌ره‌كی له‌خۆده‌گرێت، ئه‌مه جگە لە بوونی بڕگه و ماده له‌سه‌ر نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی ناو سوریا، كه تێیدا ته‌نها نه‌ته‌وه‌یه‌ك باڵاده‌ست نابێت به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا.
نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش له سوریا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، پێداچوونه‌وه به نه‌خشه‌ی كاره‌كانی لیژنه‌كه‌دا كراوه و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر چوار بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ناو ده‌ستووره‌كه‌ش دراوه، كه بڕیاره بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك گفتوگۆی چڕی له‌سه‌ر بكرێت له‌لایه‌ن هه‌ردوو كۆمه‌ڵه‌كه‌وه كه نوێنه‌ری حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌خۆده‌گرێت.
بنه‌ماكانی نێو ده‌ستووره پێشنیاركراوه‌كه
بنه‌ماكانی نێو ده‌ستووره پێشنیاره‌كراوه‌كه‌ش، ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له روئیای ده‌ستوورییه‌وه له‌خۆ ده‌گرێت، جگە لە پاراستنی ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و به‌هێزكردن و چه‌سپاندنیان له‌ناو وڵات‌دا، هه‌روه‌ها سه‌روه‌ربوونی ده‌ستوور و هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و دادپه‌روه‌ری له‌ناو ئه‌و وڵاته له‌خۆده‌گرێت.
با ئه‌مجاره چاوه‌ڕوان بین، به‌ڵكو خێری لێ بكه‌وێته‌وه بۆ سورییه‌كان!
و: گۆران