(39)
له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سەدەی بیستدا به‌هۆكاری سیاسی ماڵه‌كه‌مان له‌لایه‌ن داموده‌زگای رژێمی به‌عسه‌وه تاڵانكرا، گه‌لێك كه‌لوپه‌لمان تیاچوو كه به‌پاره قه‌ره‌بوو ناكرێنه‌وه، وه‌كو ئه‌لبوومی وێنه‌كانمان، كتێب، ده‌ستنووس و گه‌لێك یادگاریی تر، بۆیه ده‌فته‌ری ئه‌و ساڵانه‌م بزر بوون، دواتریش له كۆتایی هه‌شتاكاندا و پێش ده‌ستگیركردنی دڵشاد مەریوانی، لافاو هاته ماڵه‌كه‌مانه‌وه‌و دیسان گه‌لێك گۆڤار و كتێب و ده‌ستنووسی ترمان زه‌ره‌رمه‌ند بوون چونكه له خانه‌كانی خواره‌وه‌ی كتیبخانه‌كه‌دا دانرابوون، كاتێك به‌ئاگاهاتین زۆربه‌یان ته‌ڕ و قوڕاوی بووبوون، بۆیه ته‌نیا دوو سێ ده‌فته‌ری ئه‌و ساڵانه‌م هه‌یه.
بیرمه له‌و ساڵانه‌ی ناوڕاستی هه‌شتاكاندا، رۆمانه‌كه‌ی جۆرج ئۆریڵ 1984 و رۆمانه‌كه‌ی كۆستانتین ڤیرجیل جۆرجیۆ سه‌عات بیست‌و پێنج-م خوێنده‌وه، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك له رۆمانه‌كانی عه‌بدولڕه‌حمان مونیف له‌وانه (دنیایه‌كی بێنه‌خشه) كه به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ جه‌برا ئیبراهیم جه‌برا نووسیوویانه، هه‌روه‌ها رۆمانی (گه‌ڕان به‌دوای وه‌لید مه‌سعودا)، (پێشبڕكێی مه‌سافه درێژه‌كان)، (چیرۆكی خۆشه‌ویستییه‌كی مه‌جووسی)، به‌ڵام ئه‌و كتێبه‌ی كه له‌و ساڵه‌دا خوێندمه‌وه‌و زۆر كاریگه‌ر و پڕچێژ بوو كتێبی (مێژووی مرۆڤایه‌تی) ئه‌رنۆڵد توێنبیی، كه دوو به‌رگی ئه‌ستووره، بیرمه كه ئه‌و كتێبه‌م ده‌خوێنده‌وه، كاتی تاقیكردنه‌وه‌كانی سه‌ری ساڵ بوو، دنیا كه‌مێك گه‌رمی كردبوو خه‌ڵكی ماڵه‌كه پاش نیوه‌ڕوان ده‌نووستن، رۆژێكیان دڵشاد هاته هه‌یوان و به پێكه‌نینه‌وه پێی‌ووتم ئێستا ئه‌و خوێندكارانه‌ی له‌سه‌ربان سه‌عی ده‌كه‌ن واده‌زانن تۆش خوێندكاری و سه‌عی ده‌كه‌ی، چونكه زۆر به‌جدیات ده‌مخوێنه‌وه‌و په‌ره‌گرافم وه‌رده‌گرت و كۆمێنتم له‌باره‌یانه‌وه ده‌نووسی جاربه‌جار په‌ره‌گرافێكم بۆ دڵشاد مەریوانی ده‌خوێنده‌وه‌و له‌باره‌یه‌وه گفتوگۆمان ده‌كرد ئه‌مه له‌كاتێكدا بوو كه هه‌ردووكمان به‌هۆكاری سیاسی له‌كاره‌كه‌مان ده‌ركرابووین، ماڵمان نه‌مابوو، له‌تاقه ژوورێكی ماڵی خه‌زوورمدا ده‌ژیاین، من هه‌میشه وابووم له‌كاته زۆر سه‌خته‌كاندا خۆم نقووم كردووه له‌خوێندنه‌وه‌دا، بیرمه ساڵی 2003 له رۆژانی كه‌وتنی به‌غدادا كه خه‌ڵكی هه‌مووی به‌دیار شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه حه‌په‌سا بوون، من كتێبی (یاری کەلا شووشه‌كان)ی هێرمان هێسه-م ده‌خوێنده‌وه كه قورسترین كتێبی نووسه‌ره!!