بۆچی دەیانەوێت بابەتی سلێمانی بە سیاسیی بکەن؟

09:40 - 2023-01-09
نێرگز قادر
324 خوێندراوەتەوە

ماوەیەکە ئەوانەی چاویان بە جوانییەکانی سلێمانیدا لە سەرجەم بوارەکان هەڵنایەت، لێرەو لەوێ، هێرشی ناڕەوای میدیایی دەکەنە سەر ئەم شارەی مەڵبەندی رۆشنبیران و هونەرمەندان شاری هەڵمەت و قوربانی.
دەبینین کە هەندێک رووداو گەر بچووکیش بن، بەڕادەی کردنی مێش بە گامێش گەورە دەکرێت و بۆ کاری باشیش شیکردنەوەی هەڵە و پێچەوانەی بۆ دەکەن و دەیانەوێت جوانییەکانی و خزمەتکردنی شارەکە سەرەونگووم بکەن و تێکی بدەن، بە نموونە لە شەوی سەری ساڵدا زۆر بوون ئەوانەی تەمەننایان دەکرد ئەو کەشەی بۆ دڵخۆشی و شادیی خەڵکی سلێمانی و بگرە شارەکانی تریش رەخسێنراو و ئامادەکرابوو، سەرکەوتوو نەبێت.
بە هەموو بارێکدا دژبەر و ناحەزانی دانیشتوانی سلێمانی و دەسەڵاتەکەی ئێرە دەیانویست ئەو رووداوانەی روویاندا بەڕادەیەک گەورە بکەن و بەلاڕێیاندا ببەن کە تەواو جیاوازبێت لە قەبارەی خۆی و رووی راستەقینەی رووداوەکان، بەتایبەت رووداوەکەی هوانە.
هیچ نامۆ نییە شارێک دانیشتوانەکەی سەدان هەزار کەس بن و رووداوی هاوشێوە و بگرە خراپتریشی تێدا رووبدات، وەنەبێت ئەو شارو ناوچانەی ئەوانی لێوە ئاراستە کراون بێ کێشە و رووداوی ناخۆش بێت بگرە لەوانەش خراپتر هەیە وەک ئەوەی رۆژانە دەیانبینین و دەیانبیستین، ئێستا ئەوەی زۆر شوورەییە و مایەی شەرمە ئەو ناوچەگەرێتی و شارچێتییەیە کە بەزەقی لە میدیای هەندێک لایەنەوە دەیبینین.
بە بۆچوونی من هەولێر بێت یا سلێمانی یا دهۆک، جیاوازییەکی نییە، هەموو هەر هاووڵاتی ئەم نیشتمانەن، پۆلیس گەر کەمتەرخەم بێت، هەر پۆلیسی ئەم وڵات و حکومەتەیە و کاری باش بۆ هەموانە و پێویستە بەشێکی کەمتەرخەمیش بگرینە ئەستۆو برا بەشی بکەین.
بۆیە پێویست ناکات بەهۆکاری سیاسییەوە زیان بەم نیشتمان و خەڵکە بەشمەینەتەی بگەیەنین، هەر رووداوێکیش لە هەر کوێیەکی ئەم کوردستانە بێت، خەمێکی گەورەیە بەسەر رۆحمانداو بەرگێکی رەش و تارە بە باڵای هەمواندا دەبڕێت، بۆیە شوورەییە بۆ ئەو لایەن و میدیایانەی کە کارو پیشەیان بووەتە شارچێتی و بەهۆکاری سیاسیی و حزب حزبێنە و مەرامی خراپیان، دەست بۆ جوانی و ئارامیی سلێمانی دەبەن.

وتارەکانی نوسەر