کورد و ستراتیژی نەتەوەیی لە عیراقی فیدراڵدا

10:38 - 2023-01-11
ئارام هادی
442 خوێندراوەتەوە

بیستەکانی سەدەی رابردوو بە سەردەمی رێکەوتنە جیهانییەکان هەژماردەکرێت، لێکەوتە خراپەکانی ئێستاش بەسەر کوردەوە ماوە، ئاڵۆزی زیاتری لەم دەیەیەدا دروستکردووە و وڵاتانی ناوچەکەش ئەولەویەتیان داوە بە دەستوەردان لە خاکی دراوسێکانیان و هەڕەشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر کورد ناچارمان دەکات پرسیار بکەین، «دوای سەد ساڵ، کاتی ئەوە نەهاتووە کورد بیر لە ئایندەی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە»؟.
بۆ هەرێمی کوردستانیش بەغدا خاڵی دوورخستنەوەی مەترسییەکانە، پێویستە 2023 سیاسییەکانی کورد پەیوندی باشتر لەگەڵ عیراقییەکان دروست بکەن، بارەگای حزبەکانیان دوای سلێمانی و هەولێر لە بەغداش بکەنەوە، حکومەتی هەرێمیش بەرەو سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا هەنگاوبنێت، حزبە کوردییەکان سنورەکانی هەرێم تێپەڕێنن و کاری سیاسی سەرتاسەری لە عیراقدا بکەن، لەبەر ئەوەی تورکیا نیازی هەیە لە 2023 فشارەکانی بۆسەر عیراق چڕتردەکاتەوە، بەمەبەستی لێکترازانی زیاتر ئەمەش دەستی ئەو وڵاتە واڵادەکات بۆ داگیرکردنی ویلایەتی موسڵ وەکو جێبەجێکردنی میساقی میللی. 

میساقی میللی
تورکیا لەمێژە نیازی هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنی لۆزان و زیندووکردنەوەی میساقی میللی هەیە، ئەمساڵیش وەکو دوا دەرفەت بە یادی سەد ساڵەی لۆزانەوە کار بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجەی  دەکات.
لە راستیدا میساقی میللی هیچ پاڵپشتێکی یاسایی نییە و ئەگەری جێبەجێکردنی نزیکە لە سفر، عورفی سیاسی وایە نەتەوەیەکگرتوەکان هاوشێوەی کۆمەڵەی نەتەوەکان کار بە بڕیارێک ناکات پاڵپشتی یاسایی نەبێت، لەبەرئەوەی میساقی میللی‌ توركی لە28ی كانونی دووه‌می 1920 به‌پێی ئاگربه‌ستی «مه‌نده‌رۆس» کە لە 30ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1918 ‌له‌نێوان (ئیتاڵیا، فەرنسا، به‌ریتانیا) و ده‌وڵه‌تی عوسمانی واژۆكرا و سنووری توركیا دیاری كرا، كه‌ سنوری توركیای ئێستا تێئه‌په‌رێنێت بۆ سوریا و عیراق و شاره‌كانی حه‌ڵه‌ب و موسڵ و كه‌ركوك و هه‌ولێر و سلێمانیشی ده‌گرتەوە، بەڵام دوای تێگه‌یشتنی به‌ریتانییه‌كان له ‌گرنگی سنووری جوگرافیا و هه‌ڵكه‌وته‌ی موسڵ، ئاگربه‌ستی «مه‌نده‌رۆسیان» پشتگوێ خست و موسڵیاندا له ‌ده‌ستی عوسمانی ده‌رهێنا و دواتر کردیانە سەرنەخشەی عیراق، بەمەش میساقی میللی هەڵوەشایەوە، جارێکیتر تورکیا لە کۆبونەوەی ژمارە (30)ی کۆمەڵەی نەتەوەکان لە 30-9-1924 داوای گەڕاندنەوەی موسڵی کرد و دواتر لە 31-11-1924 لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ پێکهات و دەرئەنجامی بڕیاری لیژنەکە بەشکستی تورکیا کۆتایی هات و دووبارە ویلایەتی موسڵی بە خاکی عیراق لە قەڵەم دایەوە. 
لەلایەکی ترەوە ئەو میساقە میللییە لەسەردەمی عوسمانییەکان لە 28-1-1920 مۆرکراوە، لەکاتێکدا تورکیا خۆی بە بڕیاری نێودەوڵەتی ئامادەیی دەربڕی بە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی، ئیتر چۆن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بەبڕیارێکی لۆکاڵی ئیمپراتۆریەتێکی هەڵوەشاوە دەکەن؟!، هەروەها لە دەستپێکی جێبەجێکردنی بەند و خاڵەکانی رێکەوتننامەی سێڤر لە 3-3-1924 کاریان بە میساقەکە نەکرد، میساقەکە هیچ قورساییەکی یاسایی نییە، تورکیا هێزی خۆی لە دژی کورد و ترساندنی بەکاردێنێت، تەنها لەیەک کاتدا تورکیا نیمچە شەرعیەتی نێودەوڵەتی وەردەگرێت هاوشێوەی سوریا رەوشی عیراق تێکبچێت، ئەوکات هەژموونی خۆی بەزۆرەملێ بەکاردێنێت بۆ جێبەجێکردنی میساقەکە. 

چارەنووسی دوو رێکەوتننامەکە
لە  24-7-2023 سەد ساڵ بەسەر رێکەوتننامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت، ئەو رێکەوتنەی کە ماددەکانی (62. 63. 64)ی رێکەوتننامەی سێڤری تایبەت بە دیاریکردنی چارەنووسی کوردی کەنارگیرکرد، ئەم رێکەوتنە لە شاری لۆزانی سویسرا بەسترا، (عیسمەت ئینونو)ی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا سەرۆکی تیمی دانوستانکاری کۆماری تورکیابوو، نەیهێشت لە رێکەوتنەکەدا بە وشەیەک ناوی کورد و کوردستان بهێندرێت و چارەنووسی کوردی بە نادیاری هێشتەوە، لە کاتێکدا ئەم کاک عیسمەتە بۆخۆی کورد بوو!!
زۆرجار لێرەو لەوێ گوێبیستی بەرپرسانی تورکیا دەبین کە باس لە هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتننامەی لۆزان دەکەن لە دوای سەد ساڵ واتە لەم ساڵی 2023دا کە ئەمەش مەترسی لای کورد دروستکردووە، بەڵام ماوەی کۆتایی هاتنی رێکەوتنی سێڤر و لۆزان دوای سەد ساڵ هیچ راستییەکی تێدا نییە ئەو رێکەوتنانە بۆ هەتا هەتایین دیاریکردنی سەد ساڵ بۆ ماوەی جێبەجێکردنەکەیە نەک کۆتایی هاتن، مەگەر سەرلەنوێ لە دوای شەڕێکی جیهانی نەخشەی دنیا و سنوورە دەستکردەکان بەگشتی گۆڕانکاری ریشەیی تێدابکرێت، گەر هات و تورکیا بەزۆر رێکەوتننامەی لۆزانیشی هەڵوەشاندەوە.. هیچ ترسێکی ناوێت چونکە ئەم رێکەوتنە وایکرد کورد نەبێتە خاوەن دەوڵەت و رێگریش بوو لەوەی کورد وەکو نەتەوە ناوی لە عصبە الامم (کۆمەڵەی نەتەوەکان)ی کۆن تۆمار بکرێت، تائێستاش رێگرە لە تۆمارکردنەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
رێکەوتننامەیەک جگە لە زەرەر و ماڵوێرانی هیچ قازانجێکی بۆ کورد تیانەبێت ئەمساڵ هەڵوەشێتەوە باشترە لە ساڵانی ئایندە، لانی کەم ئەگەرێک دێتەپێش بۆ ئەوەی کورد دەرفەتێکی بۆ بڕەخسێت باسی زیندووکردنەوەی ماددەکانی (62-63-64)ی رێکەوتننامەی سێڤر بکات کە لەڕووی یاساییەوە تائێستا هەڵنەوەشاوەتەوە. 
لەلایەکی تریشەوە لە سێڤردا تەنها کار بە مادەکانی (62-63-64)ی تایبەت بە پرسی کورد نەکراوە گەرنا تورکیا خۆی دانی ناوە بە ماددەی ٢٧ی سێڤر بۆ خوارووی وڵاتەکەی، هاوکات مادەکانی (84 تا 121)ی رێکەوتننامەی سێڤر کە تایبەتە بە وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقا و  یۆنان و ئەرمینیا تائێستاش کاری پێدەکرێت. 
تورکیا لە رابردوودا بە یاسایی داوای ویلایەتی موسڵی لە کۆمەڵەی نەتەوەکان کرد پێی نەدراو شکستی هێنا، بە هێرشی راستەوخۆی سەربازیش ناتوانێت پەلاماری عیراق بدات لەبەرئەوەی سنووری دانپێدانراوی نێودەوڵەتی هەیە، تاکە دەرفەتی تورکیا تێکچوونی رڕەوشی عیراقە هاوشێوەی سوریا، ئەوکات دەتوانێت ویلایەتی موسڵی کۆن بەداگیرکاری بخاتەوە سەر وڵاتەکەی، پێویستە پلانی ئە (A)ی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەی خواستی تورکیا بێت و گرنگی بە بەهێزبوونی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ عیراقی فیدراڵ بدەن. 
کورد و عەرەب لە عیراقدا باشتردەبێت لەم راستیانە تێبگەن، لەم جۆرە سیاسەتەدا یەک و یەک دەکاتە دوو واتا پێویستە پێکهاتەکانی عیراق پەڕەی زیاتر بە پەیوەندییەکانیان بدەن، بەغدا هەوڵی لاوازکردنی هەرێم نەدات بەپێچەوانەشەوە ئاڕاستەی سیاسەتی هەرێم رووە و بەغدابێت، نابێت عیراق لە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان بترسێت و هەرێمیش لە بەهێزبوونی عیراق وابزانێت فیدراڵی قوت دەدات، سەقامگیری عیراق پەیوەستە بە پارێزگاریکردن لە فیدراڵی، چۆنیەتی دروستبوونی عیراقی نوێ ئاشکرایە بەتەنها عەرەبەکان دروستیان نەکرد، بەڵکو سەرکردە کوردەکان بەتایبەت سەرۆک (مام جلال) دەوری گرنک و پڕ بایەخی لە بنیاتنانەوەی عیراقدا بینی، سیاسەتی قووڵکردنەوەی لێکترازانی هەرێم و ناوەندیشمان بینی لە 2012 بەدواوە کە رێگەی بۆ دەستوەردانی دەرەکی خۆشکرد، ئامادەبوونی بەردەوامی سەرکردەی حزبە کوردیەکانیش لە بەغدا وادەکات سوود و دەستکەوتی گەورە بۆ کورد بەدەست بهێنرێت، لە ئێستاشدا سیاسەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغدا سیاسەتێکی زۆر ئەقڵانیە و ئەم سەرکردەیە یەکێک بوو لەو سیاسیانەی رێگەی نەدا ئەجێندای دەرەکی بۆ تێکدانی عیراق دوای هەڵبژاردنەکەی 2021 سەربگرێت، بوونی ئەویش لەمساڵدا لەبەغدا تا زیاتر و زیاتربێت سەقامگیری هەرێم و بەغدا باشتردەبێت و کوردیش لە مەترسییەکان دووردەخاتەوە.
هاوکات کورد لە ئاستی هەرچوارپارچەش پێویستی بە بەهێزبوونی زیاتری پەیوەندییەکان هەیە لەگەڵ یەکتر، لە زۆر بابەتیشدا پێویستە سنوورە دەستکردەکان تێپەڕێنن بەتایبەت لە تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی و بواری رێکخراوەیی مەدەنی و پێکەوە کارکردنیان لەڕووی دیپلۆماسییەوە لە جیهانی دەرەوەدا. 

سەرچاوە
1- 
رێکەوتننامەی سایکس بیکۆ
2- میساقی میللی ناوخۆیی تورکیا
3- رێکەوتننامەی سێڤر
4- رێکەوتننامەی لۆزان

وتارەکانی نوسەر