لێكەوتەكانی ویستی تاكڕەوی

09:22 - 2023-01-16
ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌
546 خوێندراوەتەوە

بە روانین لە سیستمی حوكمڕانیی ئێستای هەرێمی كوردستان، تێدەگەین كە ویستی تاكڕەوی و بیركردنەوەی دەسەڵاتخوازانە، چۆن ئەم هەرێمەی لە بانگەشەی (بنیادنانی كوردستانێكی بەهێز) بەرەو پەرتبوون و لەبەریەكهەڵوەشانەوە بردووە. ئاماژەكانی ئەم ویستە كە ئێستا بۆتە ویستی زاڵ لە حوكمڕانیدا و عەقڵیەتی جوگرافیایی و ناوچەگەرێتی بەڕێوەی دەبات، وایكردووە دۆخێكی هەستیار و نەخوازراوی سیاسی و پەیوەندیی سیاسی لێبكەوێتەوە.
ئەم جۆرە حوكمڕانییە، بەراورد بە كابینەكانی پێشووتری حكومەتی هەرێم وایكردووە پڕۆژەی گەشەپێدانی سیستمی حوكمڕانی لە هەرێم لە خاڵێكدا بوەستێت، لەبری برەودان بە چاكسازیی وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت، بۆتە كابینەی تەنگەژە و مەرامە راستەقینەكانی حوكمڕانی بەرەو پووكانەوە دەڕۆن.
بە روانین لە بارودۆخی سیاسیی ئێستای هەرێم، بۆمان دەردەكەوێت كە سیستمی سیاسی، پەیوەندیی نێوان حزبەكان، هەنگاوەكانی چاكسازی و...تاد. لەم كابینەیەدا هەمووی لە پاشەكشە و تەنگەژەدایە. بەمەش ئەگەر فۆرمی هەڵسەنگاندن بخەینە بەردەم رای گشتی، ئەوا بێگومان دەرەنجامەكەی شتێكی دڵخۆشكەری لێنابینرێت.
بیركردنەوە و ویستی تاكڕەوی لەم كابینەیەدا؛ یەكەم و دوائامانجی سەرۆكی حكومەتە، بۆیە كاتێك دەبینێت هاوبەشەكانی لە پراكتیزەكردنی دەسەڵات و حوكمڕانییەكەی دووردەكەونەوە و رازی نین ببنە بەشێك لەو سیستمە خۆسەپێنییە، ئەوا لەبری بیركردنەوە شێوازی دیكەی هاوبەشی لە حوكمڕانیدا، بەدوای زیاتر قایمكردنی جێ پێی خۆیدا دەگەڕێت. 
رەنگە خێرا نەبین لە بڕیاردان، بەڵام ئێستا تارمایی ئەم جۆرە دەسەڵاتە تاكڕەوە، رەنگدانەوەی زۆری بەسەر كۆی دامودەزگاكانەوە هەیە، بۆتە مەترسی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، كەلێنێكی گەورەی لە پەیوەندیی سیاسی نێوان حزبەكان دروستكردووە. دواجار ئەم تارماییە بۆتە مەترسی لەسەر دروشمە سەرەكییەكی خۆی، كە كوردستانێكی بەهێزە!.
بەگشتی رەنگدانەوەی ئەم شێوازە حوكمڕانییە، كاریگەرییەكی زۆری لە قووڵكردنەوەی قەیرانە فرە لایەنەكان لە هەرێمدا هەیە. كاركردن بە ئامانجی جیاكردنەوەی سنوورەكان و تۆخكردنەوەی زۆنەكان، كاركردن بۆ بەواقیعیكردنی هاووڵاتی پلەیەك و پلەدوو، كاركردن بۆ دروستكردنی هێزی چەكدار و میلشیای كەسی و بنەماڵەیی و ...، كە ئەمە دەبینین لە هەمانكاتدا پاشەكشەیەكی واقیعی ئەم كابینەیە دەبینین لە كابینەكانی پێش خۆی.

وتارەکانی نوسەر