هەرێمی كوردستان لە چەند مانگی رابردوودا تا ئەم ساتەوەختە، رووبەڕووی تەنگژەیەكی دروستكراوی سیاسی زۆر بۆتەوە، كە بەهۆیەوە پەیوەندی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان رووی لە ساردوسڕییەكی زۆر كرد. كۆی ئەو تەنگژەیەی كە دروستبووە لە راستیدا پەیوەندیی بە بیركردنەوەی ئاڕاستەی سیاسیی سیستمی حوكمڕانییەوە هەیە، كە دووبارە نامانەوێت باس لە وردەكاریی دروستبوونی ئەو تەنگژە دروستكراوە بكەین.
ئێستا كە تێگەیشتنێك بۆ تێپەڕاندنی ئەم هەلومەرجە دژوارە دروستبووە، دەبێت چاومان لە كرانەوەی دەرگای گفتوگۆكان بێت. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە هەمیشە لە گوتاری سیاسیی خۆیدا جەختی لەسەر گفتوگۆی بنیادنەرانە و ئاشتەوایی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان كردۆتەوە، ئێستا لەپاڵ ئەوەدا جەخت لە خاڵێكی گرنگتر دەكاتەوە وەك بنەمایەكی پتەوی نێوان لایەنە سیاسییەكان، ئەویش بوونی متمانەیە. لە راگەیەندراوەكەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی-دا لەكۆتایی هەفتەی رابردوو، بە روونی جەت لەسەر ئەو بنەمایە كراوەتەوە: «كوردستان ئەو كاتە بەهێزترە كە متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا هەبێت و پێكەوە لەپێناوی كوردستان و خەڵكەكەیدا خەبات بكەین». لەم قۆناغەدا كە پەیوەندیی سیاسی نێوان لایەنەكان رووی لە كزیی و لاوازی كردووە، متمانەی بەیەكەوە كاركردنیش لاواز بووە.
لە راستیدا بژاردەی تەبایی و یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان، بەبێ بوونی متمانەیەكی بەهێزی نێوان لایەنەكان ناتوانرێت ببێتە ئەو زەمینە و سەكۆیەی كە سەرجەم لایەنە ناكۆكەكان لە دەوری خۆیدا كۆبكاتەوە. بۆ یەكێتی، كاتێك ئەم بژاردەیە ئامانجی خۆی دەپێكێت، كە ئەو متمانەیە بگەڕێتەوە و ببێتە بنەمای سەرەكی لە پەیوەندیی سیاسی و سیستمی حوكمڕانیدا.
گەڕانەوە بۆ بژاردەی گفتوگۆی تەبایی و یەكڕیزیی، دەبێت لەگەڵ خۆیدا كۆتایی بە تاكڕەوی لە سیستمی حوكمڕانیش بهێنێت، ئەزموونی هەنووكەیی سیستمی حوكمڕانیی ئێستا پێمان دەڵێت «بەبێ نیەتی چارەسەری بنچینەیی كێشەكان، هیچ گفتوگۆیەك لە داهاتوودا ناتوانێت بە ئاڕاستەی تەبایی و یەكڕیزیمان بەرێت». بۆیە ئێستا كە لەبەردەم دەرگای گفتوگۆداین و نیەتی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانمان هەیە، مادام پێمانوایە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بنەماكانی رێكەوتنی سیاسیی پێكهێنانی حكومەت، ئەوا دەبێت دانبەوەدابنێین كە ئەم سیستمی حوكمڕانییە لە ئاست پێویستدا نەبووە، هەروەك خاڵەكانی رێكەوتنی سیاسیی پێكهێنانی حكومەت لەبەرچاونەگیراون.
پیشاندانی نیەتی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان، دەبێت كۆتایی بە ئەزموونی تاكڕەوی لە بەڕێوەبردنی سیستمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بهێنێت، بەبێ ئەم بنەمایە ناتوانین بە ئامانجە سەرەكییەكە بگەین كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناوی ناوە بژاردەی تەبایی و یەكڕیزیی.