ئاشتبوونەوەی یەكێتی و خەڵك

09:40 - 2023-01-16
نێرگز قادر
433 خوێندراوەتەوە

لەدوای رووداوەكانی هەشتی تەمموزەوە، یەكێتی پێی ناوەتە قۆناغێكی تازەوە، قۆناغی راستكردنەوەی رێڕەوی  یەكێتی و پاكردنەوەی یەكێتی لە گرفت و كێشەكانی ئەو رۆژگارە. سەرەتا لە نێوخۆی یەكێتییەوە دەستیپێكرد، گەرچی رووداوەكان لە سەرەتادا  بۆ یەكێتییەكان نامۆ بوون، بەڵام ئێستا هەموان گەیشتن بە كرۆكی راستییەكان.
دوابە دوای ئەوەش بەستنی دیداری یەكێتی رۆڵی كاریگەری هەبوو لە گۆڕانكارییەكانی نێوخۆی حزبەكەدا، بەتایبەتی گۆڕانكاری لە هێزە ئەمنییەكان و نەهێشتنی هێزی كەسی و چەندین بابەتی تر.
ئێستا یەكێتی قۆناغی خزمەتكردنی خەڵكی دەستپێكردووە كە لە چارەسەركردنی كێشەی پیشەوەران و خوێندكارانەوە دەستیپێكرد بەردەوامە بە ناشتنی ملیۆن نەمام بۆ پارێزگاری لە ژینگەی كوردستان. هەنگاوی باشی ناوە بۆ نەهێشتنی مافیاچێتی و سەرانە وەرگرتن و كۆتاییهێنان بە زیادەڕۆیی و داخستنی یانەكانی شەوانە و شوێنی نەشیاوی دوور لە ئادابی كۆمەڵایەتیی كوردەواری لە شاری سلێمانی و چەندینیتر، ئێستاش جووڵەی گەورەی رۆشنبیری لەم ناوچەیە بەردەوامیی هەیە.
ئێستا یەكێتی بەوپەڕی بڕوا بەخۆبوونەوە لە بەرامبەر مافەكانی خەڵكدا رووبەڕووی حكومەتی تاكلایەنیی هەرێم وەستاوەتەوە و سازش لە مافەكانی هاووڵاتییان ناكات.
پێشتریش هاووڵاتییان لەسەر ئەم بابەتە نیگەرانییان هەبوو، بەڵام ئێستا یەكێتی یەكێتی خەڵكە و بە شەفافی داهاتی سلێمانی بۆ هاووڵاتیان رووندەكاتەوە.
یەكێتی لەخۆڕا رەخنەی لە حكومەت نییە، ئەوەتا ئێستا یەكێتی قۆناغی ئاشتكردنەوەی یەكێتی و خەڵكی بە سەركەوتوویی دەستپێكردووە و بەردەوامە، لە بەرامبەر ئەم بەهێزییەی یەكێتیدا، جگە لەوەی تەنگی بە هەندێك لایەن هەڵچنیوە، زۆر لەو لایەنانە بە ناوی سەربەخۆییەوە مزایەدەیان بەسەر خەڵكی ئەم وڵاتەدا دەكرد، بەڵام یەكێتی قەوارەیانی بچووك كردەوە، ئێستاش جگە لە بێدەنگی هەڵبژاردەیەكی تریان نییە.
كەواتە هەموان لە چاوەڕوانیی ئەوەداین یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا دەرەنجامی ئاشتكردنەوەی خەڵك ببینێت و بەهێزێكی گەورەوە ئەنجامێكی گەورە بەدەست بهێنێت.

هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمام بەردەوامە بۆ سەوزکردنی خاک

وتارەکانی نوسەر