لەناو رووداوەکاندا

بەغدا وەك قووڵایی ستراتیژیی كورد

09:44 - 2023-01-16
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
252 خوێندراوەتەوە

گەورەترین كردەی هەڵە کە كورد دەستی بۆ بردبێت، بابەتی دووركەوتنەوە و پشتکردنە بەغدا بووە   لە رابردوودا، ئەم روو وەرگێڕانەی كورد، پێش هەر شتێك كارێكی سیاسی ورد و دیراسەكراو نەبووە. 
بەغدا «وەك ناوەندی دەسەڵات و بڕیاردان»، هەرچەندە روویەكی گەش و خۆشی لەگەڵ كورد نەبووبێت، بەڵام دواجار گەڕانەوە بۆ ئەوێ وەک پایتەختی دەوڵەتی فیدراڵ و كۆبوونەوە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی عیراق، ئۆپشنێكی عەقڵانیترە.
هەر بەهێزبوونێكی كورد مانای پشتكردنە بەغدا نییە، بەڵکو هونەری سیاسی ئەوەیە كە لە باشترین دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی خۆیدا، کورد بەغدا بە قووڵایی ستراتیژیی خۆی بزانێت، چونكە هەرسێ لینكی «ئەمنی و سیاسی و ئابووریی» كورد، راستەوخۆ پێچراوەیە بە دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی عیراقەوە، جا ئەوە بە ویستی كورد بێت یان نا، دەبێت كورد لە بەغداوە ئەو سێ لینكەی بە ئەندازەیەك بەهێز بكات كە بتوانێت لە ناوچەكەدا جووڵەی سیاسی بكات، نەك پێمانوابێت بەهەر جووڵەیەكی بەتاڵانبردنی ئابووری لەگەڵ هەر وڵاتێكی ئیقلیمی و  جیهانیدا، دەتوانین بەهێزبین و کارمان بە بەغدا نەبێت.
گەڕانەوەی هەر حزبێكی كوردی بۆ جۆشدانەوەی كوانووی كوردایەتی لە بەغداوە، ئەو وێنە مێژووییەیە كە لە قۆناغەكانی دانوستانیشدا لەگەڵ بەعس و سەدام، كورد نەیویستووە بەغدا تووڕ بدات، هەنگاوێكی گەورەیە بەتایبەتی لە ئێستادا كە بەغدا بە چاوی قووڵایی ستراتیژیی خۆمان ببینین و هەر هەڵە و كەموكورتییەكیش لە ماوەكانی رابردوودا کە كورد لەگەڵ بەغدا هەیبووە، چاك بكرێتەوە و لینكە بچڕاوەكان لەیەکتریی گرێ بدرێتەوە. 
سەرەڕای ئەو راستییەش، مادام سیاسەتیش بە رق و كینە بەڕێوەناچێت، كەواتە ئەوەش گەڕانەوەکە بۆ پایتەخت دەكاتە پێویستی و نابێت لە كات و ساتی گرنگدا کورد ئەوێ بەجێبهێڵێت و دوای هەر جۆرێك لە عینادیی سیاسی و خۆبەزلزانین بکەوێت بە ناونیشانی «خۆنەچەماندن».
گۆڕینی ئاراستەی سیاسی كورد بەرەو بەغدا، واتە گۆڕین و دەستكاریكردنی ئەو وێنە مادییەی كە پێشتر بۆ پایتەخت نەخشێنرابوو. پێویستە ئەم گەڕانەوەیە، ئەوێ بۆ كورد بكاتە قووڵایی ستراتیژی، واتە ئیدی بەغدا تەنها شوێنی وەرگرتنی پارە نەبێت، وەك ئەوەی لە پێشوودا هەرێم كێشەی دیکەی لەگەڵ بەغدادا نەبووبێت جگە لەناردن و نەناردنی پارە، چونکە لەبیرمانە ئەگەر پارەشی ناردبێت، پێشتر هەمیشە وا وێنا كراوە کە كێشەی بۆ هەرێم دروستكردووە! 
بە مادیكردنی گرفتەکانی کورد لەگەڵ بەغدا پێش هەر كەس و نەتەوە و حزبێك بۆ خودی كورد خراپە و بچووككردنەوەی پرسی كوردە لە چوارچێوەی دەستکەوتی مادییدا. 
بە پێچەوانەوە كاتێك بەغدا دەبێت بە قووڵایی ستراتیژی و دوور لە رەهەندە مادییەکە، ئیدی لەوێوە دەتوانین چاودێریی ماف و داخوازییەکانی كورد ببین و لە دەرەوەی پەیوەندیی مادی و حزبایەتی و بەرژەوەندیخوازییەوە لێی بڕوانین.

وتارەکانی نوسەر