رۆڵی نووسەران، لە پاریسەوە بۆ سلێمانی

10:17 - 2024-03-28
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
168 خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد



لەسەر بنەمای (وەزیفەی ئەخلاقی رەخنە) شتێکی زۆر نۆرماڵ و دیموکراسیانەیە بەلامەوە کە مووچەخۆران و مامۆستایان و هەر تاکێکی ئەم وڵاتە رەخنە لە حزبەکەی من «یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان» بگرێت، بەڵام کاتێک خەڵکانێک و چەند رۆژنامەنووس و ناوەندێکی راگەیاندن دەبینم، لە یەکێتی دەخۆن و رەخنەکانیشیان هەر لە یەکێتییە، ئەوە بەلامەوە جگە لە دیماگۆجی و دووڕوویی و پارادۆکس، هیچیتر نییە.

پێدەچێت لە ناڵیش بدەن و لە بزماریش
ئەو کەس و رۆژنامەنووس و ناوەندانە ئەگەر لە سلێمانی و لەلای یەکێتی نەبوونایە، نەدەبوون بەو ناوەی کە دەرگای هەموو لێپرسراوەکانی یەکێتی بە روویاندا کراوە بێت و کۆڕ و کۆبوونەوەی یەکێتییانە و هەڤاڵانە نییە، ئەوان لەوێ دانەنیشتبن! من هێندەی ئەوان بەو ئاسانییە ناتوانم سەرکردەکانی حزبەکەم ببینم!
جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، رووی قسەم لەو کەسانە نییە کە مافێکی رەوایان لەلای حکومەتە و تەنها یەکێتی شک دەبەن ئەو مافەیان بۆ وەربگرێتەوە و ناچاریشن لە دەرگای یەکێتی بدەن، ئەگەر جارێک و چەندان جاریش تووشی سزا و ئەشکەنجەدانیش ببنەوە، بەڵکو رووی قسەم لەوانەیە کە لە ناڵیش دەدەن و لە بزماریش، تیکەی چەوری یەکێتیش دەخۆن و سفرەش دەدڕن!

ئەگەر ئەو کەسانە بەڕاستی نووسەر و رۆژنامەنووسن و چاکەی گشتییان دەوێت، بۆچی تەنها بۆ یەکجاریش پێشڕەویی خۆپیشاندانێک لە هەولێر و دهۆک، دژی لایەنی یەکەمی ناو حکومەت ناکەن؟ 


بەبێ یەکێتی هیچ نین
بەوان دەڵێم، ئێوە هێشتا لە سایەی یەکێتی و بە هاوکاریی یەکێتییەوە شتن، وەک بەڵگەی بوونی ئازادی لەلای یەکێتی، ئەوەندە بەسە لە سلێمانییەوە دەتوانن رەخنە لە هەولێر و حکومەت بگرن، جگە لەوە چیتان لەدەستهاتووە؟ 
ئەگەر ئەو کەسانە بەڕاستی نووسەر و رۆژنامەنووسن و چاکەی گشتییان دەوێت، بۆچی تەنها بۆ یەکجاریش پێشڕەویی خۆپیشاندانێک لە هەولێر و دهۆک، دژی لایەنی یەکەمی ناو حکومەت ناکەن؟ بۆ وەک نووسەرانی رێنیسانس و شۆڕشەکانی فەرەنسا و خۆرئاوا نابنە داینەمۆی شۆڕشی سەرتاپاگیریی کوردستان؟ ئەگەر کەسێک نووسەر و رۆژنامەنووس و خوێنەر بێت، ئەوەی خوێندۆتەوە کە کاتێک لە (پاریسی فەرەنسا) شۆڕش دەستیپێکرد، نووسەران لە وڵاتانی دیکە درەختی ئازادییان چاند و هیوایان خواست ئەو شۆڕشەی پاریس بگاتە هەموو لایەکی ئەوروپا و هەرواش دەرچوو، بەڵام خێرە ئەم نووسەرانەی ئێمە تەنها لە پشتی شاشەکانەوە هێرش دەکەن بۆ سەر خاڵێکی دیاریکراو و بەمەبەستگیراو و هیچیتر؟ ئەرێ باشە ئاگاتان لێیە نیوەی کوردستان داگیرکراوە بەهێزی بێگانە؟ ئەرێ ئێوە پێتانوایە جگە لە سلێمانی لە هیچ شوێنێکی تر کەموکورتی و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان نییە؟
سیاسییە دووڕووەکان
بۆ ئەو کاکەی نووسەر و رۆژنامەنووسانەی روون دەکەینەوە ئەگەر چیرۆکی نووسەران و رۆشنگەرانی (ساڵۆنی بارۆن دۆڵباک)یان نەبیستووە، ئەوان وڵاتانی ئەوروپایان گەیاند بەم رۆژە و هەر ئەوان دەسەڵاتی کڵێسا و لویسەکانیان لەناوبرد، کەچی ئێوەش خۆتان سەربە لویسەکانی دەسەڵاتن و ژمارە مۆبایلی هەموو سەرکردایەتی یەکێتیتان لەلایە و «مەگەر تەنها خودا لێتان تێبگات».
لە شۆڕشەکانی پاریسەوە بۆ خۆپیشاندانەکانی سلێمانی، هیچ نموونەیەکی لەم شێوەیەی نووسەر و رۆژنامەنووس و ناوەندی میدیایی نەبووە، لە یەک کاتدا دوو هێزی هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزسیۆنبوونیان لە هەناوی خۆیاندا هەڵگرتبێت، ئەوا لە سلێمانی بینیمان!
ئەم دیاردەی پارادۆکس و یاریکردنەی هەندێک لە نووسەران و رۆژنامەنووسەران و دەزگاکانی سلێمانی لەیەک کاتدا هەم لەسەر پەتی یەکێتی و هەم لەسەر پەتی ئۆپۆزسیۆن و رەخنەگرتن لە دەسەڵاتی یەکێتی، ناشیرینکردن و خاڵیکردنەوەی مانای نووسەربوون و رۆژنامەنووسی راستگۆ و بێلایەنە لە کوردستان و ئیتر بڕوا بە رۆژنامەنووسێک ناکرێت رەخنەگربێت و بێلایەن بێت، وەک چۆن دیاردەی ئۆپۆزسیۆن لە ئێستای هەرێمدا ئەوەندە گومانی کەوتۆتە سەر، رەنگە لە داهاتوودا هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەش دەربکەوێت کەس بڕوای پێنەکات و کاری لەگەڵدا نەکات، چونکە ئەم مۆدێلە ئۆپۆزسیۆنە رۆحی راستەقینە و مانای ئۆپۆزسیۆنبوونی کوشت لە کوردستاندا.

وتارەکانی نوسەر