خورماتووش، كوردستانییە!

10:32 - 2024-04-16
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
207 خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم

 

قەزای خورماتوو جیاواز لە هەر ناوچەیەكی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كەمترین گرنگیپێدانی هەرێمی و حكومی هەیە، تەنانەت وەك ئەوەی خورماتوو ناوچەیەكی كوردستانیش نەبێت حكومەتی هەرێم ئاوڕی جدی لە ناوچەكە نەداوەتەوە و هەست بەجۆرێك لە پەراوێزخستن دەكرێت لەناو ئەو بایەخ و گرنگیدانانەدا كە بەناوچەو شوێنی دیكە دەدرێت.
ئەم ناوچەیە لەگەڵ ئەوەی لەلایەن لێپرسراوانی سیاسی و ئیداریی كوردو حكومەتی هەرێمەوە كەوتووەتە كەنارەوە و چالاكییە جۆربەجۆرەكان و فێستیڤاڵ و رێوڕەسمە كوردییەكان تێیدا وەک پێویست نییە، هاوکات لەبەردەم مەترسی تەعریبێكی هێواش و لەسەرخۆشدایە، ئەمە جگە لە مێنتاڵێتیی هۆزە توندڕەوەكان و زۆر لایەنی دیكەی ناوچەكەش.

خورماتوو كوردستانییە!، ناكرێت بە هەر بیانوویەكەوە بێت لەلایەن لێپرسراوانی هەرێمەوە ئاوڕی لێنەدرێتەوە

خورماتووش كوردستانییە!، بۆیە ناكرێت بە هەر بیانوویەكەوە بێت لەلایەن لێپرسراوانی هەرێمەوە ئاوڕی لێنەدرێتەوە. جیاكردنەوەی خورماتوو لە هەموو رووەكانەوە لە ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەلایەن حكومەتی خۆمانەوە هێڵێكی تەریبە بەو ویستە سیاسی و نەتەوەخوازییەی كە هەندێك لە شۆڤێنییەكان و نوێنەرە توندڕەوەكانی ناوچەكە دەیانەوێت، بەتایبەتی کە دڵخوازی ئەوەن ئەم شارە کوردستانییە تەواو لە كەلتوور و فەرهەنگی خۆیان داببڕن و هێواش هێواش بۆنە جیاجیاکان و  هەموو سیگناڵ و هێمایەكی كوردستانییەتی تێدا بسڕنەوە.
ئەوەی لە ماوەكانی رابردوودا وەك خزمەت پێشكەشی شارەكە كرابێـت و بەناوی كوردەوە بایەخی پێدرابێت، تەنها ئەو چالاكی و پرۆژانە بووە كە لەسەر ئاستی حزبی و تاكە كەسی كراون، ئەوەش بۆ ناوچەیەكی وەك خورماتوو كە لەبەردەم شەڕی ناسنامە و کەمیی خزمەتگوزار و زۆر شتی دیكەدایە، كارێكی هێندە گەورە نییە كە ناسنامەی مێژوویی خورماتوو بپارێزێت و لە هەر مەترسییەكی تەعریب و تەرحیل و سڕینەوەی هێما مێژووییەكانی شارەكە بە دووری بگرێت.
لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندەوە كەمترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە خورماتوو دەكرێت و هاووڵاتیانی ناوچەكەش نایشارنەوە كە هیچ حكومەتێك وەك پێویست خزمەتی نەکردوون.

وتارەکانی نوسەر