لەناو رووداوەکاندا

عیراق لە وێنەی ئێستایدا

09:44 - 2024-04-01
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
144 خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

عیراق لە وێنەی ئێستادا و بەراورد بە عیراقی دوای ساڵی 2003 و پڕۆسەی ئازادی، عیراقێکە بە هەموو ئەو خوێندنەوە نەرێنییە سەنتراڵییەوە کە ئەگەری دروستبوونی هەیە، بەڵام هێشتا بەهێزەوە بڕیار لەسەر گۆڕانکارییەکان و دوورخستنەوە یان دانانی لێپرسراوانی وڵات دەدات لە پلە باڵاکان و یەکە ئیدارییەکاندا.
بەمانایەکی دیکە، ئەو عیراقەی کە کەمترین جار سەری لە گێژاوی ناکۆکییەکانی دوو دەیەی رابردوو دەرهێناوە و  هەمیشە لەناو جەنگ و خوێنڕشتن و پێکداداندا بووە، لە پێکدادانی ناوخۆییەوە بۆ جەنگی داعش و پاشان پێکدادانی جەمسەرەکان و وڵاتانی ئیقلیمی، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا چەند سیگناڵ و ئاماژەیەکی بۆ دەرەوەی خۆی ناردووە وەک بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە کات و شوێنی خۆیدا، هاتن و رۆیشتنی چەند سەرۆک وەزیرانێک بە ناوی جیاواز، ئەزموونی سەرۆک کۆمارەکان و سزادانی چەند سەرکردەیەکی عیراقی و دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، پاشان سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش و هەڵکشان و باشبوونی دۆخی ئابووریی عیراق، پرسی کۆمسیۆن و پاکی لیستی ناوی دەنگدەران و بەهێزی بڕیارەکانی دادگای باڵا و .... هتد، مایەی دڵخۆشی و چاوەڕوانی زیاترە.
هەموو شارەزایان و چاودێرانی دۆخی سیاسیی و ئەمنیی و ئابووریی عیراق، هەڵەیەکی گەورە دەکەین ئەگەر بەبۆنەی زۆری ناشیرینییەکان و تاریکی مێژووی عیراقەوە، نەمانپەرژێتە سەر جووڵە باش و جوانەکانی دەسەڵات لە عیراقدا و پێمانوابێت ئەم دەسەڵاتە هیچی لەدەست نەهاتووە، ئەو هەنگاوە باشانە ئەگەرچی کەمن، بەڵام جوانن و سیگناڵی دڵخۆشکەرن کە بەسەر هەموو ناشیرینییەکانی دەسەڵات و جومگە جیاوازەکانی دەوڵەتدا دێن و دەگەنە گوێ و چاوی ئێمە، ئەم سیگناڵانە پێماندەڵێت بەغدا لەم دیمەنانەدا لە وڵاتێک دەچێت ئێستا هەنگاو بەرەو لووتکەی ویستەکانی دەنێت.
لە بارێکی دیکەشدا راستە ئەم سیگناڵانە هەموو شتێک نییە و مانای پاکبوونەوەی عیراق نییە لە هەموو ناشیرینییەکانی رابردووی، بەڵام ئەم هەنگاوانە خاڵی بەهێزە بۆ عیراقێک کە رەخنەی جدی لەسەرە لە مەسەلەی ئازادی و دیموکراسی و پێکدادانی ناوخۆییدا، بەڵام دەپرسم: بۆچی کارێکی خراپە ئەگەر پۆستی سەرۆک وەزیران لە نێوان پێکهاتەی شیعەدا و بەناوی جیاوازەوە دەستاودەست بکات؟ نەخێر هەرگیز بە خراپ و بێکاریگەر نایبینم و ئەم هەنگاوە گەلێک گرنگە بۆ عیراق تا فۆرمێکی نوێی کارکردن تاقیبکاتەوە.
لەسەر ئاستی گشتی، دڵخۆشی ئەم هەنگاوانە لەو جێگایەوە سەرچاوە ناگرێت کە عیراق بەرەو سەرزەمین و رۆژگارێک لە دەرەوەی مێژووی خۆی هەنگاو بنێت و بازدانی مێژوویی بکات، بەڵام دەتوانین بڵێین بڕیارەکان لەو جێگایەدا باشن کە لەوە دڵنیادەبین کابینە وەزارییەکەی داهاتوو هەمان کابینە وەزارییەکەی ئێستا نابێت و دەگۆڕدرێت، بەهەمانشێوە پێدەچێت سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەمان کەس نەبێت و دوور نییە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی دادگای باڵا و هەموو بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکانیش هەمان ئەو کەسانە نەبن ئەمڕۆ بڕیار لە کاروبار و سیاسەتی عیراق دەدەن، هەموو ئەم هەنگاوانەش پێماندەڵێت هێشتا عیراق لە دۆخی چەقبەستوویی و مردنی سیاسی و یاساییدا نییە و دەتوانێت بڕیار بدات.

وتارەکانی نوسەر