لەمێژوویەکی دوورەوە تا ئەمڕۆ، لەکۆی ئەو بابەتانەی لەسەر دادگا و پەیوەندی بە دنیای سیاسەتەوە خوێندومەتەوە، دوو دادگا بەشێوە و هەڵسوکەوتە خراپەکانیان سەرنجیان راکێشاوم، یەکەمیان «دادگای پشکنین»ە لە ئەوروپای سەدە تاریکەکان و دووەمیشیان «دادگای سەورە»ی بەعسە.
ئەم دوو دادگایە هەرچەندە بە زەمەن و شوێن دووربوون لە یەکترەوە، بەڵام دەتوانین بڵێین دووەمیان کۆپی یەکەمیان بوو، ئێستاش بەراوردکردنی «دادگای فیدراڵی عیراق» بە دادگای سەورە، نەدەبێتە نموونەی سەورە و نەبەراوردێکی ژیرانەشە، ئەم وێنە لەبەرگرتنەوەیە زیاتر لەناو شکستێکی سیاسی هەندێک لایەن و کەسدایە، ئەگینا قۆناغی دادگای سەورە تێپەڕیوە و هیچ دەزگایەکیش نییە ئەو وێنە لەبەرگرتنەوەیە بەرهەمبهێنێت.
کێشەی هەر لایەنێک لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ دادگای فیدراڵی و هێرشکردنەسەری و ناوهێنانی بە «دادگای سەورە»، ئەمە شتێک نییە لەخۆڕا و بەبێ ناونیشان ئەم ئیدیۆمە تووڕدرابێتە ناوناوان، لە پشتەوەی ئەم چیرۆک هۆنینەوەیەوە بۆ دادگای فیدراڵی ئەو واقیعە هەیە کە لێرە بەدواوە هاووڵاتیانی هەرێم لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە بەرەو بەغدا دەکشێن و بەغدا وەک قوڵایی ستراتیژیی خۆیان دەبینن، نەک رووکردنە وڵاتانی دیکەی دراوسێ بۆ قروشێک پارەی نەوت.
بەراوردکردنی «دادگای فیدراڵی عیراق» بە دادگای سەورە، نەدەبێتە نموونەی سەورە و نەبەراوردێکی ژیرانەشە
دادگای فیدراڵی لەلای هەرکەسێک لەو خاڵەدا لە دادگای سەورە دەچێت کە چەند دامەزراوە و بڕیارێکی هەڵوەشاندەوە کە بە مەبەستی پشتکردن لە بەغدا و رووکردنە تورکیا هەمیشە ئیشیانکردووە، بڕیارەکانی ئەم دادگایە لە دنیابینی ئەواندا بۆیە لە سەورە دەچێت، چونکە دژی هەموو ئەو ئەگەر و حەزانە بڕیاری دەرکردووە کە ویستوویانە دوای راپرسی یەکەمی هەرێمی کوردستان و جیابوونەوە لە عیراق، راپرسی دووەمیش بکرێت بۆ چوونە سەر تورکیا و دووبارەبوونەوەی هەمان چیرۆکی شاری «هەتای»ی تورکیا، تا بڕیارەکەی دادگای پاریسیش دژی نەوتی هەرێم ئەم خەونە بە زیندوویی مابووەوە و بەمشێوەیە بوو:
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، سوریا لە ئیمپراتۆریی عوسمانی جیابۆوە و بەچاودێری «کۆمەڵەی نەتەوەکان» بۆ ماوەی 20 ساڵ شاری (هەتای) و ئەنتاکیا و ئەسکەندەروونیش خرانەژێر رکێفی فەرەنساوە و لە ساڵی 1938 کۆتاییهات، بەهۆی دۆستایەتی ئەو دەمی پاریس لەگەڵ ئەنقەرە، تورکەکان لەپڕێکدا وتیان «هەتای خاکی ئێمەیە و بە عەرەبەکانی ئەو شارەشیان وت ئێوە تورکن»، لەکاتێکدا تا ئەو چرکەیە هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی و تەنانەت جوگرافیش نەبوو کە هەتای خاکی تورکەکان بێت، دوای چەند ساڵێکیش لە داگیرکردنی هەتای و بە پشتیوانی پاریس، ریفراندۆمێکی یەکەم لە هەتای کرا و تورکەکان بوون بە زۆرینەی شارەکە، بەڵام وەک بێلایەن مانەوە لەناو تورکیادا، لەو سەرووبەندەدا (تەیفور سۆکمەن 1980 ــ 1982) بووە سەرۆکی هەرێمی هەتای و (عەبدولڕەحمان مەلەک)یش بووە سەرۆک وەزیران.
دوای ماوەیەک لە بێلایەنی و نووسینەوەی دەستوور بۆ (هەتای)، مادەیەکی دەستوورەکە رێگەی دەدا کە هەتای ئازادە دەچێتە پاڵ هەر وڵاتێک، ئەوەبوو هەتای بڕیاریدا بچێتە پاڵ تورکیا و دواتر دەرکەوت کە سەرۆکی هەتای ئیشی بۆئەوە کردووە هەتای ببێتە ناوچەیەکی تورکی و ئامانجەکەشیان پێکا.