خەونی شەمەندەفەر و هێڵی ئاسن لە كوردستان خەونێكی كۆنە، خۆ ئەگەر بەدیش بێت رەنگە زۆر مایەی دڵخۆشی هەموو تاكێك بێت، بەڵام ئەم قسەوباس و خواستانەی لەبارەی هێڵی شەمەندەفەر و شەقامی 150 مەتری و هەزار پڕۆژەی وەهمی تر رەنگە جێگای دەستخۆشی بێت!، بەڵام نەك هەر 15 كیلۆمەتر لەولا شەقامی 150 مەترییەوە لە كەسنەزان بەرەو (هەورازە نەفتە) لە رێگای مەرگ خراپترە و نەك لە رێگا ناچێت، بگرە وا سیماكەی پلیكانەش تێدەپەڕێنێت!.
كاربەدەستانی ئەم وڵاتە لەبەرئەوەی خۆیان بە باشترین ئۆتۆمبیل هاتوچۆ دەكەن و كەمتر دێنە دەرەوەی شارەكان، بۆیە بێئاگان لەو رێگا سەرەكیانە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە زیاتر لە ساڵێكە دنیای بە هێڵی شەمەندەفەرەوە سەرقاڵكردووە، ئەی بۆ ناچێت دەستێك بەو رێگا لەكاركەوتوو و وێرانبووانەدا بهێنێت، كە رۆژانە قوربانی و ماڵوێرانی لێدەكەوێتەوە، با جارێ رێگای هەورازە نەفتە و هەموو رێگا وێرانبووەكانی تری خەتی خاریجی چاكبكاتەوە، ئینجا باسی هێڵی شەفەندەفەر بكات، خۆ ئەگەر راستیت دەوێت، دەبێت هەموو رێگاكان بكات بە دووساید، بەڵام ئێستا كە یەك سایدیشە هەر وێرانە! بۆیە كورد بەلاش نەیوتووە: ماڵی پڕ بوو لە رازیانە و منداڵەكەیان بە سک ئێشە مرد!.