هەرێمی کوردستان ئەو هەرێمەی بە قوربانیدانی هەزاران شەهید و تێکۆشانی هەزاران پێشمەرگە و بەخشینی جەستەی چەندین کەم ئەندام و خۆڕاگریی گەلی کوردستان هاتۆتە بەرهەم، ئەمڕۆ لە دەستدانی بۆتە جێگای ترس لەلای زۆرێک لە هاووڵاتیان و هەندێک جاریش لە لێدوانی هەندێک لە سیاسییەکانەوە دەیبیستین بۆ درێژەێدان بە سیاسەتی ناڕاست باسی دەکەن، بەس دەکرێت بزانین لە لەدەستدانی چی بترسین؟
هەرێمێک زیاتر لە دوو ساڵە بێ پەرلەمانە، حکومەتەکەی لە کاربەڕێکەریش تێپەڕیوە و هەر بەردەوامە و لەگەڵیشیدا ئاسۆی دروستبوونی حکومەتی نوێ ناڕوونە، ئەنجومەنی پارێزگاکانی، دوای تەواوبوونی وادەکەیان زیاتر لە سێ ساڵە نەماوە، حکومەت مووچەیەکی زۆری فەرمانبەران قەرزارە، باج و بارگرانییەکی زۆر لەسەر هاووڵاتیانە، نرخی سووتەمەنی، سێ قاتی شارەکانی تری عیراقە، نرخی کارەبا بەرزە، رۆژ بە رۆژ رێژەی بێکاری زیاد دەکات و بەهۆی سیاسەتی هەڵەی (ئابووریی سەربەخۆ) ژیانی خەڵک کەوتە ئەوپەڕی نەبوونی و خەریکە ترسی نەمانی نان لای هەندێ خێزان بەدیدەکرێت، پەیوەندییەکان بەهۆی سیاسەتی هەڵەی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوت لەوپەڕی خراپیدایە، نەوت بۆتە نەهامەتی بۆ خەڵک و هەندێک کۆمپانیا و کەسایەتی سەرمایەدار زیاتر لە هاووڵاتیانی ئاسایی سوودی لێدەبینن.
زۆرجار هەندێک قسەکەر لەوانەی لەم دۆخە سوودمەندن دەڵێن: فەرمانبەران وەک ساڵی 1992 سەری بەرز بۆ مووچە نەوی ناکەن، راستە ئەم دروشمە بۆ کاتێک بوو رژێمی بەعس، دامودەزگاکانی کشانەوە و حکومەتی هەرێم دروستکراو ئەو هەڵوێستە بۆ پاراستنی بوونی کورد بوو لە عیراق، نەک لەسەر گرێبەستی چەند کۆمپانیایەک کە بۆتە هۆی نەهامەتی بۆ تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان.
ئەگەر سەرنج بدەین تا چەند ساڵێک پێشتر کەم رۆژ هەبوو وەفدی بەرزی وڵاتان لەدوای بەغدا سەردانی هەرێم نەکەن و پاڵپشتی بۆ کوردستان دووپات نەکەنەوە، ئایا ئێستا ئەو سەردانانە ماون؟ ناکرێت هەموان ئەو پرسیارە بکەین بۆ بەم دۆخە گەشتین؟
ئێمە باش ئەو راستییە دەزانینن کە جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانیی هەرێم لای لایەنێکە و بەهۆی 50+1ی پێشترەوە، ئەم دۆخانە دروستبوون و ئەم هەڵبژاردنەی پێشوو هاوکێشەکانی گۆڕی، بەڵام دۆخەکە نەگۆرا، بۆیە رەنگە ئەو رستەیەی دەوترێت (ترس لە قەوارەی هەرێم هەیە) رەنگە زۆر گونجاو نەبێت بۆ ئەم دۆخەی ئێستا، لەبەر ئەو هۆکارانەی پێشتر باسمان کرد و ئەوەی ماوە چاوەڕوانیی هاووڵاتیانە بۆ باشبوونی گوزەرانیان لەم دۆخە سەختەی تێی کەوتووین .