(40)
ساڵی 2018 كتێبی (فه‌ره‌ح په‌هله‌وی.. یاداشتنامه)م خوێنده‌وه، له‌ده‌فته‌ره‌كه‌مدا ته‌نیا یه‌ك په‌ره‌گرافم نووسیووه، به‌ڵام دواتر خوێندنه‌وه‌یه‌كم بۆ كتێبه‌كه كردووه و له‌كوردستانی نوێ بڵاوبۆته‌وه، شابانو فه‌ره‌حی هاوسه‌ری ره‌زا شا كتێبه‌كه‌ی پێشكه‌ش به گه‌لی میسر كردووه (نوسخه‌ی عه‌ره‌بی ئه‌م كتێبه‌م پێشكه‌ش ده‌كه‌م به گه‌لی میسر وخاكه‌كه‌ی، ئه‌و وڵاته میواندۆسته‌ی محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وی هاوسه‌ری كۆچكردوومی تیا نێژراوه..)، چونكه كاتێك خێزانی شاهانه له ئێران هه‌ڵاتن و خومه‌ینی ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، ئه‌مریكا و هه‌موو دنیا پشتیان تێكردن، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو ته‌سلیم به ئێرانیان بكه‌نه‌وه له‌و كاته‌دا میسر داڵده‌یدان.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجی راكێشام شابانو فه‌ره‌ح خۆی كتێبه‌كه‌ی نووسیووه، چونكه زۆرجار كه‌سایه‌تییه‌كی ناودار كاتێك ده‌یه‌وێت یاده‌وه‌رییه‌كانی بنووسێته‌وه، كه‌سێكیتر بۆی ده‌نووسێته‌وه، چونكه مه‌رج نییه ئه‌و كه‌سه به‌ناوبانگه سه‌لیقه‌ی نووسینی هه‌بێت، واته كه‌سه‌كه یاده‌وه‌رییه‌كان ده‌گێڕێته‌وه، نووسه‌رێكیش رێكیده‌خاته‌وه‌و له‌دوو توێی كتێبێكدا بڵاوده‌بێته‌وه، ئه‌مه له‌مێژه له‌دنیادا باوه و ئاساییه، به‌ڵكو ناوی كه‌سی نووسه‌ریش له‌سه‌ر كتێبه‌كه ده‌نووسرێ، به‌ڵام پێده‌چێت شابانو خۆی كتێبه‌كه‌ی نووسیبێت، چونكه كه‌سێكی خوێنه‌وار و به‌توانا بووه كتێبه‌كه‌شی به‌زمانی فه‌ره‌نسی نووسیوه، دواتر ته‌رجه‌مه‌ی فارسی كراوه، ئه‌و شێوازه‌ی پێی نووسراوه شێوازی كه‌سێكی به ئه‌ته‌كێته، به‌ڕێزه‌وه باسی نه‌یاران و ته‌نانه‌ت دوژمنه‌كانیشی ده‌كات، شێوازی ئه‌و كه‌سانه‌ی ناتوانن قسه‌ی ناشیرین و زبر به‌رامبه‌ر به‌كه‌س به‌كاربهێنن، بۆیه كه كتێبه‌كه ده‌خوێنیته‌وه هه‌ستده‌كه‌یت خانمێكی شاژن نووسیوێتی.
له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی له‌م یاداشتنامه‌یه‌دا سه‌رنجی راكێشام كه‌سێتی به‌هێزی شابانو و خۆڕاگرییه‌كه‌یه‌تی كه تا دوا ساڵانی ته‌مه‌نی به‌مشێوه‌یه ماوه‌ته‌وه هه‌رچه‌نده له‌سه‌ره‌تای چل ساڵییه‌وه له‌نازو نیعمه‌تی شاهانه كه‌وتووه‌و جگه له مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی، كوڕێك و كچێكی له‌ته‌مه‌نی لاوی‌دا به‌شێوه‌یه‌كی تراژیدی ده‌مرن، له‌باره‌ی ئه‌مه‌وه ده‌ڵێت: (خوایه هێزم پێ ببه‌خشه بۆ گۆڕینی ئه‌وه‌ی ده‌كرێ بیگۆڕم، سه‌بریشم پێ ببه‌خشه به‌رگه‌ی ئه‌وه بگرم كه ناتوانم بیگۆڕم، ئه‌و داناییه‌شم پێببه‌خشه كه بتوانم جیاوازیی له نێوان ئه‌م دوو حاڵه‌ته‌دا بكه‌م).