ساڵی 1998 رۆمانی كیمیاگه‌رم خوێنده‌وه، له‌ده‌فته‌ری ئه‌و ساڵه‌دا هیچ كۆمێنتێكم له‌باره‌یه‌وه نه‌نوسیووه، به‌ڵام بیرمه رۆمانه‌كه سه‌رنجی رانه‌كێشام و ئاسایی تێپه‌ڕی تا ساڵی 2002 كه هه‌ردوو رۆمانی (له‌كه‌نار رووباری پێدرا دانیشتم و گریام) و (ڤیرۆنیكا بڕیاری مردن ده‌دا)م خوێنده‌وه، ئیتر ده‌ستمكرد به‌گه‌ڕان به‌دوای رۆمانه‌كانی تری‌دا، چوار رۆمانی تریم خوێنده‌وه به‌ڵام هه‌موویان ئاسایی تێپه‌ڕین بێئه‌وه‌ی له‌یاده‌وه‌ریمدا جێبمێنن، دوای ئه‌وه‌ی سۆسیال میدیاش ته‌شه‌نه‌ی كرد، بینیم ئه‌م نووسه‌ره یه‌كێكه له‌ئه‌ستێره‌كانی ئه‌و بواره، په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی هه‌یه له‌گه‌ڵ خوێنه‌رانی له‌سه‌رانسه‌ری دنیا و خوێنه‌رێكی زۆری هه‌یه و به‌رهه‌مه‌كانی بۆ زۆربه‌ی زمانه‌كانی دنیا ته‌رجه‌مه كراون، له ساڵی 2004 به‌دواوه ئیتر هیچ كتێبێكیم نه‌خوێندۆته‌وه، به‌ڵام به‌رده‌وام وته‌كانی له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كیدا له‌په‌یجه زۆر و بۆره‌كانی سۆسیال میدیادا ده‌بینم، خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند كارێكی بۆی ده‌رده‌كه‌وێ كۆیلۆ به‌شێوازێكی ریكلام ئاسا كارده‌كات و وه‌كو یه‌كێك له‌ئه‌ستێره جیهانییه‌كان ره‌فتار ده‌كات، بڕێكی زۆر له لاهوتی مه‌سیحی ده‌ئاخنێته رۆمانه‌كانییه‌وه تێكه‌ڵ به بڕێك له بۆچوونی سۆفیانه، ئه‌م شێوازه‌ش زۆرترین خوێنه‌ر راده‌كێشێت، ئه‌و دوو رۆمانه‌ی ئاماژه‌م پێدان، له‌و كتێبانه‌ن كه كاتی خۆی زۆر پێیان سه‌رسام بووم، له‌باره‌ی یه‌كه‌میانه‌وه نووسیوومه: (ئه‌مه قه‌سیده‌یه‌كه بۆ خۆشه‌ویستی، زیاتر له‌شیعر ده‌چێت وه‌ك له‌رۆمان، ئه‌و دوو كارەكته‌ره زیاتر دیالۆگ ده‌كه‌ن وه‌ك له‌هه‌ر كرده‌یه‌كی تر.. كارەكته‌ره‌كانی تر له‌خزمه‌تی ئه‌ماندان..له‌كۆتاییدا كۆیلۆ پێمان ده‌ڵێت: رێگاكان له‌هه‌ر كوێیه‌ك بن، گه‌شته‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه هه‌ر چۆنێك بێت، بێ خۆشه‌ویستی بێهوده و بێتامه).
له‌باره‌ی ڤیرۆنیكا.. وه نووسیوومه: (ئێمه‌ی مرۆڤ د‌رك به‌ژیان ناكه‌ین تا ئه‌و ساته‌ی رووبه‌رووی مه‌رگ ده‌بینه‌وه، مه‌رگ ده‌توانێت رێی ژیانمان پیشان بدات، وامان لێبكات به‌جۆرێكی جیاواز ره‌فتار بكه‌ین، چیتر گوێ به ده‌بێ و نابێ-كان نه‌ده‌ین..له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م فه‌شه‌لدا ده‌رگای دۆزه‌خی ره‌شبینی له‌خۆمان نه‌كه‌ینه‌وه.. ئه‌مه جوانترین رۆمانی كۆیلۆیه كه خوێندبێتمه‌وه..).