زووم

ئەفسانەی فیلمە پۆلیسییەکان

10:14 - 2023-01-30
رۆزا دڵشاد مەریوانی
433 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە ئەکتەر و ئەستێرەکانی هۆلیوود کە بە نواندن و کەسێتی  سەرسامم و لە سینەمای ئەمریکییدا بە یەکێک لە ئەفسانەکانی فیلمە پۆلیسییەکان هەژمار دەکرێت، ئەویش ئەکتەری ئەمریکی بە رەگەز ئەفریقی دێنزڵ واشنتۆن-ە، لە راستیدا ژمارەیەکی زۆر لە فیلمەکانیم بینیووە و لە هەر رۆڵێکدا بووبێت زۆر کاریگەرانە ئەو کاراکتەرەی بەرجەستە کردووە بە تایبەتی لە فیلمە پۆلیسی و ئاکشنەکاندا، تەنانەت کاتێک رۆڵی کەسێکی خراپ و تاوانکار دەگێڕێت زۆر لێی جوانە و بە تەواوەتی دەتوانێت قەناعەت بە بینەر بکات، دێنزڵ فیلمی کاریگەری زۆرە و خاوەنی دوو خەڵاتی ئۆسکارە وەکو باشترین ئەکتەری سەرەکی و باشترین ئەکتەری یاریدەدەر، دێنزڵ ئەو رۆڵانەی ئاکشن و پۆلیسین تێیدا ئەستێرەی دەگەشێتەوە و هەر کاتێک لە رۆڵێکی لەو شێوەیەدا دەبینرێت دەزانیت ئەو کاراکتەرە پڕاوپڕ بۆ ئەو کراوە و زەحمەتە ئەکتەرێکی دیکە بتوانێت وا داهێنەرانە ئەو رۆڵە بگێڕێت، لەم ماوەیەدا یەکێکی دیکە لە فیلمەکانی ئەم ئەکتەرەم بینی ئەویش فیلمی The Little Things بوو واتا شتە بچووکەکان- ی ساڵی 2021 ، ئەم فیلمە فیلمێکی تاوان و پۆلیسییە و لەگەڵ ئەکتەری خاوەن خەڵاتی ئۆسکار رامی مالیک-دا رۆڵ دەگێڕێت، کاتێک تەماشای ئەم فیلمەم کرد خەمبار بووم لەوەی ئەفسانەیەکی گەورەی سینەمای هۆلیوود بەوشێوەیە ببینم تەمەنی پێوە دیاربێت، هاوکات چیرۆک و رووداوەکانی فیلمەکە بەجۆرێکە ناتوانیت ساتێک بەجێیبێڵیت و گرتەیەکت لەدەست بچێت، چونکە فیلمەکە باس لە تاوانبارێکی زنجیرەیی دەکات چەندین ساڵە ژن و کچ دەکوژێت بەبێئەوەی هیچ بەڵگەیەک بدوای خۆیدا جێبێڵێت و دێنزڵ کە رۆڵی لێکۆڵەرێکی بەتەمەن دەگێڕێت ناتوانێت دەستگیری بکات، هەروەها رامی مالیک رۆڵی لێکۆڵەرێکی گەنج دەبینێت دێنزڵ واشنتۆن دەیەوێت لە گرتنی ئەو تاوانبارەدا هاوکاری بکات بەبێئەوەی وەکو ئەو ژیانی وێران ببێت، فیلمەکە کۆمەڵێک پەیوەندی مرۆیی و بەهای زۆر جوان پێشکەش دەکات واتلێدەکات پرسیار بکەیت ئایا ئەگەر تۆش لە جێی ئەوان بویتایە بەهەمانشێوە رەفتارت دەکرد؟! 
هەرچەندە من کەسێک نیم حەزم لەو جۆرە فیلمانە بێت کە هەمووی توندوتیژی و کوشتنە وەکو زۆرێک لە فیلمە ئاکشنەکانی دیکە، بەڵام فیلمە پۆلیسییەکانی ئەم ئەستێرەیە پێشکەشی دەکات شتێکی جیاوازیان تێدایە و تەنیا وروژاندن و ئاکشن نییە، بەڵکو هەمیشە نامەیەک یان پەیامێکی قووڵ لە پشت فیلمەکانییەوەیەتی لە ناخەوە کارت لێدەکەن و پێیان سەرسام دەبیت، دواجار لە کۆتایی فیلمەکەدا تاوانبار بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بە سزای خۆی دەگات، کاری لێکۆڵەرە بە تەمەنەکەش ئەوە دەبێت لێکۆڵەرە گەنجەکە لە نائارامی دەروونی رزگار بکات و نەهێڵێت ژیانی پیشەیی و خێزانی لەناوبچێت.

وتارەکانی نوسەر