7
مام جه‌لال وای ده‌بینی، كه یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی ئازادبوونی عیراق و كوردستان ئه‌وه‌یه بزووتنه‌وه‌ی رزگارخوازی كورد په‌یوه‌ندی باشی هه‌بێت له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی عه‌ره‌بدا، له‌به‌ر ئه‌وه له ساڵی 1955دا له‌كاتیی نیشته‌جێبوونی له شام هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی خسته‌گه‌ڕ بۆ په‌یوه‌ندی دروستكردن له‌گه‌ڵ پارته نه‌ته‌وه‌ییه عه‌ره‌بییه‌كانی شامدا، هه‌نگاوی هه‌ره كاراش له‌م رووه‌وه كه په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ره‌و فراوانی زیاتربرد له‌گه‌ڵ نێوه‌ندی سیاسیی عه‌ره‌بیدا، ئه‌و ر‌ێکەوتە بوو كه خۆی و عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بیحی له ساڵی 1957دا له‌گه‌ڵ سكرتێری پارتی ئیستقلالی عیراقی سه‌دیق شه‌نشه‌ل كۆكرده‌وه كه پێشتر زه‌بیحی ده‌ناسی، ئه‌وكات له‌گه‌ڵ وه‌فدێكدا هاتبوو بۆ به‌شداریكردن له كۆنگره‌ی قوتڕی عه‌ره‌بی له‌سوریا.
سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ نێوه‌ندی عه‌ره‌بیدا
له‌و دیداره‌دا و وه‌كو مام جه‌لال خۆی له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌یگێڕێته‌وه، شه‌نشه‌ل پێشنیازی بۆ كردن و وتی: بۆچی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزه نه‌ته‌وه‌ییه عه‌ره‌بییه‌كاندا دروست ناكه‌ن؟، مام جه‌لالیش ده‌م و ده‌ست پێی وتووه: ئێمه ئه‌وه‌مان پێخۆشه، به‌ڵام له‌راستیدا نازانین له‌كوێوه ده‌ستپێبكه‌ن؟ ئه‌وه‌بوو سه‌دیق شه‌نشه‌ل دڵنیای پێدان و وتی: ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بۆ ئێمه به‌جێبهێڵن و ئێمه بۆتان رێكده‌خه‌ین؟
به فیعلیش شه‌نشه‌ل به‌ڵێنه‌كه‌ی به‌جێهێنا و زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه و دیداری بۆ مام جه‌لال و هاوڕێیانی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له كه‌سایه‌تییه عه‌ره‌بییه دیار و گرنگه‌كان له شام رێكخست، یه‌كه‌م دیداری مام جه‌لالیش له‌و رووه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌كره‌م حۆرانی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی په‌رله‌مانی سوریا بوو، كه هه‌ریه‌ك له عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بیحی و كه‌مال فوئاد ئاماده‌ی بوون، مام جه‌لال و هاوڕێیانی بۆشیان روون بۆوه كه حۆرانی زانیاری زۆری له‌سه‌ر گه‌لی كورد هه‌یه و په‌یوه‌ندی زۆر باشی هه‌یه له‌گه‌ڵ كوردا له‌شاره‌كه‌ی خۆیدا كه شاری حه‌ما بوو.
دوای دیداری حۆرانی، مام جه‌لال و هاوڕێیانی چاویان به عه‌بدولحه‌مید سه‌راجیش كه‌وت، كه ئه‌وكات به‌رپرسی هه‌واڵگری سوریا «مه‌كته‌بی دووه‌م» بوو، سه‌راج خۆشی یه‌كێك بوو له‌ئه‌فسه‌ره ئازاده ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی سوریا، كه پاڵپشتی له یه‌كگرتنه‌وه‌ی سوریا و میسریش كردبوو، هه‌روه‌ها كرابوو به وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌ته یه‌كگرتووه‌كه و دواتر بوبوو به جێگری جه‌مال عه‌بدولناسر و په‌یوه‌ندی زۆر به‌هێزی هه‌بوو له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه كورده‌كانی شامیشدا، به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه باشەیه‌وه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ل «كه‌وسه‌ر زڵفۆ ئاغا» كردبو و دوای كوده‌تاش به‌سه‌ر حكومه‌تی یه‌كگرتووی میسر و سوریا، ته‌نها شوێن كه سه‌راج په‌نای بۆ بردبوو بۆ خۆ حه‌شاردان ماڵی ره‌وشه‌ن به‌درخان بوو.
مام جەلال و وەفدی عیراق لەگەڵ جەمال عەبدولناسڕدا 1963
هاریكاری «كوردی- عه‌ره‌بی»
مام جه‌لال له‌بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێت: پلانێك له‌مێشكی سه‌راجدا بوو، بۆ دروستكردنی جۆرێك له جۆره‌كانی هاریكاری «كورد و عه‌ره‌ب» و ده‌ڵێت: ئێمه پێشنیازمان بۆ سه‌راج كرد كه سه‌رۆك جه‌مال عه‌بدولناسر رازی بكات كه ئه‌وكات به‌نیاز بوو سه‌ردانی مۆسكۆ بكات، كه چاوی به مه‌لا مسته‌فا بارزانی بكه‌وێت له‌وێ، بۆ ئه‌وه‌ی رێكه‌ون له‌سه‌ر جۆری ئه‌و هاریكارییه‌ی پێویسته له‌نێوان كورد و عه‌ره‌بدا بكرێت، مام جەلال دووپاتیشیكردۆته‌وه، كه سه‌راج رازی بووه به پێشنیازه‌كه و وتوشییه‌تی، ئه‌و پێشنیازه ده‌گه‌یه‌نم به میسر، مام جه‌لال ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، كه هه‌ڵوێستی سه‌راج به‌رامبه‌ر كوردی سوریا جیاواز بووه له هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به كورد له به‌شه‌كای تری كوردستان و هه‌ڵوێستێكی خراپ بووه.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی سه‌راج به‌رامبه‌ر به كوردی عیراق مام جه‌لال له‌بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێت: سه‌راج پاڵپشتی خۆی بۆ ده‌ستپێكردنی خه‌پاتی چه‌كداری و ئاماده‌یی بۆ دابینكردنی چه‌ك و هه‌روه‌ها مه‌شقی سه‌ربازی بۆ ئه‌ندامانه‌كانی ئێمه ده‌ربڕی، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ریكه‌وتنین بگه‌ڕێینه‌وه و بیر له به‌رپاكردنی شۆڕش دژ به حكومه‌ته‌كه‌ی نوری سه‌عید بكه‌ین، سوریا و میسریش پاڵپشتیمان بكه‌ن.
هه‌ردوولا باسیان له ورده‌كاری دروستكردنی یه‌كه‌كانی پێشمه‌رگه و هه‌روه‌ها بڕی ئه‌و چه‌ك ته‌قه‌مه‌نی و داراییه‌ش كردبوو بۆ خه‌باتی چه‌كداری كورد، سه‌راج به مام جه‌لالی وتبوو، كه ئه‌وان هه‌موو پێداویستییه‌كیان بۆ دابین ده‌كه‌ن و قاچاخچیش هه‌یه كه ده‌توانێت ئه‌و یارمه‌تییانه بگه‌یه‌نێته كورد له ناو خاكی عیراقدا، مام جه‌لال ده‌ڵێت: بێگومان ئێمه لای خۆمانه‌وه به‌و پێشنیازانه رازی بووین و زه‌بیحیمان راسپارد كه نوێنه‌رایه‌تیمان بكات لای سوریایی و میسرییه‌كان.
ناردنی نوێنه‌ر بۆ كۆنگره عه‌ره‌بی و جیهانییه‌كان
مام جه‌لال به‌وه‌وه نه‌وه‌ستاوه له‌چالاكییه‌كانیدا له شام، به‌ڵكو ره‌وشه‌ن به‌درخانی وه‌كو نوێنه‌ری كورد ناردووه بۆ به‌شداری له كۆنفرانسی گه‌لانی ناسه‌ربه‌خۆ كه له یۆنان له‌ساڵی 1956دا به‌سترا، كه میشیل عه‌فله‌قیش ئاماده‌ی كۆنگره‌كه‌بوو وه‌كو نوێنه‌ری سوریا، ره‌وشه‌ن به‌درخان ده‌ڵێت وته‌كه‌ی عه‌فله‌ق له كۆنگره‌كه‌دا زۆر ئیجابی بوو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد.
له ساڵی 1957یشدا كۆنگره‌یه‌ك به‌ناوی «كۆنگره‌ی هاریكاری ئه‌فرۆئاسیایی» له قاهیره به‌سترا، مام جه‌لال، عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بیحی نارد بۆ به‌شداركردن له‌و كۆنگره‌یه‌دا، به‌ڵام نه‌وه‌كو وه‌كو نوێنه‌ری كورد، به‌ڵكو به سیفه‌تی كه‌سێتی خۆی، ئه‌وه‌بوو زه‌بیحی ئه‌وكات چاوی به ئه‌نوه‌ر ساداتی سه‌رۆكی كۆنگره‌كه و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك له نوێنه‌رانی وڵاتانی به‌شداربوو كه‌وت و باسی داواكارییه‌كانی گه‌لی كورد و ره‌وایی مه‌سه‌له‌كه‌ی بۆیان كرد، زه‌بیحی هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك بڵاوكراوه‌شی له ناو هۆڵی كۆنگره‌كه‌دا به‌سه‌ر ئاماده‌بوواندا دابه‌شكرد.
په‌یوه‌ندی كورد و میسر
له‌هه‌مان ساڵدا واتا 1957، مام جه‌لال و هاوڕێیانی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ لایه‌نی میسری به‌ست و توانییان سه‌ركه‌وتووبن له بونیاتنانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی ئه‌و وڵاته‌دا، كاتێك چاویان به كه‌ماله‌دین ره‌فعه‌ت كه‌وت، كه یه‌كێك بوو له ئه‌فسه‌ره ئازاده‌كانی نزیك له عه‌بدولناسڕ، به‌و په‌یوه‌ندییه‌ش توانرا ئێزگه‌ی كوردی له قاهیره دابمه‌زرێنرێت، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكی گه‌وره بوو بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ نێوه‌ندی عه‌ره‌بیدا، هه‌نگاوه‌كه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو له بانگشه‌كردن بۆ برایه‌تی عه‌ره‌ب و كورد و ناساندنی مه‌سه‌له‌ی كورد له جیهانی عه‌ره‌بیدا.
ئه‌م په‌یوه‌ندییه ده‌روازه‌یه‌كی سه‌ره‌كیش بوو بۆ په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ جه‌مال عه‌بدولناسری سه‌رۆكی میسردا، كه ببوو به پاڵه‌وانی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو عه‌ره‌بدا، دوای راگه‌یاندنی خۆماڵیكردنی كه‌ناڵی سوێس و به‌رگریكردنی به‌رامبه‌ر به په‌لاماری سێینه، له‌به‌ر ئه‌مانه و هه‌روه‌ها راوه‌ستانی دژ به شه‌ڕ به‌رامبه‌ر به گه‌لی كورد و پاڵپشتیكردنی له ئۆتۆنۆمی كوردستانی عیراق و داوای چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌و دادپه‌روه‌رانه بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر رای گشتی عه‌ره‌بی و جیهانی دروستكرد به‌راكێشانی به لای خه‌باتی
گه‌لی كورددا.
و: گۆران فەتحی