عەلی شەمدین
ئەحمەد شەرع فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان، كاتێك لە رێوڕەسمی پێشوازیكردنی پرۆتۆكۆڵی لە 3ی1ی2025 لە دیمەشق رەتیكردەوە تەوقە لەگەڵ (ئانالینا بایربۆك) وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بكات، تەنها لەبەرئەوەی ژن بوو، كاتێك بە یاوەریی هاوتا فەڕەنسییەكەی (ژان نۆئێل بارۆت) گەیشتە دیمەشق بە نوێنەرایەتیی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا، شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایی و سەرسوڕمانی لەنێو رای گشتیی ناوخۆی و دەرەكیدا لێكەوتەوە، كە بە گرنگی و وریاییەوە تەماشای ئەم قۆناغە ئینتیقالییە دەكەن، كە ئەحمەد شەرع سەرۆكایەتی دەكات و هەوڵدەدات بۆ خستنەڕووی مۆدێلێكی نوێی حوكمڕانی لە سوریادا.
ئەم رووداوە هەواڵێكی بیرخستمەوە كە لە 18ی10ی2020 لە سایتی دۆچەفێلەی ئەڵمانی بڵاوكرابووەوە و تێیدا هاتبوو: (دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا پزیشكێكی لوبنانییان لە وەرگرتنی رەگەزنامە بێبەشكردووە، چونكە رەتیكردووەتەوە تەوقە لەگەڵ خانمە بەرپرسی پێدانی رەگەزنامەدا بكات، سەرەڕای دەرچوونی لە تاقیكردنەوەی بەدەستهێنانی رەگەزنامە بە نمرەیەكی بەرز.. دادگا پێیوابووە كە رەتكردنەوەی تەوقەكردن بەهۆی چەمكە كەلتورییە ئسوڵییەكانەوە بووە، كە گوایە ژنان وروژێنەرن، ئەوەش دەربڕینی رەتكردنەوەیەتی بۆ تێكەڵبوون بە ژیان لە ئەڵمانیا).
هەرچەندە ئەم دیمەنە بەشێكی بچووكە لەچوارچێوەی ئەو تابلۆ ئاڵۆزەی كە ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی) بە تەنیا خەسڵەت و تایبەتمەندییە ناڕوونەكانی دەكێشێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێوانەیەكی راستەقینەیە بۆ پێوانەكردنی ئاستی ئازادی و دیموكراسی و كەرامەت لەو سوریا نوێیەی كە خەڵك بە سنگی رووتەوە رژانە سەر شەقامەكان دژی رژێمی ستەم و ژێردەستەیی.
بەڵێ، ئازادیی ژن (كە نیوە گرنگەكەی هەر كۆمەڵگەیەكە) بە پێوەرێكی سەرەكی بۆ پێوانەكردنی مەودای نێوان (ئایین و دەوڵەت) دادەنرێت، هەروەها نیشاندەری راستەقینەی رادەی رێزگرتنە لە مرۆڤایەتیی مرۆڤ بەبێ گوێدانە رەگەز و ئایین و نەتەوەكەی.
ئایا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان كە وازی لە نازناوەكەی هێنا (ئەبو محەمەد جۆلانی)، كە لە ناوەڕۆكدا قۆناغەكانی ژیانە جیهادییەكەی رەنگدەداتەوە، سەركەوتوو دەبێت لەوەی وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی لەژێر ناوی راستەقینەی خۆیدا (ئەحمەد شەرع)، بۆ ئەوەی بتوانێت لە سوریای نوێدا رەگەزنامە بەدەستبهێنێت، كە گرنگترین مەرجەكانی رێزگرتنە لە ژنان و جیاكردنەوەی ئایین لە دەوڵەت؟.