یەکبێژ

باڵۆنە چینییەکە بۆچی تەقێنرایەوە؟

09:07 - 2023-02-09
هیوا محەمەد
344 خوێندراوەتەوە

لە کاتی جەنگی یەکەمی کەنداو، واتا ئەوەی کرا بۆ رزگارکردنی کوێت، ئەمریکییەکان دەیانوت کە دەتوانن لە رێگەی مانگی دەستکردەو،ە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی عیراق ببینن و تەنانەت ئەوەشیان بۆ دەردەکەوێت کە سەرنشینەکانی ژنن یان پیاون!
دیارە بۆ هاوتاکانی ئەمریکاش، ئەم درۆ زەبەلاحە هەر بەو جۆرەیە و ئەوانیش هیچیان لە ئەمریکا کەمتر نییە.
زلهێزەکان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و چەندین مانگی دەستکردیان لە بۆشایی ئاسمان داناوە و لەوێوە ئاراستەی سەدان خاڵی سەر زەوییان کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری.
ئەگەر بەشێکی ئەو زانیارییانە پەیوەست بێت بە کەشوهەواوە، ئەوا زۆرێکیشی ئامانجی سەربازیی و جەنگی ئەستێرەکانی هەیە.
 تەکنۆلۆژیای سەردەم بۆ چاودێری، هێندە بەهێزە، هەریەک لە ئێمە دەتوانێت جموجۆڵی شەقامێک لە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە بە راستەوخۆ ببینێت، هەروەک گواستنەوەی یارییەکانی تۆپی پێ و هەموو لایڤەکانی تر. 
ئەوە جی پی ئێسیش لەولاوە بوەستێت کە بەوسەرەوە کۆنترۆڵی تۆی شۆفێر دەکات و لە رێگەی مۆبایلەکەتەوە دەتباتە بەردەم ئەو ئەدرەسەی دەتەوێت.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە چەند رۆژی رابروو جیهان سەرقاڵکرا بەوەی کە باڵۆنێکی چینی بە مەبەستی سیخوڕی بەسەر ئەمریکای باکووردا و لە ئاسمانی نێوانی کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەسووڕێتەوە.
سەرەتا چینییەکان رایانگەیاند کە ئەو باڵۆنە بۆ وەرەگرتنی زانیاریی کەشوهەوایە و کەوتۆتە ژێر کاریگەریی بایەکی توندی خۆرائاواوە و لە رەوتی خۆی دەرچووە، راشیان گەیاند کە ئەوە هیچ پەیوەندیی بە سیخوڕییەوە نییە.
 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە هیوای ئەوە بوو سەردانی چین بکات، چونکە ئەمریکا کە جەنگێک لە دژی روسیا لە رێگەی ئۆکرانیاوە بەڕێوەدەبات، دەیەوێت خۆی لە چینی دۆستی روسیا نزیک بکاتەوە، نەبادا بیر لە هاوپەیمانییەکی سەربازیی بکەنەوە دژ بە ئەمریکا.
مانەوەی ئەو باڵۆنە بەسەر ئەمریکاوە، هەردوو حزبی ناکۆکی ئەمریکایی هاندەدا کە بیکەنە کارتی گرتنی لاوازیی یەکتر، هەر بۆیە بایدن بڕیاری تەقاندنەوەیدا لەسەر دەریا.
ئەگەر چین خاوەنی ئەو هەموو مانگە دەستکردە بێت لە بۆشایی ئاسمان، ئیتر بۆچی پێویستی بە هەڵدانی باڵۆنێکی وا زەبەلاح دەبێت کە دەوترا سێ هێندەی ترێلەیەک دەبێت؟ یان ئەگەر هەستی بە مەترسی کردووە، بۆچی لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە رەوتی باڵۆنەکەیان نەگۆڕیوە، خۆ دەبێت توانایەکی وایان بووبێت کە کۆنترۆڵی رەوتەکەی بکەن، دەنا خۆ ناکرێت پڕیان کردبێت لە دەزگای چاودێری و وەک کۆلارە هەڵیان دابێت و دابێتیانە دەست رەحمەتی با.
ئەگەر ئەمریکاش هێندەی چین توانای هەبێت لە بۆشایی ئاسماندا، چۆن نەیتوانی ئەوە ئاشکرا بکات کە ئەو باڵۆنە چییە و بۆچی دەسووڕێتەوە؟ خۆ دەکرێت ئەو دەزگایانەی لە باڵۆنەکەدا بوون، خڕیان بکەنەوە و لە رێیەوە بۆیان دەردەکەوێت کە چی تێدا بووە.
ئەم رووداوانە بوونەتە مایە دروستکردنی دڵەڕاوکێ بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمەی سەر زەوی، هێندەش موبالەغە دەکەن لە تواناکانیان کە پێدەچێت نیوەی زیاتری راست نەبێت، تەنها بۆ قاییمکردن و زاڵبوونە بەسەر جیهاندا، بۆ هیچکامیشیان نالوێت ببێتە گەورەی جیهان، جیهان هەردەبێت بە دابەشکراوەیی بمێنێتەوە و ململانێکانیش توند تر دەبن.

وتارەکانی نوسەر