گەشە و سەرکەوتن *

تەمەن ئامانەتە

11:30 - 2023-02-12
ئەرشەد تەحسین
566 خوێندراوەتەوە

تەمەن ئامانەتێكە لە دەستت دایە، بەو هەموو نەهامەتی و ناهەمواری و نادادیەوە كە ژیان پێت دەدات، دەبێت بیگەیەنیتە خاڵی كۆتایی، نەك لەنیوەیدا دەست بەرداری بیت، هیچ كات لە نیوەی رێگادا رامەوەستە، چونكە زۆركات دووبارە بەڕێكەوتنەوە و دەستپێكردنەوەی ئاسان نابێت، ژیان یارییەكە و هەرگیز تۆ یاریگا جێ مەهێڵە و یاریەكە بگەیەنە خاڵی كۆتایی و ئەنجام. سەرباری هەموو تاڵییەكانی ژیان بەردەوام بە تا دەگەیت بە شیرینییەكان و چنینەوەی بەرهەمی تێكۆشانەكانت.
 لەهەر كوێیەكی ژیانی و لەهەر دۆخێكدایت بە چاوێكی كاتیی تەماشای بكە، لەهەر قۆناغێكی ژیان دایت و هەر چۆنێكیت پێگە و شوێنی خۆت باش بناسە و بیبینە، ئەگەر دۆخی خۆت باش دەبینیت هەوڵبدە باشتری بكەیت، ئەگەر بەدڵیشت نییە و بەباشی نازانیت هەوڵبدە باشی بكە.
ژیان بە پەیژەیەك بچوێنە، هەمیشە هەوڵبدە شوێن پێی خۆت پتەو بكەیت، ئەوەت لەیاد بێت ئەو شوێنەی ئێستا تۆی تێدایت بەئاسان بە دەستت نەهێناوە، لەهەر پلەیەكی پەیژەكەدا بیت خەڵكانێك هەن لەخوار تۆوەن و خۆزگە بە ژیان و پێگە و كەسایەتیت دەخوازن، هیچ كات كەسێك مەبە خۆزگە بە كەسانی تر بخوازیت، چونكە هەمیشە ئەوانەی تۆ خۆزگەیان پێدەخوازیت ئەوانیش بە دەیان كێشە و گرفت و مەینەتیدا سەركەوتوون و ئێستاش بەدەیان كێشە و مەینەتی ترەوە دەتلێنەوە، تۆش مەزنی خۆت لەوەدا دەبینیتەوە كە بتوانی بەسەر كێشەكاندا زاڵ بیت و بگەیت بە پلەی سەركەوتن.
 تەمەن گەشتێكی كورتی ژیانە، نرخ و بەهای خۆی پێ بدە، چێژی لێ وەربگرە، لەهەر كوێیەكدایت و لەهەر بارودۆخێكدایت تروسكاییەك دروست بكە بۆ پێكەنین و خۆشبەختی. لە دەنگی دڵۆپەی باران، سەمای گژوگیا، رووناكی نیگات بۆ دەوروبەر، هەستی لەش ساغیت بكە بەدەلاقەی هیوا و گەشبینی، ئەو چركە ساتەی ئێستات تێیدایت بكە بە بناغەی بەختەوەریت، لە گەشتی تەمەندا ئەوەی رۆیشت ناگەڕێتەوە، هیچ شتێك شایانی ئەوە نییە بیكەیت بە مایەی خەم و ناخۆشیت.

* گۆشەیەکی نوێی هەفتانەیە

وتارەکانی نوسەر