دیسان شێرپەنجە

09:33 - 2024-09-03
ئەرشەد تەحسین
118 خوێندراوەتەوە

زۆرجار بەرگوێمان دەكەوێت نەخۆشی شێرپەنجە لە زۆربووندایە، لە ماوەی رابردوودا د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی رایگەیاند: لە ساڵی 2023 دا لە هەرێمی کوردستان 9911 توشبووی شێرپەنجە تۆمارکراوە و ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2022 زیادی کردووە کە 9061 تووش بوو هەبووە. ئەم ژمارە توشبووە هۆكارە بۆئەوەی هەڵوێستەیەكی پێویست بەرامبەر بەم نەخۆشییە بگرینەبەر و ئاوڕێك لە هۆكار و چارەسەری بدەینەوە و بزانین بۆچی ئەم نەخۆشییە لەتاك و تەراوە خەریكە دەبێتە پەتایەكی سەراپاگیر؟
هەموو نەخۆشییەك لە ئەنجامی چەند هۆكارێكەوە سەرهەڵدەدەن، هەر پێویستی و كەموكوڕییەك لە جەستەی مرۆڤدا، وەك ناڕێكی كاركردنی ئەندامێك یان كەمبوونی ماددەی خۆراكی، كانزا و ڤیتامینە پێویستەكان لە لەشدا دەبنەهۆی ئەوەی ئەندامەكان وەك پێویست ئەركی خۆیان جێبەجێ نەکەن بەمەش كەموكوڕییەكی فەرمانی دروست دەبێت یان لە ئەنجامی زۆر چالاكبوونی ئەندامەكان و كاركردنی نائاساییان، یان زۆر وەرگرتنی ماددە سوودبەخش و زیانبەخشەكان، ئەمانە دەبنە هۆكار بۆئەوەی ئەندامەكانی جەستە زیاد لە پێویست چالاكبن و لە ئەنجامدا هەڵاوسانی ئەندامیی دروست دەبێت و دەبێتە هۆی نەخۆشی یان تێكچوونی خانە و ئەندامێكی جەستە لەڕووی كاركردن و ئەركی سەرەكی خۆی، سەرئەنجام مرۆڤ گیرۆدە دەكەن.
ئەگەرچی هۆكاری سەرەكی شێرپەنجە نەزانراوە و تائێستا بەشێوەی زانستیی ئاشكرا نەكراوە، بەڵام دەتوانین بڵێین شێرپەنجە بریتییە لە گەورەبوونی نائاسایی خانەیەك لە لەشدا، سەرئەنجام ئەم خانەیە سنووری ئەندامەكانی تری جەستە دەبڕێت و ئەندامێك یان كۆئەندامێك یان زیاتر داگیردەكات و لەكاریان دەخات یان ناچاریان دەكات وەك پێویست كارنەكەن و بەمەش گرفت بۆ مرۆڤەكە دروست دەكات. 
شێرپەنجە جیاواز لە هەر نەخۆشییەكی دیکە، نیشانە و ماكێكی ئاشكرای نییە و کەسەکە لەگەڵ توشبوون و سەرهەڵدانیدا پێی نازانێت هەتا زوو فریای چارەسەر بكەوێت، بەڵكو زۆركات كەسی توشبوو بەڕێكەوت یان بۆ گرفتێكی دیکە پشكنین دەکات و دەردەکەوێت توشبووی شێرپەنجەیە، ئەمەش دەبێتە گرفت، چونكە زۆركات درەنگ كەوتووە و چارەسەركردنی قورسترە.
زۆركات كەسانی توشبووی شێرپەنجە لەگەڵ بیستنی هەواڵەكەدا دەكەونە حاڵەتێکی  دەروونی نائارامەوە، ئەمە نەخۆشییەكەیان لەسەر قورس دەكات و ئازار و ناڕەحەتی زیاتر یەخەیان دەگرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەزموونەكانی رابردوو سەلماندویانە ئەوانەی بە ئیرادەوە رووبەڕووی شێرپەنجە یان هەر نەخۆشییەكی تر وەستاونەتەوە و خۆڕاگربوون، زووتر دۆخی تەندروستییان بەرەو باشتر چووە، ئاسانتر نەخۆشییەكەیان تێپەڕاندووە و دەستیان بە ژیانی ئاسایی خۆیان كردۆتەوە.
جێی خۆیەتی زانكۆكان و دامەزراوە تەندروستییەكان، قۆڵی لێهەڵماڵن و بەدوای هۆكار و چارەسەردا بگەڕێن، وابكەن بەرەنگاری بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم نەخۆشییە ببنەوە و چارەسەری پێویستیش بۆ نەخۆشییەكە بدۆزنەوە.
ئەركی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانە نەخۆشخانە و سەنتەر و شوێنە تایبەتییەكانی شێرپەنجە فراوانتر بكەن و هەوڵەكان لەوپێناوەدا زیاتر بكەن، لەڕووی سەرچاوەی مرۆییەوە پزیشك و پەرستار و كارمەندی تەندروستی زیاتردابین بكەن و راهێنان و خولی زانستی بەردەوامیان پێشكەش بكەن بۆئەوەی بتوانن بەگوێرەی پێشكەوتنە نوێیەكان خزمەت بەتوشبووانی شێرپەنجە بكەن، هەروەها دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ توشبووان.

وتارەکانی نوسەر