گرنگی سروود و گۆرانی لە قوتابخانەکاندا

09:32 - 2023-02-15
سمکۆ چنارەیی
242 خوێندراوەتەوە

سروود و گۆرانی خۆی لە خۆیدا گرنگترین ژانەری میوزیکە و بەهایەکی پەروەردەیی بێ هاوتای هەیە بۆ منداڵ، چونکە منداڵ بەسروشتی خۆی ئارەزووی بۆ گۆرانی وتن هەیە و  لەکاتی گۆرانی وتندا هەست بەخۆشی و چێژێکی بێ پایان دەکات، ئەمڕۆش گۆرانی منداڵان نرخ و گرنگییەکی تەواوی هەیە لای سەرجەم نەتەوە و گەلانی جیهان و فێستیڤاڵ و بەرنامەی تایبەتی بۆ رێک دەخرێت، چونکە هەر گۆرانی منداڵانەیە نەخشەی یەکەمی پەروەردەی منداڵ دەنەخشێنێ و وای لێدەکات چێژ لە جوانی ئاواز وەربگرێت، لەبەرئەوە دەبێت ئەو دەقە ئەدەبیانەی بۆ گۆرانی و سروودی منداڵان دەنوسرێت لەگەڵ بیرکردنەوە و تەمەنی منداڵەکەدا بگونجێت و لە هەمانکاتیشدا کار لە ناخ و هزری منداڵەکە بکات و لەگەڵیدا تێکەڵاو بێت، ئاشکرایە خێزان و پەروەردەی ناوماڵ رۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە پێگەیشتنی هەستی بیستنی منداڵدا بۆ گۆرانی و میوزیک، بەتایبەتیش لە قۆناغی پێش خوێندندا وەک لای لایەی دایک و گۆرانی وتن بۆ منداڵەکەی، چونکە ئەم جۆرە گۆرانیانە لەو تەمەنە بچووکەدا ئامادەکردنیەتی بۆ قۆناغی دووەم کە خوێندنگەیە لەبەرئەوەی بایەخیان هەیە بۆ بزواندن و راچەنینی هەست و سۆز و گەشەکردنی زەین و هۆشی منداڵ، هەر گۆرانییەکیش جۆرە جوڵانەوەیەکی تایبەتی خۆی هەیە بەختەوەری دەبەخشێت بە منداڵ، دیارە فۆلکلۆری کوردەواریمان لەم لایەنەوە زۆر دەوڵەمەندە و خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە گۆرانی منداڵانەین، سەبارەت بە قۆناغی دووەمیش کە قوتابخانەیە رۆڵی مامۆستای میوزیک و پرۆگرامی وانەکەی کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر منداڵ، چونکە لەم قۆناغەدا بۆنه و یادی نەتەوەیی و نیشتمانی هەمەجۆر زۆرن و خەڵکانێکی زۆریش لە مامۆستا و هاوڕێ خوێندکارەکانیان و کەسوکاریشیان گوێبیستی دەنگی دەبن لەبەرئەوە پێویستە بایەخی زۆر بە میوزیک و سروود و گۆرانی بدرێت لە قوتابخانەکاندا و بەتایبەتیش قۆناغی بنەڕەتی (1_6) ی خوێندن، ئاشکرایە گرنگیدان بەو بوارەش هۆکارێکە بۆ خۆشویستنی قوتابخانە و بابەتەکانی تر کە ساڵانە دەیخوێنێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا وانەی میوزیک لە پۆلەکانی 4 و 5و 6 ی بنەڕەتی ناخوێندرێت، بەو هیوایەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پڕۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە هەر لە ئێستاوە هەوڵ بدات وانەی موزیک لەو پۆلانەشدا بخوێندرێت.

وتارەکانی نوسەر