فیلم کارتۆن

10:48 - 2025-07-10
سمکۆ چنارەیی
34 خوێندراوەتەوە

زۆر لە کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن، کاتی دیاریکراویان بۆ بەرنامەی منداڵان هەیە، لەو ماوەیەشدا بێجگە لە پەخشکردنی ئۆپەرێت، سروود، گۆرانی، پێشبڕکێی زانستیی و پەروەردەیی، چەندین جۆری فیلم کارتۆن بەدی دەکرێت، دیارە ئەوەش بریتییە لە وێنە و دەنگ و جووڵەی هونەریی و میوزیک و چەند تەکنیکێکی دیکە. 
فیلم کارتۆن رۆڵێکی زۆر گرنگ لە سەرنجڕاکێشانی منداڵدا دەبینێت بۆ لای خۆی، لەبەرئەوە پێویستە تەواوی تیڤییەکان ناوەڕۆک و تێکست و تەنانەت جووڵە و ئەو ئاماژانەی کە لە کاتی پەخشکردنی هەر فیلم کارتۆنێکدا نیشانی دەدەن دروست و پەروەردەیی بن و بە دووربن لە ناوزڕاندن و تانە و تەشەر و بریندارکردنی ئەوانی دیکە، هەروەها دووربن لە وشەی ئاڵۆز و زمانی بێگانە، لەبەرئەوەی منداڵان بە ئاسانی لاسایی هەموو ئەو جووڵە و وتانە دەکەنەوە کە کارەکتەرەکانی نێو فیلم کارتۆنەکان دەیکەن.

دەکرێت لەڕێی فیلم کارتۆنەوە چەندین بەها، رەفتاری جوان و پەروەردەیی و هونەریی فێری منداڵ بکرێت

کەواتە دەکرێت لەڕێی ئەو بەشە گرنگەوە چەندین بەهاو رەفتاری جوان و پەروەردەیی و هونەرییانە، لێزانانە جێگەی تێدا بکرێتەوە، لەوانەش خۆشویستنی ئاژەڵ و باڵندە، ئازار نەدانیان و دروست رەفتارکردن لە گەڵیاندا، بایەخدان بە رووەک و درەخت و سەوزایی و پاکڕاگرتنی باخچەکان، خاوێن راگرتنی جلوبەرگ و ئەندامانی لەش و سەرجەم شوێنە گشتییەکان، دروستکردنی گیانی لێبوردەیی و خۆشویستنی ئەندامانی خێزان و خزم  و کەسوکار و هاوڕێکانی، بوێریی و چاونەترسی و دەربڕینی راو بۆچوون لە کاتی پێویستدا، یارمەتیدانی کەسانی لێقەوماو و نەخۆش و پیر و پەککەوتە، لەگەڵ چەندین ئاکار و بەهای دیکە کە بگونجێن لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردەواریدا.
ئەوەش گرنگە لە کاتی دەربڕینی هەر زاراوە و پەیامێکدا، چەند جارێک دەستەواژەکە بوترێتەوە بۆئەوەی منداڵ لێی تێ بگات و بیڵێتەوە، کاتی پەخشکردنی فیلم کارتۆنیش پێویستە گونجاوبێت و ماوەکەی زۆر نەبێت، هەروەها رەچاوی دەوامی خوێندن و نانخواردن و وادەی خەوی منداڵ بکرێت.
لە مێژوودا یەکەم فیلم کارتۆن 17 ی ئابی ساڵی 1908 لەلایەن داهێنەری فەڕەسی (ئیمایل کول) داهێنرا، کە پێکهاتبوو لە 700 وێنە بە ناوی (وەهمەکان).

وتارەکانی نوسەر