دەکرێت دوژمن بکرێتە دۆستێکی کاتی

09:41 - 2023-02-15
هیوا محەمەد
388 خوێندراوەتەوە

ژیان بریتییە لە ململانێ، ململانێ لەگەڵ هەموو شت بۆ بەدەستهێنانی باشترین و خۆشترین و ئاسانترین هەلومەرجەکان بۆ درێژەپێدانی ژیان.
مرۆڤ لە ئەنجامی ململانێکان، تووشی گرفت و کۆسپ دەبێت، بۆ ئەوەش لێی دەرباز بێت بە سەرکەوتوویی، پەنا دەباتە بەر زۆرترکردنی هێز و فراوانکردنی ململانێکانی.

لە دووریی هەزاران  کیلۆمەترەوە دێن
هەڵکەوتەی ئەمریکا لە تەنها پارچەیەکی جیهاندایە، بەڵام لە زۆربەی پارچەکانی دیکەی جیهان هەژموون و هەوادار و هاوپەیمانیی هەیە، ئەمەش بۆ درێژەپێدانی ململانێکانێتی لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی.
زلهێز، لەو پەڕی جیهانەوە دێت و لاوازەکان بۆلای خۆی کێش دەکات و بڕێک لە بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت بەرامبەر بە ملکەچکردنیان بۆ خۆی، کەواتە نەتەوە و وڵاتە لاوازەکان لەژێر فەرمان و ویستی چەند وڵاتێکی زلهێزدان و هێندەی بەرژەوەندیی خۆیان دەپارێزن، دوو هێندە سوودیان بۆ زلهێزەکان هەیە.
ئەو نەتەوەیەی کە دەبێتە داردەستی زلهێزێک، زلهێزەکە هەوڵی لێکهەڵوەشاندنیان دەدات، چونکە نایەوێت ئەو نەتەوەیە یەکگرتوو و یەک وتار بێت، ئەگەر ئەمەی هەبێت رۆژێک دێت کە لێی هەڵگەڕێتەوە.

عیراقیان لێکهەڵوەشاند
لەدوای نەمانی رژێمی بەعسەوە لەسەر دەستی ئەمریکا و هاوپەیمانانی، عیراق کەوتۆتە ژێر هەژموونی ئەمریکاوە و کۆنترۆڵی زۆربەی جومگەکانی دەوڵەتداریی کردووە.
ئەمریکا وای پێ باشە کە چەندین حزب بەشدار بن لە حکومڕانیدا و تاک حزبی بۆ ئەو جێگەی رەزامەندیی نییە، بەڵام پێشی باشە نێوانی ئەو حزبانە بێکێشە نەبێت.
ئێستا عیراق و کورد لە هەرێمی کوردستان، یەک پاکێجن لای ئەمریکا و هاوپەیمانانی وەک بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، ئەوان ناکۆک نین لەسەر چۆنێتی مامەڵەیان لەگەڵ عیراق، بەڵام رەنگە کۆکن لەسەر ئەوەی عیراق ئاوا بەلاوازیی بمێنێتەوە.

حزبی نوێ ئەوان دروستی  دەکەن نەک خەڵک
ئەوان دەستیان هەیە لە دروستکردنی هەر هێز و لایەنێک تا بیکەنە رەقیب لەبەرامبەر ئەوەی دەسەڵاتی هەیە و لەسەر پێی خۆی وەستاوە، بەڵام لەگەڵیشیدا پێیان باشە ناکۆکییەکانیان نەگاتە ئاستی پێکدادان و شەڕ و خوێن رشتن، هەربۆیەش کە دەزانن بەرەو مەترسی دەڕوات خێرا دەکەونە نێوانیان و کۆتایی پێدێنن.
بۆ کورد ئەگەر ئەمریکا دوژمن نەبێت، خۆ ئەو دۆستەش نییە کە بێت و هێندەی خۆمان دڵسۆزمان بێت و شەڕ بۆ ئێمە بکات، بەڵام بایی ئەوەندەی ئەو بۆ مەرامێک هاتۆتە ئێرە و دەسەڵاتی ئەوەمان نییە رێگریی لێبکەین، دەبێت بە ناچاریی هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆمانیان لەگەڵدا بدەین، پێویستە لە خاڵە گشتگیرەکاندا یەک وتاری سیاسیی و سەربازی و ئابوورییمان هەبێت. 
ئەگەر پێمانوایە ئەوان پتەوی و یەکگرتوویی ئێمەیان ناوێت، کەوابوو با خۆمان بۆ بەرژەوەندیی خۆمان بە پێچەوانەی خواستی ئەوانەوە بین.
هەندێک جار دراوسێیەکمان بۆتە پەنا بۆمان چونکە لەگەڵ دوژمنەکەی ئێمە لە ناکۆکیدا بوون، ئێمە بۆ ئەو ماوە کاتییە لە زۆر رووەوە سوودمان وەرگرتووە لە پەیوەندییەکان.

هەرێم لەگەڵ دەوروبەر
ئێستا ئێمە لە دۆخێکی ئیحراجداین، لەناو هەرێم دابەشبووین بەسەر دوو لایەنی سەرەکی خاوەن هێزدا، دوو وڵاتی سەرەکی سنووریان بە سنووری دەسەڵاتی ئەم دوو هێزەوە هەیە، کە خۆشیان هێندە تەبا نین.
تورکیا وەک ئەوەی کە خۆی ناساندووە، ئەندامی ناتۆیە و دۆستی دێرینی ئەمریکا و خۆرئاوایە، بەشێکی خاکەکەی لە ناو سنووری ئەوروپادایە، تا رادەیەک جێگەیەکی گرنگی بۆ خۆی دروستکردووە.
ئێران وڵاتێکە لە نێوەندە جیهانییەکەدا بەرکەنار خراوە، ئابڵووقەی لەسەرە، خۆرئاواییەکان و ئەمریکا لەگەڵیدا لە کێشەی سەختدان، ئیسرائیل لە ناوچەکە وەک نوێنەری جێبەجێکاری ئەمریکا بۆتە مووی لووت بۆ ئێران، وڵاتانی کەنداو دۆستایەتییەکی باشیان لەگەڵیدا نییە، سعودیە خۆی بە نەیاری سەرەکی ئەو دەزانێت لەکاتێکدا دەسەڵاتێکی باشی هەیە لە سەر دانانی هەژموون بەسەر وڵاتانی عەرەبیدا لە رێگەی ئەو سەروەتە زۆرەوە کە لەبەر دەستیدایە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان درێژترین سنوورمان لەگەڵ ئێراندایە، بەم پێیەش دەبێت ئەمە بە گرنگ وەربگرین و بۆ هەر وڵاتێک گرنگە کە پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەبێت کە سنوورێکی زۆری لەگەڵیدا هەیە.

زلهێزێک کاتێک هەژموونی خۆی بەسەر وڵاتێکدا دەسەپێنێ پێیباشە کە چەندین حزب بەشدار بن لە حکومڕانیدا و تاک حزبی بۆ ئەو جێگەی رەزامەندیی نییە، بەڵام پێشیباشە نێوانی ئەو حزبانە بێکێشە نەبێت

ئەوەی کە دەتوانین لەگەڵ ئێران بیکەین، پاراستنی پەیوەندییەکانمانە دوور لە دەستوەردانی ناوخۆیی بۆ یەکتر، دوور لە هاندانی توندوتیژی.
ئێران بۆ ئێمە دەروازەی باشی ئابوورییە، پێویستە عیراق بەگشتی و هەرێم بە تایبەتی، ئەو سنوورانە بپارێزن کە لەژێر دەستی ئێمەدان و لێیەوە مەترسیی بۆ هەردوولا دروست نەبێت، چونکە ئەمە یەکێکە لەو مەرجانەی کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پێ دەپارێزرێت.

بەشوێن بەرژەوەندییەکانماندا بگەڕێین
بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان نابێت بچینە ژێر فەرمانی تەنها وڵاتێک یان لایەنێکی زلهێز، دەبینین تورکیا چۆن لە نێوانی ئەمریکا و روسیا و سعودیەدا، ئاراستەی پەیوەندییەکانی دەگۆڕێت و لە کوێدا بەرژەوەندییەکی هەبێت، پشتی تێناکات.
هەندێک جار لە پای درێژەدان بە دوژمنایەتییەک کە بێسوودە، زیانێکی زۆر بە کۆمەڵگە دەگات و دوور دەکەوێتەوە لە گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاوەدانی.
دەکرێت پەنا بۆ هەموو جۆرەکانی پەیوەندی ببەین و بڕێک لە خواستە هاوبەشەکانی تێدا بێنینە دی، تەنها شتێک کە نابێت بکرێت، چوونە ژێرباری خواستی یەکلایەنەیە بەرامبەر بە بڕە پارەیەک یان ئیمتیازێک، بۆ بەهێزکردنی پێگە کە رەنگە بەشێکی دەسەڵاتەکە لێی سوودمەند بێت و ناهاوسەنگیی لەو پەیوەندییەدا هەبێت.

دۆست و دوژمن  دەستنیشان بکەین
گرنگە بۆ ئێمـە پێناسەی دوژمن و دۆستمان کردبێت و بیان ناسین، دەبێ بزانین سڵاوێک کە لێمان دەکرێت چی لە پشتەوەیە؟ هەندێک جار وا رێدەکەوێت نەیارێک بۆمان ببێتە دۆستێکی کاتیی و ماوەیەک بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆمان سوودیان لێببینین، دیارە بەرامبەرەکەشمان هەروا بیردەکاتەوە، کەوابوو خواست و بەرژەوەندییەکان دەبنە ئامانجی لێكچووی کاتی، وەک ئەوەی ئێستا لە نێوانی رۆژئاوای کوردستان و ئەمریکییەکاندا هەیە.
دوژمنایەتی، لە ئەنجامی تێکچوونی پەیوەندییەکان و زیانگەیاندن بە  بەرژەوەندییەکان و رووشاندنی سەروەرییەکان دروست دەبن، ئەمەش بەو مانایە نییە کە ئیتر بواری چاککردنەوە و سڕینەوەی رابردووی تێدا نییە.
جەنگی نێوان وڵاتان و دواتر ئاشتبوونەوەیان، ئەوە دەسەلمێنێت کە دەکرێت شتێک بەناوی دوژمنایەتی کۆن نەمێنێت و لە قۆناغێکی دیکەدا ببنە نزیکترین دۆستی یەکتری.
هەموو گەلان پێویستیان بە ئاشتی و هاوکاری و پەیوەندیی باشە لەگەڵ یەکتری هەیە، دوورکەوتنەوە لە هەڵدانەوەی لاپەڕەی کۆن و زیندوو نەکردنەوەی قین، هۆکارن بۆ سەقامگیری نێوان گەلان، دوژمنایەتییەک کە سەدان هەزار قوربانی لێکەوتبێتەوە، زیندووکردنەوەشی دوو هێندەی لێدەکەوێتەوە.

ئاشتی، سەقامگیری و  ئاوەدانی دێنێت
ئەوەی ئاوەدانی و پێشکەوتن و بازاڕی گەرممان بۆ دێنێتە کایەوە، ئاشتییە کە سەقامگیریی سیاسیی و سەربازیی لێدەکەوێتەوە، هەر لایەنێک بێ کێشە بوو لەم رووانەوە، ئەوا سەری دەپەرژێتە سەر هەموو بوارە خزمەتگوزارییەکان، کە تەنها خواستی رۆژانەی خەڵکە.
پێویستە حکومەت یان حزب، لەپێناوی بەدیهێنانی ئەمە، دۆست بۆخۆی زۆرتر بکات و لە دوژمنەکانیشی دۆستایەتییەکی کاتی دروستبکات، ئەگەر نەتوانێت بیان کاتە دۆستی هەمیشەیی، چونکە هەموان بە شوێن بەرژەوەندیدا دەگەڕێن.

وتارەکانی نوسەر