لەگەڵ بەغدا دەبین بەپێی دەستوور

10:18 - 2023-02-21
هیوا محەمەد
311 خوێندراوەتەوە

بچۆرە گوندێک کە زۆربەیان سەربە مەزهەبێکی دیاریکراوبن، لەوێ راپرسییەک بکە لەسەر ئەوەی کە کام مەزهەبیان بە دڵە، بێگومان هەموویان ئەو مەزهەبەی خۆیان دەڵێن.
هەرێمی کوردستان ئەنجامی قوربانیدانی میللەت و بەرهەمی راپەڕینە و لە دەستووری نوێی عیراقدا چەسپیوە کە زۆرینەی خەڵکی عیراق دەنگی بەڵێیان بۆ داوە و زۆرینەی حزبەکانی عیراق، جگە لە بەشێکی زۆری سوننەکان، بەشداربوون لە داڕشتنیدا.
هەڵوەشاندەوەی هەرێم شتێکە و تووڕەیی خەڵک و بێزاربوونی لە حکومەتی تاکڕەوانەی هەرێم شتێکی ترە.
زۆرێک لە خەڵکی عیراق ئاوات بە رژێمە لەناوچووەکان دەخوازن، چ جا بەوەی کە ئێستا لە خۆمانە و جەرگمان دەخوات، چونکە هەرواش بووە دەڵێن ساڵ لەدوای ساڵ خۆزگەم بە پار، هیچ کەس بەوەی ئەمڕۆ رازی نییە و کە خراپ دەبینێت، دەڵێت خۆزگەم بە جاران، جانەخوازە هۆکارێکی راستەقینە هەبێت بۆ ئەم خواستە ئەویش خراپیی ئەدای حکومڕانییە لە هەرێم.
حکومەت خۆی وادەکات  خەڵک لێی بێزار بێت
دەمێکە خەڵک بێزارە لە رەفتارە تاکڕەوییەکانی حکومەتی هەرێم، لە پای هەڵەکانی ئەم حکومەتە، مووچەخۆران بە ملیۆنان دیناریان فەوتاوە بە ناوی پاشەکەوتەوە، باری دارایی خەڵک بۆ ئاستێکی نزم دابەزیوە، لەبەرامبەردا مافیای دۆلار و نەوت و بە قاچاخبردن و هێنانی کاڵا لە خاڵە سنوورییەکانەوە و هەڵتۆقینی سەدان دەوڵەمەندی ملیۆنێری دۆلار بەبێ ئەوەی پێشینەی دارایی باشیان هەبوو بێت.
بە بەرچاوی ئەم خەڵکەشەوە خاکی کوردستان کە بەشێکە لە عیراقی فیدراڵ، بۆتە جێگەی دەیان سەربازگە و لانەی هەوڵگریی تورکیا و رێکەوتنی ژێربەژێریش لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکرێت بۆ بەتاڵانبردنی نەوتی هەرێم، لەکاتێکیشدا کە هەواڵەکان باسی ئەوە دەکەن کە داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە 6 مانگی رابردوودا 5،5 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، بەڵام حکومەتی هەرێم خەڵکی بە چاوەڕوانی 200 ملیارەکەی بەغداوە بۆ مووچە سەرقاڵکردووە.
زۆرێک لەوەی لەم هەرێمەدا دەگوزەرێت، ئاماژەیە بۆ لێکهەڵوەشانی لەڕووی رۆحییەوە.

 

 

هەرێمی کوردستان ئەنجامی قوربانیدانی میللەت و بەرهەمی راپەڕینە و لە دەستووری نوێی عیراقدا چەسپیوە کە زۆرینەی خەڵکی عیراق دەنگی بەڵێیان بۆ داوە

 

حکومەت چی بکات تا خراپتر روونەدات؟
هێشتا زۆر هەنگاو لەبەردەم حکومەت و حزبەکاندا ماوە بۆئەوەی هەستی نیشتمانیی خەڵکی هەرێم بگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتای راپەڕین، دەتوانین بەشێکیان لەم چەند خاڵەدا پوخت بکەینەوە:
خزمەتگوزارییەکان، کارەبا، تەندروستی و نەخۆشی، بیمەی کۆمەڵایەتی، یەکسانکردنی نرخی سووتەمەنییەکان لەگەڵ ئەوەی لە بەغدا و شارەکانی تری عیراقدا هەیە، تاوانە ئێمە بەشێک بین لە عیراق، بەڵام بەرمیلێک نەوت لەوێ بە 50 هەزار دینار بێت و لێرە لەکاتی خواست لەسەری بگاتە 250 هەزار دینار، لیترێک بەنزین لەوێ لە نێوانی 450 بۆ 600 دینار بێت، لێرە لە نێوانی 800 بۆ 1300 دینار بێت، چ مانایەکی تێدایە لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا دەیان نوێنەرمان هەبێت و سەدان پۆست و پلەمان هەبێت، کارتی نیشتمانی و پاسپۆرتی عیراقیمان هەبێت، بەڵام ئەو جیاوازییە گەورەیە لەنێوان نرخەکانی ئێمە و ئەواندا هەبێت! دەکرێت بپرسین ئەمە کێ دەیکات و کێ لێی بەرپرسە؟ ئەی داهاتی ئەو زیادەی فرۆشتنی سووتەمەنییە دەچێتە چ خەزێنەیەکەوە؟
چەندین خاڵی دەروازەی سنووریی بە هەرێمەوە هەن، رۆژانە بە دەیان ملیۆن دۆلار تەنها باج دەسێنرێت، کەچی هەر سواڵ دەکەین بۆ مووچە، بۆ دامەزراندن و رەخساندنی هەلیکار، نەبوونی خزمەتگوزاریی کە سادەترینی کارەبایە، ئەی ئەو هەموو ملیار دۆلارە بۆ کوێ دەچێت؟
دەبێت رۆژنامەی ئەلسەباح بە هەڵە راپرسییەکەی کردبێت، یان لەوانەی وەرگرتبێت کە لە بەغداوە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەرێم دەکەن، دەنا ئەگەر بیویستایە راستی بڵێت، دەبوا ئەم گلەییانەی خەڵکی هەرێمی باس بکردایە، کە نەک هەر لە دەڤەری سلێمانی، بەڵکو لە زاخۆ و دهۆک و هەولێریش هەر لێوان لێون لە گازندە و بێزاریی لە حکومەت، چونکە لەوێ لەپاڵ ئەم هەموو کەموکووڕییەدا ئازادیی رادەربڕینیش بەرتەسکە و سیاسەتی تورکیا پیادە دەکرێت بەرامبەر هەرکەسێک کە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوان بووەستێتەوە.

سەروەریی هەرێم  سەروەریی عیراقە
پێویستە حکومەتی هەرێم شەرم بیگرێت کە بە بەرچاوییەوە ئەو هەمووە سەربازگەیەی تورکیا هەیە، دەبێت پێیان چۆڵ بکات و سەروەریی بۆ خاکی هەرێم بگەڕێنێتەوە کە عیراقییەکان بە بەشێک لە عیراقی دەزانن، بەمەش گەڕانەوەی سەروەریی بۆ خاکی هەرێم، دەبێتە گەڕانەوەی سەروەریی بۆ خاکی عیراق.
بەغدا باشترین ناوەندە کە کوردی ئەم هەرێمە دەتوانێت لێیەوە خۆی بنیاتبنێت، نەک خۆگرێدان بە وڵاتانی دیکەوە، دەکرێت لە چوارچێوەی عیراقدا ئێمەش بۆ بەرژەوەندیی عیراق و هەرێم رێز لە پەیوەندییە دەرەکییەکان و سنوورەکانمان بگرین کە بەو وڵاتانەوە هەمانە، ئەزموونەکانی دەیان ساڵی رابردوو دەریدەخات کە بۆ ئێمە تەنها بەغدا رێگە راستەکەیە.
بە لێدوانی باق و بریقی گڕدار و هەست بزوێنی نەتەوەیی، سوود بەم گەلە ناگەیەنین کە بە هەرچی نەهامەتیدا هەیە تێپەڕیوە و هەر ئەم حزبانەشی لە مەیدان بوون.
تازە بە تازە دەیانەوێت بە هەندێک دەربڕینی چەوتی نەتەوەیی، لە جێگەی گەرم و نەرمەوە ریسەکەمان لێبکەنەوە بە خوری و بچینەوە سەری دێڕ.
کەی ئەمە سیاسەتێکی راستە بچیتە ئەنقەرە و توانج و پلار بگریتە بەغدا و هەڕەشەیان لێبکەیت؟ ئاخر کە تورکیا بە ناوهێنانی کورد قەڵس بێت، ئیتر چی لێ چاوەڕوان دەکەیت؟ خۆ هەر تورکیا سنووری بە ئێمەوە نییە؟ پێویستە هەڵوێستی هەرێم بەرامبەر درواسێکانی، رەنگدانەوەی هەمان هەڵوێستی بەغدا بێت بەرامبەریان.
سەرکردەی باشی ئەم خەڵکە ئەو کەسەیە کە پێیوایە بەغدا جێگەی چارەسەرە بۆ هەموو عیراق بە هەرێمیشەوە.
مافیای ئابووری لە سایەی حکومەتی تاکڕەوانەی هەرێم لەپەرەسەندندایە، ئەمەشە وا لەخەڵک دەکات هەر ماوە نا ماوەیەک بڕژێتە سەر شەقام، خەڵک سکی برسی بێت و ئەوانیش گیرفانیان پڕبێت لە پارە و سامانی ئەم خەڵکە؟ رۆژێک دێت ئەمە چیتر قبووڵ ناکرێت، بۆیە قەڵس مەبن بەوەی خەڵک ئاوات بخوازێت بچێتەوە ژێر ئیدارەی بەغدا، چونکە هەندێک لەو بەرپرسانە بەهاکانیان لەکەدارکردووە!

کەمی و گرانیی نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان، کەمتەرخەمیی حکومەتە

وتارەکانی نوسەر