پێکەنینی وەفدەکان و تووڕەیی خەڵک

10:32 - 2025-06-23
هیوا محەمەد
162 خوێندراوەتەوە

دوو لایەنی ناکۆک لەسەر بابەتێک کە پەیوەستە بە خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، ئەویش پێکهێنانی حکومەتە کە رێکناکەون، دەبێت ناکۆکییەکی هێندە سەخت هەبێت لە نێوانیاندا وا لەدوای تێپەڕینی هەشت مانگ بەسەر کۆتاییهاتنی هەڵبژرادندا، هێشتا نەتوانراوە بگەنە ئەنجام؟
یەکێتی و پارتی هەردوو حزبی براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنن، بەرنامەی کاری یەکێتی لەکاتی بانگەشەدا خرایەڕوو، خەڵک بە گشتی پێشوازی لێکرد، هەر ئەمەش بوو دەنگەکانی یەکێتی هەڵکشانی بە خۆوە بینی، خەڵک دەنگی بۆ ئەو بەرنامەیە داوە، لەگەڵیشیدا بۆ حزبەکە کە پێیوایە دەتوانێت پیادەیان بکات و بیانهێنێتەدی.
یەکێتی ئێستا لەگەڵ رکابەرە سەرسەختەکەی خۆی (لەکاتی بانگەشەدا) کە پارتییە، چووەتە دانوستاندنەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، دەیانەوێت ئەو بەرنامەی کارەی خۆیان لەناو بەرنامەی کاری حکومەتی نوێدا جێگیر بکرێت، بەڵام کە ناگەنە ئەنجام بەو واتایە دێت لایەنی بەرامبەر ئەوەی بە دڵ نییە و پێیوایە لە دەسەڵاتەکانی کەم دەکاتەوە. 
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم دوو حزبە ناتوانن هاوپەیمانی یەک بن و تیمی هاوبەشی حکومی پێکبهێنن و هەر وەزارەتێکیش لە هەردوولایان پێک بێت سەرکەوتوو نابێت، چونکە ململانێکان بەردەوام دەبن، وەزارەتەکانیش ململانێی یەکتر دەکەن و سەرۆکی حکومەتییش مامەڵەکانی لەگەڵ وەزارەتەکان جیاواز دەبێت و هەوڵ دەدات ئەو وەزارەتانە کارەکانیان سەرکەوتووتر بێت کە سەر بە حزبەکەی خۆیین، ئەمە نەریتی سیاسیی ئەم وڵاتەی ئێمەیە.
ئەوەی خەڵک تووڕە دەکات و دەبێتە پرسیار لای، دیمەنی ئەو ساتانەیە کە وەفدی هەردوو لا سەردانی یەکتر دەکەن، بە جۆرێک پێکەنین لەسەر روخساریانە و باوەش بە یەکدا دەکەن و یەکتر ماچ دەکەن، پێناچێت دوو وەفدی ناکۆک بن و لەوەش باشتر دێنە بەرچاو کە هەردوو لا سەر بەیەک حزب بن! 
ئەگەر لێیان ورد بیتەوە بە تاسەوە تەوقە دەکەن و بە پێکەنینەوە سڵاو لە یەکتر دەکەن، وەک ئەوەی هاوڕێی گیانی بە گیانی بن، کەچی لەم هەموو گفتوگۆ و دانوستاندنانەدا ناگەنە ئەنجام، ئاخر ناکرێت کەسانێک هێندە ئازیز و هاوڕێی یەکتر بن، کەچی نەتوانن زاڵ ببن بەسەر کێشەکاندا و لەپێناوی خزمەتکردنی خەڵک، بگەنە داڕشتنێکی پتەو و باش بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەتایبەتی لە دۆخێکداین کە بە زەبری زۆر، مووچە دواخستن دەسەپێندرێت بەسەر خەڵکدا کە ئاساییترین مافی هەر مرۆڤێکە کە لە فەرمانگەیەکی حکومیدا کار دەکات، لەهەر جێیەکی ئەم جیهانە بێت.
ئەگەر وەفدەکان و بە گشتی سیاسییەکانی کوردستان، پێش هەر شت لە بیری پیادەکردنی ئەو بەڵێنانەدا بن کە لەکاتی بانگەشەدا و پێشتریش بە خەڵکیان داوە، دەبێت هەرچی زووتر هەنگاو بنێن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ و چوونە گفتوگۆوە لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە مووچەی خەڵکەوە.
راگرتنی کۆبوونەوەکان بۆ پێكهێنانی حکومەت بێ هۆکارە و دواکەوتنی لەوە زیاتر ئەو متمانەیە لەدەست دەدات کە خەڵک لە رێگەی دەنگەکانیانەوە داوێتی بە حزبەکان، ئەگەر ئامادەییەک هەیە بۆ گەیشتن بە ئەنجام و رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەرچی زووترە با بکرێت، دەنا ئەگەر هێندە لەیەک دوورین ئیتر بۆچی کات بکوژین و چاوەڕوانی چین؟

وتارەکانی نوسەر