یەکبێژ

کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە و تەقاندنەوەی سێ بۆرییەکە

09:27 - 2023-02-23
هیوا محەمەد
295 خوێندراوەتەوە

لە17-7-2014 و لەسەر ئاسمانی دونباسی ئۆکرانیا فڕۆکەیەکی مالیزی نەفەر هەڵگر کەوتە خوارەوە، لەو کاتەوە هۆکاری رووداوەکە بە نادیاری ماوەتەوە.
لە مانگی سیپتەمبەری 2022 لە درێژەی جەنگی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سێ هێڵی بۆریی غازی روسیا بۆ ئەڵمانیا لە کۆی چوار هێڵ تەقێندرایەوە لە ناو دەریای بەڵتیک.
رۆژی هەینی رابردوو، نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دیمیتری بۆلیانسکی رایگەیاند کە وڵاتەکەی پرۆژە بڕیارێکی خستۆتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە تەقینەوەی ئەو سێ بۆرییە و پێدەچێت لەم هەفتەیەدا بخرێتە دەنگدانەوە. روسیا پێیوایە کە ئەم کارە ئەمریکا کردویەتی لە رێگەی نەرویجەوە.
هۆڵەنداش لە جیاتی ناتۆ و بە سەرپەرشتی داواکاری گشتیی ئەو وڵاتە، کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لەسەر کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە مالیزییەکە کردووە، هەفتەی رابردوو هەوڵیداوە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە بخاتە ئەستۆی روسیا، ئەمەش وای لە وەزارەتی دەرەوەی روسیا کردووە کە باڵێۆزیی هۆڵەندای لە وڵاتەکەی بانگهێشت بکات و تووڕەیی روسیا لەسەر ئەمە بخاتەڕوو.
بە پێی سایتی ئاڕ.تی روسی، رۆژنامەنووسی ئەمریکی سیمۆر هیرش لە وتارێکیدا نووسیویەتی کە ئەمریکا لە رێگەی نەرویجەوە بۆرییە غازەکانی روسیای تەقاندۆتەوە لە دەریای بەڵتیک، ئەمریکاش ئەمەی رەتکردەوە. جووڵاندنی ئەم کەیسانە پەیوەستە بە گەرمیی جەنگەکەوە لە ئوکرانیا.
ئەمریکا بۆتە جێگرەوەی دابینکردنی غازی روسی کە چەندین ساڵە  ئەوروپا لە روسیایان دەکڕی، بەڵام وەک سەرانی ئەو وڵاتانە دەیڵێن، ئەمریکا ناتوانێت هەموو بۆشاییەکان پڕ بکاتەوە و نرخەکەشی گرانترە لەوەی کە لە روسیایان دەکڕی.
ململانێکانی نێوان زلهێزەکان، لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، پڕیشکی لێدەبێتەوە و بێئاگاکان لەدەرەوەی ئەم ململانێیانە باجەکەی دەدەن، فڕۆکەیەک بە سەدان سەرنشینەوە دەخرێتە خوارەوە و لەگەڵ بەهێزیی چاوی رادار و مانگە دەستکردەکان، کەچی هۆکار و تاوانبار ون دەبێت.
لەدەریایەکدا سێ بۆری غاز دەتەقێندرێتەوە بەبەرچاوی کەشتی و بەلەمی چاودێریی هەریەک لە سوید و پۆلۆنیا و ئەڵمانیا و لیتوانیا و ئیستونیا، کەچی هیچکامیان نایانەوێت زانیاریی بدەن لەسەر چۆنێتی تەقینەوەکە، چونکە ئەم کارە بە گروپێکی مافیا ناکرێت ئەگەر یەک لەم وڵاتانە هاوکارییان نەکردبێت.
کۆمەڵگەی جیهان ئاشتی دەخوازێت، هەوڵەکان بۆ زیاتر خۆگونجاندن و روبەڕوبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکانە، بەڵام بەداخەوە کە جڵەوی دەسەڵات دەکەوێتە دەستی هەندێک کەسی نابەرپرس و بە لارێیدا دەبەن و گوێ بەوە نادەن کە لێدوانەکانیان یان هەنگاوەکانیان رووداوی خراپ و جەنگی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە.
وتەکانی ماکرۆن لە لووتکەی میونشین، سەرەتایەکی دیکەی گەرمکردنی ئاگری جەنگی ئوکرانیا و روسیایە، کاتێک پێیوایە بواری دانوستان نەماوە و دەبێت بە هەموانەوە هاوکاریی ئوکرانیا بکەن، ئەو دەڵێت: ئەم جەنگە لە نێوانی روسیا و ئوکرانیا نییە، بەڵکو (روسیا و جیهانە) بەمەش رووی دەمی ناڕاستەوخۆ لەو وڵاتانەی بەرهەمهێنەری نەوتە و دەیەوێت بیانخاتە ژێر باری هاوکارییکردنی ئەوروپاوە تا لە رووی روسیادا بوەستنەوە و ئەو جەنگە پەلباوێژێت و تەنها ئەوروپا لێی زەرەرمەند نەبێت. 

وتارەکانی نوسەر