کۆمێنت

وەسمیە

10:08 - 2023-02-23
شیرین. ک
340 خوێندراوەتەوە

(45)

ساڵی 2000 گروپێک لە نووسەر و رۆژنامەنووسانی عەرەب سەردانی سلێمانیان كرد، لەناویاندا لەیلا عوسمانی نووسەری كوێتی تیابوو، ئەو كاتە لێپرسراوی ئەدەب و هونەر بووم، سەرنووسەر داوای لێكردم بچم دیدارێكی لەگەڵدا بكەم، ئەوە یەكەمجارم بوو ناوی ئەو ژنە ببیستم، دیدارێكم لەگەڵدا كرد یەك لاپەڕەی ئەدەب و هونەری گرتەوە!! پێشتر باسی ئەمەم كردووە لەگۆشەی (بە نیازی ئاوڕدانەوە) كە گۆشەیەكە باسی ئەزموونی رۆژنامەوانی خۆم دەكەم.
بۆ ساڵی 2001 ئینجا رۆمانی (وەسمیە لەدەریا دێتە دەرێ)ی ئەم نووسەرەم خوێندەوە، ئەو كاتە نووسەر دڵخۆش بوو بە بردنەوەی كەیسەكەی لەدادگا، كە ئیسلامییە توندڕەوەكانی كوێت شكاتیان لێكردبوو بەتۆمەتی ئەوەی لەچیرۆك و رۆمانەكانیدا هانی خەڵك دەدا بۆ بێڕەوشتی و بەرەڵایی، داوای قەدەغەكردنی كتێبەكانیان كردبوو، دادگاییەكە سێ ساڵی خایاند بوو، ئەنجامەكەی لە بەرژەوەندی نووسەر بوو، چونكە فرۆشی كتێبەكانی بەهۆی ئەو هەرایەوە زیاتر بوو، دواتر كتێبێكی لەبارەی ئەو دادگاییكردنەوە بڵاوكردەوە بەناوی (دادگاییكردن.. بەشێك لەژیاننامە).
لەدەفتەرەكەمدا لەبارەی رۆمانی (وەسمیە..) نووسیوومە: (رۆمانێكی رۆمانسی لێوانلێو لە خۆشەویستی نێوان كوڕ و كچێكی هەرزەكار، تراژیدیایەكە وێنای جیاوازی چینایەتی كۆمەڵگەی كوێتی دەكات لەسەردەمی پێش نەوتدا وەسمیە سەر بەچینێكی سەروو ترە لە عەبدوڵڵا، بەڵام عەبدوڵڵا سەر بە رەگەزی نێرە كە سەرووترە لە وەسمیە كە سەر بەرەگەزی مێیە،  بۆیە وەسمیە دەخنكێ و عەبدوڵڵاش تەنیا دەمێنێتەوە، نووسەر پێمان دەڵێت: جیاكاریی رەگەزیی و جیاوازی چینایەتی لێك جیاناكرێنەوە.. ).
رۆمانی (وەسمیە..) لە لیستی سەد باشترین رۆمانی عەرەبی سەدەی بیستە، بەڵام بەهۆی سەرسامبوونم بە رۆمانەكە بڕیاری وەرگێڕانیمدا كە یەكەم كتێبم بوو وەریبگێڕم، نووسەر كۆمەڵێك رۆمان و كۆمەڵە چیرۆكی هەیە، بەڵام من دوای ئەوە رۆمانێكی تریم خوێندەوە بەناوی (كلێنچكە) هەروەها دوو كۆمەڵە چیرۆكیم خوێندەوە (فەتحیە مەرگی خۆی هەڵدەبژێرێ) و (ژنێك لە دەفرێكدا).

وتارەکانی نوسەر