دوو دەوڵەت و یەک ئایندە

09:37 - 2023-03-02
‎‎سۆزان حەمە تاتە
326 خوێندراوەتەوە

گرژییەکانی نێوان چەکدارەکانی فەلەستین و سوپای ئیسرائیل چەند رۆژێکە چڕتر بۆتەوە، بەجۆرێک کوژرا و بریندار و دۆخێکی مرۆیی سەختیشی بەدوای خۆیدا هێناوە، زۆرینەی وڵاتانی جیهان داوای ئاشتی و سەقامگیرییان لێدەکەن، بەڵام ئاسۆیەکی وا روون نییە ببێتە جێگەی هیوا و کۆتایی خوێنڕێژی.
کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیی  عەقەبە بە بەشداریی هەریەک لە بەرپرسە ئەمنییە باڵاکانی ئەمەریکا، ئیسرائیل، میسر، فەلەستین و ئوردون، هەنگاوێکی باشە ئەگەر کاری پێبکرێت بەتایبەتی کە بڕیاریانداوە لە سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵدا لە هاوینەهەواری (شرم الشیخ)   لە میسر کۆببنەوە، هەرنا بۆ ئەوەی بزانن چەند هەنگاو بۆ ئاشتی چوونەتە پێشەوە و چەند خاڵی رێککەوتنەکەی عەقەبەش جێبەجێکراون.
دوو خاڵ کە زۆر فۆکەسیان خراوەتە سەر، بریتین لە وەستاندنی دروستکردنی ئۆردوگا جوولەکەنشینەکان، هەروەها داننان بە دەوڵەتی فەلەستین و بوونی بە ئەندامی رەسمی نەتەوەیەکگرتووەکان، واتە دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین ببنە دراوسێ و دان بەیەکتردا بنێن.
ئەو دوو خاڵ و داوایە زیاتر مۆرکێکی فەلەستینی و عەرەبی پێوەیە، بەڵام لای ئیسرائیل بە روونی رەتدەکرێنەوە.
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل حکومەتێکی تووندڕەوی دروستکردووە، بنەمای سەرەکیی ئەو حکومەتە بریتییە لە برەودان بە فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل و دروستکردنی زۆرترین یەکەی نیشتەجێبوون، بۆیە سووربوونی حکومەتەکەی لەسەر بەردەوامیدان بە دروستکردنی ئۆردوگای نوێی جوولەکەنشین کردەوە، ئەمەش یانی رەتکردنەوەی داوای یەکەمی فەلەستینییەکان.
سەبارەت بە داننان بەو حکومەتەی فەلەستینییەکان بە سنوورەکانی زۆر پێشتر داوای دەکەن، ئیسرائیل دژێتی و بەتوندی رەتیدەکاتەوە، بۆیە جێبەجێکردنی داوای دووەمیش جۆرێکە لە ئەستەم.
کۆبوونەوەی عەقەبە، دەستپێشخەریی ئوردونە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، ئوردون لایەنێکی کاریگەر و مەیدانییە بۆ هێنانەکایەی ئاشتی، بەڵام توانای ئوردون هێندە نییە بتوانێت گوشاری تایبەت لە ئیسرائیل بکات بۆ ئەوەی سەقامگیری و ئاشتی بەدیبهێنێت، بەڵکو تەنها هەوڵێکی دیپلۆماسییە و لەگەڵ میسر بەوپێیەی دراوسێی ئیسرائیل و فەلەستینن و دەیانەوێ ئاشتی لە ناوچەکەدا بەدیبێت.
یەکێک لەو خاڵە بەهێزانەی بۆ ناوبژیوان گرنگە بریتییە لە بوونی هێز و هەیمەنە و ئابووریی گەورە و کاریگەر بۆ ئەوەی بیکاتە کارتی گوشار بۆ هێنانەکایەی ئاشتی و سەقامگیری، ئوردون ئەوانەی نییە، بەڵکو تەنها نمایشێکی دیپلۆماسییە وەکو ئەركێکی عەرەبی و دراوسێیەتی، کەچی ئەمەریکا ئەو خاڵە بەهێزانەی هەیە، بەڵام بۆ ئاشتی و سەقامگیریی راستەقینە بەکاری ناهێنێت،  بەڵکو بەجۆرێک لە جۆرەکان خزمەتی ئەجێندای سیاسیی ئیسرائیل دەکات.
ئەوەی روونە بێ چارەسەرکردنی دوو کێشەی گرنگ، ناوچەکە سەقامگیریی بەخۆیەوە نابینێت، ئەوانیش کێشەی کورد و کێشەی فەلەستینن، هەردوو نەتەوەکەش پێویستیان بە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانە بۆ ئەوەی ستەمی مێژوویی سەریان کۆتایی بێت و ئاییندەی هەموانیش گەشاوەبێت.

وتارەکانی نوسەر