یەکبێژ

حکومەتی بێ یەکێتی

09:38 - 2023-03-02
هیوا محەمەد
306 خوێندراوەتەوە

تیمەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەتی هەرێمدا، بۆ یەکەمین جارە لەدوای دروستبوونییەوە وا بێمنەتانە هەنگاو دەنێت بێ ئەوەی ئەو گرفتانە بەسەر خۆیدا بێنێت کە هەن.
ئەوەی کە سەرەکیترین هاوبەشی حکومڕانییە لە هەرێم، واتا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو گازندانەی سەبارەت بە تاکڕەویی لە حکومڕانی و پشتگوێخستنی زۆنی سەوز هەیەتی و خستوونییەتە روو، هێندە کەم و بێبەها نین تا حکومەت ئاوڕی لێنەداتەوە.
واچاکترە پارتی گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی نابەرپرسانەی ئەو تیمەی خۆیدا بکات، دەنا بەردەوامبوون بەم جۆرە لە خزمەتی هەرێمدا نییە.
بەداخەوە کە ناچارم ئەوە بە بیربێنمەوە کە سەدامی دژە مرۆڤ، وتبووی کورد یەک نوێنەریان نییە و نازانم لەگەڵ کێ رێبکەوم، ئێستاش بەهەمان شێوە کاتێک حکومەتی بێ یەکێتی روودەکاتە بەغدا، دەبێت ئەوە چاوەڕوان بکات کە پێیبڵێن بەخێربێن، بەڵام ئێوە نوێنەری هەموو هەرێم نین، لەم حاڵەتەشدا ناتوانن رێکەوتنێکی گشتگیر بکەن.
هەرکام لە یەکێتی و پارتی، ئەگەر بیانەوێت ئەم هەرێمە بەم هەیکەلەی ئێستایەوە بمێنێت، دەبێت مل بۆ ئەوە بدەن کە هیچیان بە تەنها ناتوانن ببنە نوێنەری هەرێم لای بەغدا.
ئەوان دەزانن لە هەرێم چی دەگوزەرێت و کێن ئەوانەی هەرێم بەڕێوەدەبەن و سەر و کەللەشیان لەگەڵ ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدارای هەرێم کوتاوە و شتێکی لێ حاڵین.
لە رابردوودا کورد لەم بەشە باجی ناتەبایی داوە، گرفتەکەش ئەگەرچی هەموان لێی بێبەش نین، بەڵام زۆرتر و دەستپێشخەر لایەنێک بووە نەک بەتەنیا لەگەڵ یەکێتی، بەڵکو لەگەڵ زۆرێک لەوانەی لە گۆڕەپانی خەباتدا ویستبێتیان بەردێک بخەنە سەر بەردێک.
دەیان وتار لەم کاتە سەختانەدا لەلایەن کەسانی دڵسۆزەوە دەنووسرێت و داوادەکرێت یەکڕیزیی سیاسیی هەرێم بپارێزن تا هەڵوێستێکی یەکگرتوومان هەبێت لەبەرامبەر کێشە هەڵواسراوەکان لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئەوەی کە نایەوێت ئەم یەکڕیزییە بێنێتە دی، ئەوانەن کە کێشە کەڵەکەبووەکانی ناوخۆی هەرێم بە هەند وەرناگرن.
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی هەندێک بابەتی هەرێم کە پەیوەستە بە دارایی و هەناردەی نەوت و سنوورەکان و زۆری تر، دەرخەری ئەوەن کە بەغدا نایەوێت لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەم جۆرەی کە ئێستا هەیە بچنە دانوستانی جدییەوە، چونکە متمانەیان پێیان نییە. 
لە دوا سکاڵادا رۆژی 28 ی شوبات، دیسان سکاڵایەک لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێم کراوە بەوەی کە لە ساڵی 2004 وە ئەو پارانەی نەناردۆتەوە بۆ بەغدا کە لە رێی سەبەتەی خۆراکەوە کەوتۆتە لایان و بڕەکەی زیاتر لە 170 ملیار دینارە.
دەشوترێت حکومەتی هەرێم سێ ملیار و 348 ملیۆن دۆلاریش قەرزاری کۆمپانیاکانی نەوتە.
سکاڵاکانیش لای دادگای فیدارڵی بێ هۆ نین، بۆیە ئێمەش دەڵێین: هەرچەند کورد لە هەرێم پەرتەوازە بێت، ئەوانیش لە بەغداوە توندتر دەبن و هەرچی لاپەڕەی کۆنە بەدوای یەکدا هەڵیدەدەنەوە.
لەگەل بوونی هەژموونی دەرەکی لەسەر رەوتی سیاسیی عیراق، وا دەخوازێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.

وتارەکانی نوسەر