جەنگیز ئیتماتۆف، بە کوردییەکی رەوان

09:55 - 2023-03-02
ئاوات حەسەن ئەمین
289 خوێندراوەتەوە

رەنگە پێشەکی نووسین بۆ رۆمان کارێکی زیادەبێت، لەبەرئەوەی کارە ئەفراندنەکە خۆی سەراپاگیرەو پێویستی بەھیچ روونکردنەوەو لەسەر نووسینێک نییە .
وەلێ کاتێک پڕۆسێسی وەرگێڕان دەبێتە جۆرێک لە خولیاو ستراتیژی کەسی وەرگێر، وەک چۆن لای نووسەرو وەرگێڕی بەسەلیقە ھاوڕێم  تۆفیق عەبدول، کەوتۆتەوە بەوەی ئەمە شەشەمین رۆمانی نووسەری بەتوانا جەنگیز ئیتماتۆفە کاری وەرگێڕانی بۆ دەکات. لێرەوە ھەڵوێستە وەرگرتن و لەسەر نووسین دەبێتە جۆرێک لە حەتمییەت و پرسیارێکیش خۆی نمایشت دەکات: بۆچی وەرگێڕ ئاوا لە بۆسەدایە بۆ ئەم رۆمان نووسەو یەکە یەکە بەرھەمەکانی دەکات بە کوردی؟
ھەر بۆئاماژەپێدانیش پێشتر ھەریەکە لە رۆمانەکانی چیای سەگەبازوو، ھەورە سپییەکەی جەنگیز خان، کەشتییە سپییەکە، جەمیلە و ئێستاش ئەم رۆمانەی تر واتە خاکی دایک، لهلایەن وەرگێڕ تۆفیق عەبدولەوە کراون بەکوردی.
كاتێکیش  خوێنەر بەسەلیقەوە سەرجەم ئەو وەرگێڕانە دەخوێنێتەوە، لە شەیدایی خودی وەرگێڕ تێدەگات  بەوەی بەرھەمەکانی کار راییکردن نییە، بەقەد ئەوەی خۆی سەرسامی سەرلەبەری ئەزموونی نووسینی جەنگیز ئیتماتۆفە، شەیداییشی بۆ نووسەرەکەو بۆ رۆمانەکانی وای لێکردووە کە وەک خوانێکی ھەمە چەشن، پێشکەشی خوێنەری کوردی بکات تا بێبەش نەبن لەو چێژەی کە ئەوی نووسەری دەق بە زمانی کوردی لە ئەنجامی وەرگێڕانەوە کردوویەتی، چێژی لێ بینیوون .
جەنگیز ئیتماتۆف، وەک نووسەرێکی مولتەزیم و دیپلۆماتکارێکی قاڵبوو، ھەرگیز کارەکانی نەکردووە بە قوربانی سیاسەت و نەبۆتە بڵندگۆیەک بۆ وەشاندنی بیروباوڕە رامیارییەکانی، ھەرچەندە ئەو راوێژکاری گۆرباچۆڤ بووە و نوێنەری رووسیا بووە لە نێوەندە ئەوروپییەکاندا، بەڵام ھەرگیز کاری نەکردۆتە سەر بە ئاراستەکردنی نووسینەکانی و بەردەوام لایەنگری ماف وحەق خوازی بووە بۆ گشت مرۆڤەکان .
ئەوەی کە تێبینیم کردووە لە سەرلەبەری کارەکانی وەرگێڕ، توانستییەتی بە شێوەیەکی بێ ئەندازە بەسەر زمانی کوردیداو کاتێک کارەکان لە ئینگلیزییەوە وەردەگێڕێت، کە دیارە بڕبڕەی پشت و سەرچاوەی وەرگێڕانییەتی. بە کوردییەکی بێ گرێ و گۆڵ و رەوان دەیکات، ئەگەر ناوی نووسەرە یەکەمەکەی لەسەر نەبێت ئەوا ئەستەمە ھەست بەوە بکەیت کە وەرگێڕانەو بە بەرھەمی خودی تۆفیق عەبدولی دەزانیت .
لێرەوە دێمەسەر کرۆکی باسەکەو دوو قسە لەسەر رۆمانی (خاکی دایک)ی نوسەری قەرخیزی جەنگیز ئیتماتۆف دەکەم .
دیارە مەبەستم نییە چێژی خوێندنەوەی رۆمانەکە زەوت بکەم بەقەدر ئەوەی ھەندێک لە پەنھانی و ئیستاتیکای نووسین و پرسیارگەلێک ئاماژە پێبکەم، کە خوێنەری بەسەلیقە، ئەگەر من نەشی نووسم، ئەو درکی پێدەکات .
بە کورتی رۆمانەکە باس لە سەروبەندی جەنگی دووەمی جیھانی دەکات، باس لە خێزانێکی ماندوونەناس و کۆڵنەدەری قوربانی بەخش دەکات، کە چوار کەسیان دەبێتە سووتووی جەنگ و فەوت دەبن .
لەدواجاردا ئەوکەسەیان کە دەمێنیتەوە، ھیچ جۆرە پاداشتێک وەرناگرێت و قەرەبوو ناکرێنەوە .
لەمەزیاتر قسە لەسەر ناوەرۆکی رۆمانەکە ناکەم، تا خوێنەر خۆی لەئەنجامی خوێندنەوەوە چێژ لەدرێژەی زۆر رووداو وەرگرێ، کە بەڕاستی سەلیقەی وەرگێڕ وەستایانە گواستویەتەوە بۆ زمانی کوردی .
لە کۆتایدا دەمەوێت نھێنییەک بدرکێنم، رۆمانی خاکی دایک ئەو پەندەمان فێر دەکات:
ئەو کەسانەی  قوربانی دەدەن و دەبنە پشکۆی گەشانەوەی شۆڕش و سووتووی جەنگە نالەبارەکان، دواتریش دەبنە قوربانی و شەھید دەبن، نەخۆیان و نە کەسە نزیکەکانیان لە بەرھەمی ئەو ماندوبوون و قوربانیدانەیان ناخۆن و ئارەقی ماندوبوون ناسڕن.

وتارەکانی نوسەر