شەفافیەت لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

09:21 - 2023-03-05
عومەر قادر
419 خوێندراوەتەوە

لە دوای راپەڕینەوە هەرێم تاکە بەرهەم و تاکە سەرچاوەی دارایی سامانی نەوتە، کە لە ئێستادا ژێرخانی ئابووری کوردستانی وێران کردووە و  کاریگەری نێگەتیڤی کردۆتە سەر گشت بوارە ئابوورییەکان . چونکە بەشێک لەم دەسەڵاتەی ئێستا هەرێم بەڕێوە دەبات دەسەڵاتی راستەقینە نییە، ئەوەی ئێستا روودەدا هەمان بەسەرهاتە کە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ئەم وڵاتە بەدەست دوژمنانی کوردەوە چەشتویەتی   .
لەڕاستیدا سیاسەت و رامیاری دوربینییە، ئەو دەسەڵاتەی ئێستا دەستی بەسەر سامانی نەوتی وڵاتدا داگرتووە خاوەنی زانستی وردی دەسەڵاتداری نییە، توانای هەڵسەنگاندنی بۆ هەنگاونان بۆ ئێستا و ئایندە نییە و بێ باکە و نایەوێت بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خەڵکی کوردستان پارێزراوبن، هەر لەبەرئەوە ژیانی هاووڵاتیان لە کوردستان لە قەیرانەوە بەرەو قەیرانێکی تر دەگوازرێتەوە، ئەمەش بەهۆی نەگەڕانەوەیە بۆ یەکخستنی تێڕوانینی ناوخۆیی کە بەداخەوە تاکە لایەنێک بە هەڵبژاردنی سەرنج و دروشم و رێبازی «بیانی پەرستی و خۆ لەبیرکردن» سەرجەم کایەکانی ژیانی بەلاڕێدا بردووە.

بەهەدەردانی سامانی وڵات
 کێشە گەورەکە ئەوەیە کە هیچ لایەنێکی دەستوری، یاسایی نییە بتوانێت لێپێچینەوەی هەبێت لە بەهەدەردانی سامانی وڵات و تاریکاندنی بودجە و کاروباری دارایی، چەندین بەڵگە بەردەستە بۆ سەلماندنی راستی بەهەدەردان و دزینی سامانی نەتەوەییمان.
1- لە گشت قۆناغە جیاجیاکاندا  لە کاتێکدا دامەزراوە ئابوورییەکان لەدەست «یەکێتی نیشتمانی کوردستان»دا بووبێت، هەوڵی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و دەرامەتی هاووڵاتیانی داوە و هەمیشە پڕۆژەی بووە بەجۆرێک بتوانێت سەرجەم پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێم فەراهەم و دابین بکات و بەشێکیش هەناردە بکات و بەرهەمەکەی بخاتەوە خزمەتی هاووڵاتی و لەساڵی 1996 «یەکێتی نیشتمانی کوردستان» توانی نەوت لە کێڵگەکانی شیواشۆک بەرهەم بهێنێت و لە «17»ی تموز ساڵی «2002» یەکەم گرێبەستی نەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێم ئیدارەی سلێمانی بۆ پەرەپێدانی نەوتی کێڵگەکانی تەقتەق لەگەڵ کۆمپانیای ( جەنەڵ ئینێرجی) لەسەردەمی دکتۆر بەرهەمدا ئیمزا کرا. یەکەم کێلگە نەوتی بوو بە چاودێری حکومەت نەوتی لێدەرهێنراوە. ئەوکاتە کۆمەڵانی خەڵک بەگشتی بێ جیاوازی بیروڕا هەمووان لەبەرهەمی سامانی نەوت سوودمەندبوون .
2- کوردستانی نوێ کە هەمیشە یەکێکە لە دەسکەوت و سەروەرییەکانی یەکێتی، پردی گواستنەوەی هەواڵ بووە بۆ گشت بوارەکان لە ژمارە ( 205) لە  1/ 10 / 1992 هەواڵێکی بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا هاتووە؛ حیکمەت چەتین وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک رایگەیاندووە کە نزیکەی یەک ملیۆن تۆن نەوتی خاوی عیراق لە ناو بۆڕییە نەوتییەکانی عیراق – تورکیادا قەتیس ماوە کە بایی ( 160) ملیۆن دۆلار دەبێت، کە دەکاتە (16000 ) شانزە هەزار دەفتەر دۆلار .

بابەتی هەواڵەکەی کوردستانی نوێ چیمان پێ دەڵێ : 
1-
تەنها ئەو بڕە نەوتە قەتیس ماوەی کە لەکاتی خۆی دوای ئەوەی ئابلۆقەی ئابووری خرایەسەر عیراق بایی شانزە هەزار دەفتەر دۆلارە . 
2-ئەو بڕە نەوتە قەتیس ماوە بایەخی خۆی هەبووە،   ( UN )  بۆ ئەو مەسەلەیە هاتۆتە سەرخەت ویستویەتی بیفرۆشێت و پێداویستی گەلانی عیراقی  پێ پڕ بکاتەوە . 
تۆ بڵێی رۆژانە چەند ئەوەندەی ئەم نەوتە قەتیس ماوە لەڕێی بۆڕییە نەوتییەکانەوە بەڕێ دەکرێت بۆ بەندەرەکانی تورکیا و لە چەندین رێگای تریشەوە . 

تاریکاندنی دەسکەوت و داهاتی نەوت
لە هەواڵێکی تری رۆژنامەی کوردستانی نوێی ژمارە ( 211 ) لە ڕۆژی ( 9 / 10/ 1992 ) بڵاوکراوەتەوە هاتووە؛ «لەکاتێکدا بڕیاری (778)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی داوا لەو دەوڵەتانە دەکا کە نەوتی عیراقیان لایە بیفرۆشن و پارەکەی بە (UN) بدەن، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە رایگەیاندووە کە تورکیا نیازی  نییە ئەو بڕە نەوتەی لەناو بۆرییە نەوتییەکانی عیراق – تورکیا قەتیس ماوە بەپێی بڕیارەکە بفرۆشێت» ، ئاشکرایە بەبێ رەزامەندی حکومەتی بەغدا نەیتوانیوە ئەوکارە بکات.
دیارە تاریکاندنی دەسکەوت و داهاتی نەوت و بازرگانی هەرێم و لێدوانەکانی حکومەتی هەولێر کە تەنیا بەڵێنی درۆ و گەشبینی و ئومێدی ساختە دەرخواردی گەلەکەمان دەدات، دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگرێت کە شۆڕشی شەفافیەت کە ئێستا لە گۆڕێدایە گڕ وتینێکی گەورە بە کاروانی سیاسی دەبەخشێت و ئابڕوچوونە دارایییەکانی حکومەتی ئێستا دەردەخات ناتوانێ تا سەر جیاوازی بکات ل ەنێوان ئەم شار و ئەوشار و ئەم ناوچەو ئەو ناوچەیەی هەرێمی کوردستان، لەنێوان هاووڵاتی حزبی و ناحزبی، لەنێوان حزبێک و حزبێکی تردا. مێژوو زۆر نموونەی توندڕەو و نۆکەرمان دەداتێ کە بەنەزانی دوای بێگانە کەوتوون ، لەکۆتاییدا خۆشیان لەهەموو سەرکەوتنێک و دەسکەوتێک بێبەش کراون و مێژوو و گەل و نیشتمان نەفرەتیان لێکردوون . 

ناشەفافیەت لە دۆسێی نەوتی هەرێمدا

وتارەکانی نوسەر