راپەڕین مێژوویەک پڕ لە شانازی

09:35 - 2023-03-06
شوان شێخە قەرەنی
355 خوێندراوەتەوە

راپەرین وەرچەرخانێکی گرنگی مێژووییە لە دیرۆکی هاوچەرخی کورد لە باشووری کوردستاندا، ژانی لەدایکبوونی قۆناغێکی نوێی مێژوویی و، هەروەها سەرەتای گواستنەوەی خەباتی شاخ بوو بۆ شار، لە هەمانکاتدا حوکمی خۆبەڕێوەبەری خۆبەخۆیی کوردی چەسپاند، ئەوەشی دەرخست کوردیش توانای ئیدارەدانی خۆی هەیە ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، ئەگەر بمانەوێت بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی شرۆڤەی لایەنە جیاوازەکانی راپەڕین بکەین و رۆڵی لایەنە سیاسییەکان بخرێتە بەر نەشتەر، ئەوا دەبێت بەدوای رۆژژمێری راپەڕین و ئامارێکی دروست دا بگەڕێین لەم بارەیەوە و، چەند لایەنێک وەربگرین وەکو نەخشە داڕێژەر، شانە چەکدارەکان، رێکخستنی نهێنی، پێشمەرگە، شەهید و بریندارەکان، نامە و بەڵگەنامەکان ...هتد.
لە هەموو ئەو لایەنانەی ئاماژەی بۆ کرا دەردەکەوێت، کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رۆڵی هەرە سەرەکییەکەی گێڕاوە، کە ئەمەش بەراورد ناکرێت بە هیچ لایەنێکی تر، لەم روانگەیەوە دەکرێت ئەو مێژووە بەشێوەیەکی زانستی و دوور لە بەلاڕێدابردن بخرێتە بەر دیدە و، دووربخرێتەوە لە ململانێ سیاسییەکان، وانەی گرنگی لێوەربگرن، لێرەوە جێگەی خۆیەتی لە ساڵیادی راپەڕیندا لای زیاتر لە خزمەتگوزارییەکان بکرێتەوە بۆ هاونشتیمانیان و لەهەمان کاتدا خزمەتی زیاتری دەڤەری راپەڕین بکرێت، کە داینەمۆی راپەڕینی ئاداری (1991) بوون.
لەلایەکی ترەوە ئەگەر بمانەوێت دەستکەوتەکانی راپەڕین و پایەکانی زیاتر بچەسپێت و پارێزگاریی زیاتری لێبکرێت، دەبێت دادپەروەری کۆمەڵایەتی زیاتر بەدی بێت و، لە هەمان کاتدا پایەکانی حکومڕانییەکی دیموکرات و مەدەنی زیاتر شۆڕبێتەوە بەناو هەموو کایەکاندا، بەمەش دەتوانرێت گیانی شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستان بەگشتی و شەهیدانی راپەڕینە پڕشکۆکەی بەهاری (1991) زیاتر ئاسوودەبێت. 
 لە کۆتاییدا ناکرێت لەژێر هیچ پاساوێک ئەم بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییە کە (یادی راپەڕین)ە، بێ بایەخ سەیربکرێت و، ئەو یادە زیاتر لە رێگای سیستەمی پەروەردە بخرێتە ناو مەنهەجی خوێندن و خوێندکارانی کوردستانی پێ گۆش بکرێت و بە گیانی نیشتیمانیەوە ئەو مێژووەیان زیاتر بۆ شرۆڤە بکرێت و، سوودی زیاتر لەو مێژووە وەربگیرێت، بۆ ئەوەی مێژووەکەمان بەسەردا دووبارە نەبێتەوە، بۆیە دەبێت رۆژی (٥ی ئادار)ی هەموو ساڵێک وەکو بۆنەیەکی نیشتیمانی لە هزری تاک بە تاکی گەلی کورد بگەشێتەوە و، لەسەر هەموو لێکەوتەکانی راپەڕین لێکۆڵینەوە بکرێت، لەهەمانکاتشدا وانەی گرنگی لێوەربگیرێت.

وتارەکانی نوسەر