چاودێری، وەکو یەکێک لە ئەرکەکانی پەرلەمان

09:52 - 2024-08-07
شوان شێخە قەرەنی
502 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی پەرلەمان لایەنی چاودێرییە لە وڵاتانی پێشکەوتوو، دیارە بەر لە هەرشتێ پەرلەمان بە دەزگایەکی پڕ بایەخ دادەنرێت بۆ چاودێریی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ئەو دەزگایە چاودێریی جێبەجێکردنی هەموو ئەو یاسایانە دەکات کە پەسەندیان دەکات یاخود هەمواریان دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەدواداچوون بۆ شێواز و کارکردنی دامەزراوە رەسمییەکان دەکات. بەپێی یاسا بەرکارەکان لە پاڵ چاودێریی ئەرکەکانی حکومەتدا، هاوکات متمانە پێدان و وەرگرتنەوەی لە حکومەت ئەرکێکی تری ئەو دامەزراوە یاساییەیە.

پێویستە هەموو هاونشتیمانییەک بەشداریی کارا بکات لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بە ئامانجی رەواندنەوەی مەترسییەکانی بەردەم قەوارەی هەرێم

بەدواداچوون و چاودێری
لە وڵاتانی دیموکراسی و گەشەسەندوو، لێپرسینەوە و بەدواداچوون و چاودێریی دامەزراوەکانی جێبەجێکردن بە پایە گرنگەکانی سیستمی فەرمانڕەوایی تەندروست دادەنرێت، چونکە لەڕێگەی گەلەوە ئەندامانی پەرلەمان متمانە وەردەگرن.
دیارە یەکێک لە کێماسییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە چەند ساڵی رابردوودا، ئەوەبووە کە بە بەرنامە لە رێگەی هێزێکی کۆنەپارێزەوە دەزگایەکی گرنگی وەکو پەرلەمان بێ رۆڵ کراوە، ئەوەش وایکردووە زۆرێک لە بڕیاربەدەستان و دامەزراوەکانی جێبەجێکردن، ملکەچی لێپێچینەوە نەبوون، هەر لەبەر ئەمەشە یاساشکێنی لە بەرزبوونەوەدایە، هەندێک لە بەرپرسانیش ترسی چاودێری و لێپرسینەوەیان نییە و بە سانایی دەکەونە دوای ئارەزووەکانیان و بەرپرسیارییەتیەکەشیان دەخەنە خزمەتی بەرژەوەندییە کەسییەکانیانەوە.

بۆشایی گەورەی یاسایی
ئێستا باشووری کوردستان لە بۆشایی گەورەی یاساییدایە، چونکە پەرلەمان کۆتایی هاتووە و بەڕای زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسیش حکومەت وەکو دەسەڵاتی جێبەجێکردن کاربەڕێکەرە، ئەوەش دەرخەری نەنگییەکی گەورەیە لەبەردەم پرۆسەی سیاسیدا و قەوارەی هەرێم لە کار و بڕیارەکانیدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش دەخاتە جێی رامان و گومانەوە.

هەنگاوێکی گرنگە
دەکرێت بڵێین یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی پرۆسەی سیاسی لە باشووری کوردستان ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، خۆشبەختانە سەرەڕای دروستکردنی چەندین ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەکەدا، بەڵام دواجار دوای پێنج مەرسوم بڕیاردرا کە هەڵبژاردن لە 20/10ی  ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
لە کۆتاییدا پێویستە لەسەر هەموو هاونشتیمانییەک کە بەشداریی کارا بکات لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بە ئامانجی رەواندنەوەی مەترسییەکانی بەردەم قەوارەی هەرێم و نوێکردنەوەی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەی لەنێوان دەنگدەر و نوێنەرەکانیاندا هەیە، بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتر و پێشکەوتنی کوردستان کە تاکە دەریچەی تەندروست بۆ ئەو بابەتەش هەڵبژاردنێکی بێگەردە، جگە لەوە هیچ بژاردەیەکی تر لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا نییە.

گرنگی هەڵبژاردن بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی لەناو پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان

وتارەکانی نوسەر