شۆڕشی نوێی گەلەکەمان مێژووییەک لە شانازی

11:09 - 2024-01-08
شوان شێخە قەرەنی
241 خوێندراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی مێژووی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەکو بەشێک لە مێژووی هاوچەرخی کوردی بێ کێماسی نییە، بەڵام لە هەر بوارێکدا لێ بڕوانین پڕە لە سەروەریی گەورە، کە مایەی وانە لێوەرگرتنە و جێگەی شانازییە بۆ هەموو ئەوانەی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشداربوون لە خەباتی بێ پسانەوەی ئەو شۆڕشە مەزنەدا.

دەیانەوێت ئەو مێژووە ئاووژوو بکەنەوە
مخابن ئەوەی جێگەی داخە لەڕێگەی هەندێک بیرەوەری یاخود سەرچاوەی بینرا و بیستراوی ئاراستەکراوەوە، زۆرجاریش لەڕێگەی هەندێک لە نێچیرەکانەوە، جا بەمەبەست بێت یاخود بێ مەبەست، دەیانەوێت ئەو مێژووە ئاوەژوو بکەنەوە و لە بایەخی خەبات و قوربانییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەم بکەنەوە.
لە راستیدا بابەتی قسەکردن یان نووسینەوەی مێژوو کاری توێژێکی دیاریکراوە، کە مێژوونووسان و توێژەرانی بوارەکەن، بۆئەوەی لێتوێژینەوەی مێژوویی بکەن، بەڵام میدیای ئاراستەکراو لەڕێگەی ئەجێندای خۆی و کەسانی نەشارەزاوە لە بواری مێژوو، دەیەوێت وا وێنا بکات کە مێژووی شۆڕشی نوێ پڕە لە خەوش و لە گرنگی و بایەخی ئەو شۆڕشە خاوەن شانازی و سەروەرییە کەم بکەنەوە.
ئاخر شۆڕشێک لە دوای نسکۆ و بێهیوایی خەڵکی کوردستان دامەزرابێت و جارێکی تر بە خوێنی نوێ هاتبێتەوە گۆڕەپانەکە و جارێکی تر ئومێدی بە گەلێک بەخشیبێتەوە، هەر ئەوە گەورەترین سەرکەوتن و سەروەتە، کە دەکرێت تا هەتایە ببێتە جێگەی شانازی بۆ هەموو کوردێک، ئەوە جگە لە دەستکەوتە زۆر زەوەندەکانی تر، کە هەریەکەیان دەکرێ چەندین وانەی مێژوویی لێوە فێرببین و هەزاران لێکۆڵینەوەی مێژوویی لەبارەوە بکرێت.

ناهەقی گەورە
بەڵام جێگەی تێڕامانە! بەشێک لە بەناو تێکۆشەرانی دوێنی خەریکن گڕ لە خەرمانی سەرەوەرییەکان بەردەدەن، بەچاوی ئەمڕۆ شرۆڤەی رووداوەکانی مێژووی رابردوو دەکەن و لەهەمان کاتدا یەکپارچە رق و هەستیان زاڵە  بۆ ئەوەش ناهەقی گەورە بەرامبەر مێژووی پڕ لە شانازی و رابردوویان و خۆیان و شۆڕشەکەیان، لە پێناوی خۆ گەورەکردندا، دەیانەوێت یەکێتی و هاوسەنگەرەکانیان بچووک بکەنەوە.
لە کۆتاییدا دەکرێت یەکێتی وەکو حزب و خەمخۆرانی تۆمارکردن و نووسینەوەی مێژوویی کورد وەکو لێکۆڵەر، بێنە مەیدانەکە و سەرلەبەری ئەو مێژووە بخرێتە بەر نەشتەر، بۆئەوەی لایەنە باش و خراپەکانی ئەو دیرۆکە لەیەکتر هەڵاوێر بکرێت، ئەو کاتەش دەردەکەوێت، کە ئەو مێژووە پارچەیەکە لە مێژووی زێڕین و هاوچەرخی کورد، بۆئەوەش دەکرێ ئەو کەرەستەیە هەمووی بخرێتە خزمەت کەڵکی گشتییەوە، بۆئەوەی ئەزموونی لێوەربگرین و داهاتوویەکی پڕشنگدار بۆ گەلەکەمان فەراهەم ببێت و لە سایەیدا کوردیش بە کەناری ئارامی و مافەکانی بگات و خاوەنداری نیو سەدەی مێژووی راستەقینەی کورد لە باشووری کوردستان وەکو خۆی بمێنێتەوە.

وتارەکانی نوسەر